کۆڕۆنا سەردەمێک بۆ پاکبونەوە و گێڕانەوەی ماڵی خەڵک

لەلایەن ستاندار Posted on 227 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

بەردەوامی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ئەم دۆخەی دروستی کردوە ڕوەو داتەپینی بەشێک لە ئابوری جیهان هەنگاو دەنێت، بۆیە هەر وڵات و کۆمەڵگایەک بە شێوەی جیاوازو بە پلە بەندی و ڕیز بەندی جیاواز پریشکی بەردەکەوێت بەشێک بە وێران بونی ئابوری و بەشێک بە زیانی زۆر و بەشێک بە کەمترین زیان،ئەوە لە گەورەترین زیانی گیانی مرۆیی بگەڕێین کە هەم دیسان ڕوبەڕوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەبێتەوە .

هەرێمی کوردستانیش لەم دۆخە بەدەر نیە و بەدەر نابێت . ڕاستە لە هەرێم ڕوە ئابوریەکەی وەک وڵاتێکی گەورەی پیشەسازی نابێت وەک چۆن بە بەراورد بە ڕێژەی دانیشتوان و نزیکیمان لە وڵاتێکی توشبوی وەک وڵاتی ئێران تا ئێستا کەمترین بەرکەوتەی پریشکی ئەم ئاگرە بوین بەڵام کۆتایی نەهاتوەو داهاتوو حوکمدەدات کە ئایا :
٭ خەڵک چەند پابەندی کەرەنتینی گشتی و خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستیەکان دەبێت ؟
٭ حکومەت دەتوانێت چەند بە بەرنامە خەڵک بپارێزێت لە توشبوون بە دۆخێکی ئابوری و دارایی قورستر لەم دۆخەی ئێستاو نەیگەیەنێت بە کەناری کارەسات؟

باوەڕم وایە قەیران ڕوو لە شوێنێک و ناوچەیەک وکۆمەڵگایەک دەکات کە ئەم کۆمەڵگایە لە ڕابردوو لەناو قەیران نەبوبێت و تێیدا نەژیابێت بە بەردەوامی، چونکە ئەوەی لە قەیران ژیابێت لە قەیران دەردەچێت و بەرەو کارەسات و نەهامەتی هەنگاو دەنێت و ماڵوێرانی ڕوی تێدەکات ، کە بەداخەوە هەرێمی کوردستان لەم جۆرە کۆمەڵگایانەی ژیاندایە .
وەک چۆن لە کۆڕۆنادا هەرێم بێ بەش نەبوو بەهەمان شێوەش لە دۆخە داراییە خراپەکە بێبەش نابێت و دوچاری دەبین بەڵام باوەڕم وایە کە بەهۆی پابەندبونی هاوڵاتیان بە خۆ پارێزی و کەرەنتینی گشتی لە ژمارەی توش بوون بە کۆڕۆنا جیاوازترو باشتر دەبین وەک بەراورد بە دۆخی ئابوری کە لەدەست هاوڵاتی نیە و لە ژێر ڕەحمی دەسەڵات بەدەستانی هەرێم و ئەو پێشینە خراپەی حکومەت هەیبوە لە جۆرو شێوازی حوکمڕانی لە ڕابردوودا . بۆیە باوەڕم وایە دۆخە ئابوریەکە بۆ هەرێم و دانیشتوانەکەی زۆر قورس دەبێت . چونکە ئەم دۆخەی دروستبوە جیهانیەو هەرێمیش دەگرێتەوە، بەڵام قورستر چونکە :
یەک/ هەرێم لە پێشودا بنیادنراو نەبوە بنەمایەکی پتەوی بۆ دروست نەکراوە بۆ ڕوبەڕووبونەوە. شێوازی حوکمڕانی نەیتوانیوە بیکات بە قەلغانێک بۆ ڕوبەڕووبونەوەی قەیران و کارەسات یاخود قەلغانێک دروست بکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تەنانەت ڕوداوێکی نەخوازراوی ناوچەیی چ جای جیهانی، چونکە داهێزراوە بە گەندەڵی و مافیاگەری و
بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی میلەت .

دووەم / ئەگەر لە دۆخێکی هەرێمی و ناوچەیی و ناوخۆیی، هەرێمی کوردستان توشی هەر ڕوداوو کارەساتێک دەبوو ئومێد هەبوو دۆستان و مرۆڤ دۆستانی جیهان لە وڵاتانی دنیا بەهانای هەرێم و خەڵکەکەی و دەسەڵاتەکەی دەکەوتن، بەڵام لە ئێستادا وڵاتان بە هاوکاری و کۆمەکی هاوڵاتیانی خۆیان ڕادەگەن ئەگەریش بتوانن ئەمە بکەن بۆخۆیان نەک دەرەوەیان . کەواتە لەمەشدا ئێمە بێ ئومێد دەبین لەو هاوکاریانەی کە ئەگەر هەبوو لە دۆخێکی تر هاوکار بن . وڵاتان ئەم پەندەیان وەک خۆی نیە بەڵام جێبەجێی دەکەن لەم دۆخەدا [ تا ماڵ پێی بوێ مزگەوت بەتاڵە] .

