دیموکراتخوازێکی دیکتاتۆر

لەلایەن ستاندار Posted on 577 جار بینراوە

ئاری ئەحمەد
هیتلەر دەڵیت “درۆی گەورە بکە، ئاسانی بکە، بەردەوام بیڵێرەوە، بەم شێوەیە بڕوات پێدەکەن” ئەمە پڕەنسیپی زۆربەی سەرکردە دیکتاتۆرەکانە، میژوو سەلمینەری ئەوەیە کە هەمیشە سەرکردەکان وەک تاک ڕۆڵی گەورەو کاریگەریان بینوە لە وەچەرخانە گەورە مێژوویەکاندا، لەبەرئەوە گرنگە جەماوەر ئەو سەرکردەییەی هەڵیدەبژێرێت و متمانەی پێدەدات خویندنەوەیەکی دروست بۆ سایکۆلۆژیای بکات. سەرکردایەتی تێکەڵەیەکە لە ستراتیژو و کەسایەتی. ستراتیژ بایەخی ئەو تۆی نیە کە لە کەسایەتی سەرکردەدا هونەری سەرکردایەتی ڕاستەقیەن و خزمەتکاری میللەتی تێدا نەبێت، بۆیە پێویستە سەرکردەی فریودەر و دیکتاتۆر بناسینن، بزانین سەرکردەی فریودەر کێ یە؟ سەرکردەی فریودەر کەسایەتیەکە کە لەرێگای وتارە حەماسی و بریقەدارەکانی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لایەنگر لەخۆی کۆدەکاتەوە واتا پشت بە گەشەی پۆپۆلیستی دەبەستێت، کەڵکەڵەی ڕاماڵین و چنینەوەی غەنیمەتی سیاسی لەکەلەدایە، وە ناوەڕۆکی وتارەکانی فانتازیا و درۆی زۆری تیدایە زۆر کار لەسەر ڕەگەزپەرستی و ڕق و کینە دەکات و بەردەوام ئەم لێدوانەکانی دووبارە دەکاتەوە، یەکێکی تر لەسیفاتەکانی تاکڕەویە و لە لەبڕیارسازیدا خۆی بڕیاردەرە، گوێڕایەڵی کوێرانە پڕەنسیپی ڕاستەقینەی ژیانی ناو حزبەکەیەتی، و دەسەڵاتەکانی هەمووی بۆ خۆی قۆرخکردووە. واپیشاندەدات لەخەمی میللەتە و خۆی وەک ڕزگارکەر دەناسێنت، ئەگەر پرسیاری ئەوەی لێبکرێت ئامانجت گەیشتنە بە شیرینی دەسەڵات وسەرکردایەتی؟ لەوڵامدا بەفەزیلەتێکەوە دەڵیت من هیچ پێویستم بە سەرمایە ودەسەڵات نیە و دەمەوێت خەڵک خۆشگوزەران بژێت هەر لەو پێناوەدا هەوڵدەدەم.! بانگەشەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکات، بەڵام عەدالەتخوازێکی ستەمکارە. دیکتاتۆرە مۆدێرنەکان هەمیشە بەدوای ئەو هۆکارە مادی و مەعنەویانە وێڵن کە لەڕێگەیەوە دەتوانن زیهنیەتی میللەت کۆمەڵگا جڵەوگیربکەن، ئەگەر لە ڕابردوو دیکتاتۆرەکان پەنایان بۆ کودێتا بردبێت بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ئەوا ئەمڕۆ دیکتاتۆرە مۆدێرنەکان لەژێر ناوی دیموکراتخوازی و عەدالەتخوازی فیمینیزم و مافی مرۆڤ هەژموون پەیدادەکەن، فکرەی شۆڕشگێڕێکی وەک گیڤارا بۆ خۆیان لای میللەت گەڵاڵە دەکەن، لەناو کۆمەڵگا وەک پاڵەوانێکی پۆپۆلیستیی دەیانەوێت لەو پەڕی فاشزمی خۆیانەوە شەڕی فاشیزمان پێبکەن، بەڵام لەژێر ماسکەوە کەسایەتی چاوچنۆک و تینوی دەسەڵات و سەرمایەداری خۆی حەشارداوە، ، کاتێک یەکێک بیەوێت ماسکەکەیان لەڕوو لابدات، ڕووی ڕاستەقینەیان دەربخات، ئەوا بەتوندترین شێوە تەشهیر و تەخوینی دەکات و بە نەزان و دژە پێشکەوتن تۆمەتباری دەکات. مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو سەرکردە هەلپەرست و دیکتاتۆرانەی سواری شەپۆلی ناڕەزای میللەت بوون لە ڕێگای فریودانەوە گەیشتون بەدەسەڵات، کە جگە لە نەهامەتی و ماڵویرانی زیاتر هیچیان بۆ کۆمەڵگا و میللەتەکەیان نەهێناوەتە بوون، لە کۆمەڵگاکەی ئێمەدا هەلومەرجێک خوڵقاوە موعەرەزە بۆ دروستکردنی سەرەکردەی لەم جۆرە، کەسایەتی سەرمایەدار و تەماحکار ئەم دۆخە کۆمەڵایەتی و ئابورەییە نالەبارە بەئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و فریودان کۆمەڵگا زیرەکانە بەکاردەهێن، خۆیان وەکو کاریزما دەبینن کۆمەڵگا بەمێگەل، باس لە عەقڵ و مەنتیق دەکەن سەرسامن بەخۆیان میللەت بە خەڵەفاو و نەزان ودواکەوتوو دەبینن، سیاسەت لای ئەو تەنها تیجارەت و نیشتمانیش کاڵایەکە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن، بەم جۆرە خۆبایی بوونیان گەیشتۆتە کەشکەلانی فەلەک.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.