راپەڕین و بیست و نۆ ساڵ

لەلایەن ستاندار Posted on 433 جار بینراوە

دلاوەر شێخ محمد هرکی

لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە 5 ــ 3 ــ 1991 ، کە 29 ساڵ بەسەر راپەڕینی گەلی باشوری کوردستان تێدەپەڕێت، کە بە راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 ناسراوە ، دەبێ ئەوە وەکو وێردی سەرزارمان بۆ نەوەکانی ئێستا و ئایندە و بۆ مێژوو دووبارە بکەینەوە بۆ یەكەم جار راپەڕینی خەڵكی كوردستان لە رانیە دەستی پێكرد، هەمان رۆژ رانیە، چوارقوڕنە، دەشتی بێتوێن، حاجیاوا و سەركەپكان ئازادکران، پاشان سلێمانی و شارو شارۆچکەکانی دیکەی کوردستانی گرتەوە و رژێمی بەعسی رووخا و پێیە پیسەکانیان لەم خاکە هەڵگیران و ڕاونران.
ئەمە خواستێکی سروشتی گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادیی و سەرفرازی و ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو ستەم و زۆردارییەی لێی دەکرا ، دەبێ خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی گەل و یەکگرتوویی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و سەرجەم خه‌ڵكی کوردستان هەر گیز لە بیر نەکەین.
بەکورتی با ئەو ڕۆژانەتان بەبیر بێنمەوە ، کە تازە تەمەنم یانزدە ساڵ دەبوو ، قوتابی پۆڵی پێنجی سەرەتایی بووم .
لە 7 ــ 3 ــ 1991 خەڵکی سلێمانی راپەرین و بۆ بەیانییەكەی ئەمنە سوورەكە و معەسكەر سەلامیان كۆنتڕۆڵكرد.
8 ــ 3 ــ 1991 لە چەمچەماڵ، هەڵەبجە، عەربەت، زەرایەن، پیرەمەگرون راپه‌ڕین دەستیپێكرد.
9 ــ 3 ــ 1991 خەڵکی كۆیە، شەقڵاوە، ئۆردگای باسرمە راپەڕین.
10ی ئازاری 1991 خەڵکی شارۆچكەكانی سۆران، رواندز، حاجی ئۆمەران، مێرگەسور، چۆمان، سپیلك، خەلیفان، هەریر، باتاس، مەسیف، تەقتەق، ئاغجەلەر، قەرەهەنجیر راپەڕین.