سێ / لەم دۆخەی ئێستای عێراق و تایبەت تر پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، ئاماژەن کە بەغداد نابێت بە هاوکارێکی باش بۆ تەپەڕاندنی هەردۆخێکی نەخوازراو کە ڕوو لە هەرێم دەکات قەیرانە قوڵتر دەکات، چونکە ئەگەر عێراق خۆی بە خاوەن نەکات و نەوتیش بەم شێوەیە بێت یا جۆرێک لە پەیوەندی عێراق ناچار بە هاوکاری هەرێم نەکات بەو دۆخەی خۆشی تێیکەوتوە بارتەقای دەوڵەت بونی، ئەوەندەی تر هەرێم دابڕاوتر دەکات . هەر قەیران و کارەساتێک بۆ هەرێم زیان و لێکەوتە خراپەکانی زۆرتروزێدەتر دەبن لەهەر کاتێکی تردا .

کەواتە :
یەکەم / خەڵک دەبێت خۆی خەم لەخۆی بخوات پێش ئەوەی چاوی لەوە بێت حکومەتی هەرێم مشوری بخوات،
لەڕوی تەندروستی و خۆپارێزی و کەرەنتینەوە چونکە حکومەتێکی میرات فاشل و وێرانە ناتوانێت لە چەند مانگێک لە دۆخێکی وادا هیچ بکات .
دووەم / ئەوەی پەیوەندی بە باری دارایی هەیە، خەڵک دەبێت بەهەمان شێوەی لایەنی تەندروستی خەمخۆری دۆخی دارایی خۆی بێت لە شێوازی خەرجیدا چونکە بەردەوامبونی دۆخەکە بەم شێوازە داهات و خەرجی ئەگەر بەو ناهاوسەنگیەی ڕابردوو بێت و لەمەبەدوا خەرجی دەستی پێوە نەگیرێت، ژیانی قورس و هیلاکی لە پڕکردنەوەی پێداویستی سەرەتایی لە خۆراک و خواردنی سەرەتایی بەدوای خۆی دەهێنێت . بۆیە دەست بە پارەوە گرتن و تەنانەت دیاریکردنی شێواز و جۆری خواردنیش دەبێت کارێکی حساب بۆ کراو و لە پێشینە بێت .

سێ یەم / بۆ تێپەڕکردنی دۆخێکی نەخوازراوی پێشبینی کراوی ئاوا، باشترین کارێک بۆ ئەوانەی لە چەند دەیەی ڕابردوی حوکمڕانی هەرێم لەو پەڕی دەستکراوەی دەستیان بۆ قوت و سەروەت و سامانی ئەم میلەتە بردوە و تاڵانکاریان تێیدا ئەنجامداوە بەهەر ڕێگەو شێوازێک و بەهەر جۆرە بەشداریکردنێک . باوەڕم وایە باشترین پاکبونەوە لە گەندەڵی و دزی و مافیاگەری کە لە ڕابردوو ئەنجامدراوە ئەم دۆخەیە، بۆ ئەوانەی چەندین ساڵە قوتی ئەم خەڵکە دەخۆن، دزی و گەندەڵی لە سامانی ئەم میلەتە دەکەن ، بوبونە مشەخۆر بەسەر داهاتی هەرێمەوە . ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ دەرهێنانی پارەکان و هێنانەوەیان جا لە شێوەی خێرە، یارمەتیە، هاوکاریە، بەخشینە ، مرۆڤ دۆستیە ، نەتەوەو نیشتمان پەروەریە یا ئاین دۆستی و شاریبوونە. باشترین کاتە بۆ پاکبونەوە، بۆ ئاشتبونەوە و گەڕانەوە بۆ نیشتمانی بون و نەتەوەیی بوون و مرۆڤدۆستی ڕاستەقینە،
جا ئەوانە کەسن یا بنەماڵە، حزبە یا خاوەنی کۆمپانیا ، لە حکومەت گەندەڵی کردوە یا بەناوی حزب ،بەناوی فەرمانداری و شۆڕشگێڕی بوە یا لە هەر یەک لە کەرتەکانی تر .
ئێستا کاتیەتی
دەتانەوێ هەنگاوێک بنێن بەرەو لێخۆشبونی خودا .
دەتانەوێ گەل و نەتەوە لێتان خۆشبێت فەرموون .
دەتانەوێت مێژووتان پاک بێتەوە و داهاتوو بۆ نەوەکانتان وناوتان زێڕین بکەن .
فەرموون ئێستا کاتی ئازایەتی و مەردایەتی و لێخۆشبوون و پاکبونەوەیە لە خراپی و پیسیەکانی ڕابردوو ، چیتان بردوە چۆنتان بردوە بیگەڕێننەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی کە خەڵکانێکن چاوەڕێ دەکرێت دۆخی قورستری ژیان بە بەراورد بە ڕابردوو تێپەڕ بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.