په‌يامه‌كانى كۆرۆنا

لەلایەن ستاندار Posted on 642 جار بینراوە

شێرزاد شێخانى

جاده‌ چۆڵ وسێبه‌ره‌ . كاتى به‌يانى .. كاتى نيوڕان و ، كاتى ئێواران !! .
شار خامۆش و بێده‌نگه‌ ، كش ومات !! . چايخانه‌كان چۆڵن ، چێشه‌تخانه‌كان به‌تاڵ . بازاڕ داخراوه‌ ، يه‌ك هاوار بكه‌ى ، سه‌داى ده‌نگت له‌ده‌ره‌وه‌ى شار‌ ده‌بيسترێ !!..
گوێت له‌ده‌نگى كاسبكارانى شێخه‌ڵڵا نابێ .. موكه‌بيره‌ى سه‌ر عاره‌به‌كانيان بێده‌نگن .. ( هه‌رگره‌ ، چارى به‌هه‌زار ) . ( ئه‌نواع و ئه‌شكال به‌ دووسه‌دو په‌نجا ) . ( ته‌ماته‌ به‌هه‌زار ) ئه‌وانه‌ ده‌نگوسه‌داى رۆژانه‌ى شار بوون .. ئێستا هه‌ست ده‌كه‌م چه‌نده‌ ده‌نگێكى خۆشتر بوون له‌سه‌مفۆنياكانى مۆزارت وبێتهۆڤن ..
پياوه‌ ئه‌ختياره‌ ته‌سبيحفرۆشه‌كانى پێش ده‌ركه‌ى مزگه‌فتى خانه‌قاش باريان كردو رۆيشتنه‌وه‌ ماڵ !. ده‌نگى ته‌قه‌ى دۆمينه‌ى خانه‌نشيينه‌كانى باغى شاريش نه‌مان !. پاكه‌تفرۆشه‌ به‌نگه‌لاديشيه‌كان چوونه‌وه‌ كه‌لاوه‌كانيان و ئوتێله‌ سفر ئه‌ستێره‌كان !.
عه‌جايب !!!.
سه‌يرانگه‌كان داخران ، ئيدى مه‌نجه‌ڵى بريانى وسينى دۆڵمه‌كان كراشه‌ ناكه‌ن . خۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ى به‌ر هه‌تاوى به‌هارانيش نه‌ما . شايى وهه‌ڵپه‌ركێى سه‌يرانانيش نه‌مان !
يارى ريال و به‌رشه‌لۆنه‌ له‌كافيترياكان به‌ده‌م نێرگله‌كێشانه‌وه‌ش نه‌ما و ‌ بوون به‌ رابردوو !.
عه‌جايب !!! .
گه‌ڕاجه‌كانى ته‌عجيل وعاره‌بان چۆڵ و هۆڵن ، له‌كوێت ده‌وێ سه‌ياره‌كه‌ت راگره‌ . باغى نيشتمان نافووره‌كانى وه‌ستان . جاده‌ى ئيسكان زوو ده‌خه‌وێ . ته‌يراوه‌و سه‌يداوه‌ سێتاقان ، ته‌نها منداڵه‌كانيان له‌كۆڵانن !.
ژيان سه‌رتاپاى گۆڕا به‌هۆى بوونه‌وه‌رێك كه‌ به‌چاو نابينرێ . ئاى له‌و مرۆڤبوونه‌ چه‌نده‌ به‌ئه‌ندێشه‌و ئازاره‌ ؟؟.
جياوازى ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار نه‌ما ، هه‌موويان له‌كونجى يه‌ك زيندانن . نه‌ موڵك و سامانى ده‌وڵه‌مه‌ندان ، نه‌ نوێژو له‌خوا پاڕانه‌وه‌ش دادى هه‌ژاران نا‌دات !. جياوازى له‌نێوان سياسه‌تمه‌دارو هاوڵاتي ئاساييدا نه‌ما . له‌نێوان پاره‌دارو ده‌رۆزه‌كه‌ردا نه‌ما ، له‌نێوان زاڵمو مه‌زڵومدا نه‌ما ، هه‌موويان يه‌كسانن به‌رامبه‌ر ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ دڕنده‌يه‌ .
بوونه‌وه‌رێك بچووكتر له‌ سه‌رى ده‌رزى ، ده‌يان وڵاتى زه‌به‌لاحى دونياى هێناوه‌ته‌ له‌رزين .. گه‌وره‌ترين سوپاى دونيا و كوشنده‌ترين بۆمبى ئه‌تۆمى ، كاريگه‌رترين چه‌كى كۆكۆژى به‌رامبه‌ر ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ ده‌سته‌وه‌ستانن !! .
باوك ناوێرێ جگه‌رگۆشه‌كه‌ى له‌باوه‌ش بگرێ . كوڕ ناوێرێ ده‌ستى دايكى ماچ بكا !! . حه‌بيب ناوێرێ ده‌م بخاته‌ ناو ده‌مى حه‌بيبه‌وه‌ !. ئه‌وه‌ چ غه‌زه‌بێكه‌ خوا نازڵى كردووه‌ به‌ سه‌ر مرۆڤايه‌تيدا ؟؟.
ژيان سه‌رتاپاى گۆڕا ، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌واميش ده‌بێ.. گرنك ئه‌وه‌يه‌ په‌ندو عيبره‌ت له‌م په‌تايه‌ وه‌ربگرين :
– ئيدى ئينسان بزانێ سه‌روه‌ت و سامانى دونيا به‌كه‌ڵكى هيچ نايه‌ت .
– كوشتن و له‌ناوبردن و حيقد و كه‌ڕاهييه‌ت دادى كه‌س نادات .
– زوڵمو زۆردارى ده‌سه‌ڵاتداران تا سه‌ر نابێت .
– جياوازى ئايين وشه‌ڕى مه‌زهه‌بى هيچ سوودێكى نيه‌ .
ئه‌م په‌تايه‌ پێى وتين :
– دروستكردنى خه‌سته‌خانه‌ زۆر له‌پێشتره‌ له‌ دروستكردنى سه‌ربازگه‌ى سوپا .
– كه‌رتى ته‌ندروستى زۆر له‌پێشتره‌ له‌ده‌زگاى موخابه‌راتى .
– دابينكردنى پێداويستيه‌كانى ژيانێكى به‌كه‌ڕامه‌ت بۆ هاوڵاتيان زۆر له‌پێشتره‌ له‌ دزينى سامانه‌كه‌ى .
ئه‌وه‌تا به‌هۆى ئه‌و په‌تايه‌وه‌ كه‌س خێروخۆشى له‌ پاره‌ دزراوه‌كانيشى نابێنێ .
خوداى گه‌وره‌ له‌ قورئاندا فه‌رمويه‌تى ” فأما الزبد فيذهب جفاء وأما ما ينفع الناس فيمكث في الأرض كذلك يضرب الله الأمثال ” صدق الله العظيم .. واتا كه‌فوكۆڵى سه‌ر ئاو ئه‌توێنه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ى سووديش به‌ مرۆڤ ده‌گه‌يه‌نێ له‌سه‌ر ئه‌رز ئه‌مێنێته‌وه‌ ..
ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترين ده‌رسه‌ له‌خواوه‌ ئه‌گه‌ر تێيبگه‌ين . باقى وه‌لسه‌لام ..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.