بەیانی زوو 11ــ 3 ــ 1991 خەڵکی شاری هەولێر راپەرین و کۆمەڵگەکانی كەسنەزان، بنەسڵاوە، دارەتو، قوشتەپە، شاوێس، پیرزین، مەلائۆمەر، جدیدە، تۆبزاوە، كەورگۆسك، بەحركە، بەرحوشتر و سێبیران ئازادكران و بەرەو ناحیەی رزگاری و قەزای خەبات بەلێشاو بەچاوی خۆمم بینی هێزەکانی ڕژێم بە پیادە و تاک و جووت و کۆمەڵ کومەڵ فەیلەقی پێنجیان بەجێێشت و هەڵاتن ، وێنەی خوێنڕێژی چارەگە سەددەیەک لەسەر قوتابخانەی سێبیران درایە بەر گولـلە ، وەکو توڕەییەک ، هەندێ لەو هێزانەش کوردبوون ، کە لەناو سوپا رووخاوەکەدابوون ، هەبوو ئەوکات دیل و ئەسیری دەکوشت ، ئەمە زۆر بێ بەزەییانە بوو ، بەو مناڵییەی خۆم نەمدەتوانی هەزمی بکەم ، سێ چوار کەس خۆیان کرد بە کۆڵانەکەماندا و باوکم ، فەرموویان لێ کرد و هەر لەگەڵ سڵاو کردن بەکوردی ڕەوان قسەیان دەکرد و خۆیان ناساند ، وتیان ” ئێمە خەڵکی سلێمانیین ” جل و بەرگی عەسکەرییان دانا و جل و بەرگی کوردییان لەبەر کرد و دوای نان خوارد و پشوویەک ماڵی ئێمەیان بەجێهێشت و ڕۆیشتن .
12 ــ 3 ــ 1991 خەڵکی جەلەولا و خانەقین راپەڕین و هەمان رۆژ مەخمور، ئاكرێ، بجیل، سورچیایەتی، بەردەرەش، دینارتێ، زێبار، شێخان ئازادكران.
13 ــ 3 ــ 1991 خەڵکی زاخۆ، دەشتی سلێڤان، راپەڕین. لە سنوری كەركوكیش شارۆچكەی پردێ ئازادكرا، لە گەرمیانیش كەلار و جەبارە ئازادكران.
14 ــ 3 ــ1991 خەڵکی شاری دهۆك راپەڕین و هەمان رۆژ ناوچەكانی زاوێتە، سەرسەنگ، دێرەلوك، شێلادزێ، ئامێدی، بامەڕنێ، دوای هەندێ بەرگری ئازادکران.
15ــ 3 ــ 1991 خەڵکی شارۆچكەی سمێل راپەڕین.
16ــ 3 ــ 1991 سەربەشاخ و قەرەچوخ و مەخمور ئازادكران.
18 ــ 3 ــ 1991 شارۆچكەی پردێ و دەوروبەری ئازادكرا.
19 ــ 3 ــ 1991 دەوروبەری شاری کەرکووک ئازادكرا.
20 ــ 3 ــ 1991 جەماوەری شاری کەرکووک راپەڕین شارەكە ئازادبوو.
21 ــ 3 ــ 1991 ئاگری نەورۆز لە کەرکوک كرایەوە شەڕ لە معەسكەر خالید بەردەوام بوو.
رۆژی 27ــ 3 ــ1991، سوپای عێراق کەرکوکی گرتەوە و بۆ رۆژی 31ی ئاداری1991 سوپای عێراق هەولێریشی گرتەوە و كۆڕەو دەستیپێكرد .
بەیانی سی و یەکی مانگ ئێمە بە تەراکتۆرەکەمان و بە دوو عارەبانەی پێکەوەگرێدراو لە سێبیران بەرەو میرانخور بەڕێکەوتین ، لە قەراغ رووبارەکە لای هەولێر پڕ ئۆتۆمبێڵ بوون خەڵک خۆی لە رووبار دەدا و ئۆتۆمبێڵی بەجێ دەهێشت ، بە پیادا بەرەو ئەو بنارە دەچوون .
باپیرم هەزار رەحمەتی لێ بێ لەگەڵ مردووی سالحان ، وتی .. واللە ماڵەوە بەجێ ناهێڵم و بەجێشی نەهێشت ، بۆ زانیارییات لە سی و یەکی ئابیش دیسان باپیرم ماڵەوەی بەجێ نەهێشت.
ئەمە هەمووی دژی ستەم و زۆرداری بوو ، ئیتر دواتر کۆڕە و یەکەم قۆناغ دامەزاندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بوو .
یەكەمین ئە‌زموونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە‌شێوە‌یە‌كی دیموكراسی بە‌پێی یاسای ژمارە‌ (1)ی بە‌رە‌ی كوردستانی لە‌ 19\5\1992 بە‌سە‌رپە‌رشتی و چاودێری نوێنە‌رانی چە‌ندین رێكخراوی بیانی لە‌بواری مافی مرۆڤ و دیموكراسی و ئە‌ندامانی پە‌رلە‌مانی وڵاتانی ئە‌وروپا و رۆژنامە‌نووسانی بیانی تێیدا بەشدارییان کرد.
زۆری نەبرد شەڕی براکوژی دەستی پێکرد و مەسەلەی پەنجا و یەک و چل و نۆ دروست بوو لەگەڵ ملمڵانێی گورمرگ و دەسەڵات .
دواتر ئاشتەواییەکەی ساڵی 1998واشنتۆن هەناسەیەکی نایەوە بەر لاشەی شەکەتی کوردستان و دووەم پرۆسەی هەڵبژاردن ، لە‌ رۆژی 30 /1/ 2005 خولی دووە‌می هەڵبژاردنە‌كانی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، كە هاوكاتی هەڵبژاردنە‌كانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌ بوو تێیدا 1.753.919 كە‌س بەشدارییان كرد.
ئەمەش یەكەمین هەڵبژاردنی گشتی بوو ‌دوای روخانی رژێمی سەدام لە كوردستان و عیراق ئەنجام بدرێت.
لەو هەڵبژاردنەدا دانیشتووانی كوردستان جیا لە دانیشتوانی ناوچە‌كانی دیكەی عیراق، لەیە‌ك كاتدا دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی سێ ئەنجومەنی جیاوازدا، كە بریتی بوون لە(ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان- عیراق ‌لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك – ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق – ئەنجوومەنی پارێزگاكان)
سێیەم پرۆسەی هەڵبژاردن
رۆژی 25/7/2009 هەڵبژاردنی خولی سێیە‌می هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبوونی چە‌ندین چاودێری نێودەوڵەتی و بیانی وعەرەبی و ناوخۆیی بەڕێوە‌چوو.
لەو هەڵبژاردنەدا نەخشەی سیاسی پەرلەمانی كوردستان گۆڕانكاری بەسەرداهات، بەشێوەیەك كە بۆ

