ڤایرۆسی کۆڕۆنا و کاریگەریە خراپەکانی لەسەر بواری نەوت و گاز

لەلایەن ستاندار Posted on 475 جار بینراوە

هانا سەردار/ شارەزای بواری نەوت و گاز

وەک ڕوون و ئاشکرایە لای هەموومان زۆرترین قسە و باسی ناو تیڤیەکان و سۆشیاڵ میدیا و نێوان خەڵک و زۆربەی شوێنەکان باس باسی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و بڵاوبوونەوە و مەترسیەکانیەتی لە هەموو وڵاتان، زۆربەمان وەک مەترسیەکی جدی لەسەر تەندروستیمان لێی دەڕوانین.

بەڵام ئەم ڤایرۆسەش تەنها وەک هۆکارێکی نەخۆشی و مردن ڕانەوەستاوە، بەڵکو کاریگەری خراپی لەسەر زۆربەی بوارەکانی تریش هەیە، لە ناویشیاندا بواری نەوت و گاز و دابەزینی نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهاندا، کاریگەریەکەشی بە جۆرێکە کە چەندین ساڵە ئەو دابەزینە لە نرخەکەیدا ڕووینەداوە، کە ئەم بوارەش بێ گومان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سەرجەم بوارەکانی تری وڵاتان و ژیانی خەڵک دروست دەکات، ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بێت و دابەزینی زیاتر تێیدا ڕووبدات.

هەروەها دابەزینی نرخی نەوت و گازیش تەنها هۆکاری ئەم ڤایرۆسە نیە بەڵکو وەک دیارە بەربەرەکانێ و ململانێی نێوان وڵاتانی ڕوسیا و سعودیاش وەک دوو وڵاتی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت و گاز لە جیهاندا کاریگەری زۆر خراپ بەسەر ئەو بوارەوە و ئابوری وڵاتانەوە دروست دەکات.

بە تایبەتیش لەو وڵاتانەی کە زۆربەی داهاتی سەرەکی وڵاتیان لەسەر کەرتی نەوت و گازە زیاتر کاریگەریە لاوەکیەکەیان لێ دەردەکەوێت، لەوانەیە توشی کەم بوونەوەی داهاتی وڵات و هەروەها توشی کەمی جوڵەی ئابوری و زیاد بوون و کەڵەکەبوونی قەرزاری ببن، عێراق و کوردستانی خۆشمان لەو وڵاتانە کە زۆربەی بودجەی وڵات لەو کەرتەوەیە و لەوێشەوە بڵاو دەبێتەوە بۆ سەرجەم بوارەکانی تر.

بێگومان خۆڕاگری خەڵک و حکومەتێکی دادپەروەر و خزمەتکاری خەڵک و دژە گەندەڵی دەتوانێت سەرکەوتن بە سەر ئەو قەیرانەدا بهێنێتە ئاراوە لەئەگەری ڕوودانیدا کە بۆ ئەمەش هەم ئەرک دەکەوێتە سەر شانی حکومەت هەم ئەرک دەکەوێتە سەر شانی هاوڵاتی بۆ بەرەنگار بوونەوەی و سەرکەوتن لەم قەیرانەدا.

ئەرکی سەرشانی حکومەتە ئەگەر بەنیازی چاکسازی ڕاستەقینە بێت، پەلەی تێدابکات و هەموو بوارەکان بگرێتەوە و سەرچاوەکانی بودجە فراوان بکات و تەنها پشت بە بواری نەوت نەبەستێت چونکە لەگەڵ هەر گۆڕانێک لە نرخی نەوت و گاز دا و دابەزینی نرخەکەی ئەگەری درووست بوون و دووبارەبوونەوەی قەیران دەبێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دەبێت و ئەگەر زیادبوونی ناڕەزایەتی هاوڵاتی زیاتر و زیاتر دەبێت.

هەروەها بە تەنها تەرکیز خستنە سەر ڕوو بە ڕوو بوونەوەی ڤایرۆسەکە کارێکی هەڵەیە بەڵکو پێویستە لەپاڵ تەرکیزی زۆر خستنەسەر ڕوو بە ڕوو بوونەوەی ڤایرۆسەکە ڕێگە لە هەرەسهێنانی بواری ئابوریش بگرێت و بە تایبەتیتریش بواری کشتوکاڵ لەم کاتەدا گرنگیەکی زۆری پێ بدرێت بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆی چونکە هەر وەک دەزانین بواری گەشتیاریش دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.

ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیشە کە ڕێنمایە تەندروستیەکان بۆ ڕوو بە ڕوو بوونەوەی ڤایرۆسەکە وەک ئەرکێکی ئینسانی و ئاینی و ئەخلاقی جێبەجێ بکەن، ڕێگە لە قورسبوونی ئەرکی سەرشانی هەمووان بگرن، هەروەها گرنگی زیاتریش بە لایەنی ئابوری بدەن و ئەو بابەت و شتومەکانەی کە زۆر پێویست نین نەیکڕن
چونکە ئێمە لە جەنگێکداین کە دوژمنەکانیان بە ناوماندا بڵاوبۆتەوە و نادیاریشە، ئەگەر ڕێگەی لێ نەگرین هەر ڕۆژەی زەرەد لە یەکێکمان دەدات، بواری ئابوری هەر تاکێکمان لاواز دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.