یەكەمجار لەناو پەرلەماندا، لانی كەم چوار هێزی سەرەكی هەبوون، نەك دووهێز وەك لە خولی یەكەم و دووەمدا تێبینی دەكرا كە یەكێتی پارتی بوون، ئۆپۆزسیۆن لە دایکبوو ، ئەوکات خۆم لەسەر سندوقەکانی هەڵبژاردن بووم ، لە پێناو دەنگێک چەندین مرۆڤ سووک دەکران ، وەهەروها مرۆڤیش هەبوو ، چەندین دەنگی دەدا لە دەنگی مردووانەوە تاکو ….هتد.
هەر چۆنێک بێ یەکەمجار گوێبیستی داواکاری گەل بووین لەناو پەرلەمان ،لێ ئەمەش زۆری نەخایاند و ئەم ئۆپۆزسیۆنەش توایەوە.
چوارەم پرۆسەی هەڵبژاردن
رۆژی 21/9/2013 پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی چوارە‌می پەرلەمانی كوردستان بەسیستمی نیمچە‌كراوە‌ بەڕێوە‌چوو.
لە ساڵی 2014شەڕێک یەخەی گرتین ، ڕاستە ئینتیمای تاکی کورد لەو شەڕەدا لەپاڵ هێزی پێشمەرگە لە هەموو چین و توێژەکانەوە خۆبەخش دروست بوو ، بۆ بەرگریکردن لە خاک و شەرەف ، ڕێک لەو ئێوارەیەدا ، کە ئەم وتارە دەنوسم ئەو ئێوارەیەم بەبیردێتەوە بە خۆبەخشی لەگەڵ کۆمەڵێ خزم و دۆستانمان بەرەو سەنگەرەکانی چووین و لە نزیک خازر بەرگریمان کرد لە خاک و شەرەف دژی تیرۆریستان.
پێنجەم پرۆسەی هەڵبژاردن
رۆژی 30-9-2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
شەڕی براکوژی و سی و یەکی ئاب و شانزدەی ئۆکتۆبەر سێ تیری ژەهراوی بوون ، راون لە جەستەی ماندووی ئەم هەرێمەمان ، لەپاڵ ئەمەش دا دوای 2003 نوخبەی سیاسی ئێمە دەبوایە لە کەوتنی ڕژێم و لاوازی بەغدا هەرێم بەهێز بکەن ، کەچی چوون زامە شێرپەنجەییەکەی بەغدایان تیمار دەکرد ، کە تاکو ئێستا ئەم زامە نە سارێژ بووە و نە ئەم نەخۆشە دەمرێ .
لە کۆتاییدا دەڵێم .. ئێمە لێرە ماندووین ، نەوەیەک پێگەشتووە ، لە دوای راپەڕین تەمەنی نزیکە لە سی ساڵێک و نە خانووی هەیە و نە دەمەزراوە و نە بڕوای بە ئایندەی خۆی هەیە ، درەنگە و زۆریش تێپەڕیوە ، بەڵام هێشتان تروسکایی ئومێدێک ماوە ، ئەگەر نوخبەی سیاسی دەست هەڵبگرێ لە کێشمەکێشم و چاوچنۆکی دەسەڵات و کۆکردنەوە و گڵدانەوە و پارە خستنە ژێر بانکەکان ، لە حزبەکان جێی نەوەی دوای راپەڕین بکەنەوە و یەکە ئیداری و کارگێڕی و هەندێ وەزارەتەکان ئەوان تێیدا خۆیان ببیننەوە و ئەم نەوەیە بێتە گۆڕەپانی خەبات و خۆی لەو ئاوێنەیەدا ببینێتەوە ئەوا ئیدامە بە دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین دەدرێ و ئامانجە هەرە گەورەکەش ، کە بوونی دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆیە دێتە دی ، بەپێچەوانەوە ئایندە شتێکی گەورە ناخولقێنێ و بازنەکە هەر دووبارە دەبێتەوە و نازانین ئیتر راپەڕین و بیست و نۆ ساڵ تا چەند ساڵی تر لەسەر سک ڕامان دەکێشێ ، وای لێ هاتووە ئێمەش ئومێد بە دووبارە چوونەوە شاخ ببەین ، بەشکو بەخت یاوەر بێ و ئێمەش لە شاخ هەندێ خەبات بکەین و بڵێین ئێمە خەباتمان کردووە و نەوەی ئێستا بێ ئاگایە لەوەی دوێنێ چ روودراوە !

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.