مرۆڤایه‌تی و ترس له‌ كۆرۆنا

لەلایەن ستاندار Posted on 339 جار بینراوە

دانا مه‌نمی

ترس له‌ ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و دیاردانه‌ی كه‌ ڕۆڵێكی به‌رچاو و دیاریكه‌ری هه‌یه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندن و كامڵبوونی مرۆڤدا، ترس له‌ به‌ره‌به‌یانی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا بوونی هه‌بووه‌ ، هیچ ساتێكی مرۆڤایه‌تی نادۆزرێته‌وه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی ترس داگیری نه‌كردبێت، هه‌ر بۆیه‌ ترس به‌ یه‌كێ له‌و فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كییانه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ بایه‌خێكی یه‌كجار زۆری له‌ لایه‌ن سایكۆلۆژیا و ده‌روونشیكارییه‌وه‌ پێدراوه‌ و به‌رده‌وام جێی مشتومڕ بووه‌.

ترس سه‌رچاوه‌ی هه‌ست و سۆزی مرۆڤه‌ ،له‌زۆربه‌ی شاشه‌ی تیڤیه‌كانه‌وه‌ دیمه‌نی به‌ربڵاوی په‌تای كۆرۆنا له‌ڕۆژهه‌لاته‌وه‌ بۆ ڕۆژئاوا له‌ باكوره‌وه‌ بۆ باشورده‌گوازریته‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانمان و بووه‌ته‌ دێوه‌زمه‌ی مرۆڤایه‌تی ، په‌تای كۆرۆنا هه‌موو جوڵه‌یه‌كی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌لایه‌تی ڕاگرتووه‌ و جیهانی له‌ ئه‌وپه‌ڕی باشییه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی خراپی و به‌ ملیۆنان فرسه‌تی كاری ڕاگرتووه‌ و ڕێژه‌یی هه‌ژاری له‌ به‌رزبونه‌وه‌دایه‌ ، مرۆڤایه‌تی له‌ ئیستادا له‌ناو ژینگه‌یه‌كی بێ متمانه‌یدا ژیان ده‌گوزه‌رێنێت ،ژینگه‌یه‌ك كه‌ ترس ڕه‌نگڕێژی كردووه‌ بووه‌ته‌ پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی مرۆڤ وكارو كاردانه‌كانمان ده‌ست نیشان ده‌كات .

مرۆڤایه‌تی سه‌رتاپا له‌ جیهانێكی سه‌رمایه‌داری به‌رفراواندا ده‌ژی ، یه‌كێك له‌ ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌م جیهانه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ ڕاوه‌ستانی هه‌موومانه‌ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك كێشه‌و مه‌ترسی و ته‌حه‌دای ترسناكدا ،له‌وانه‌ : كێشه‌ی هه‌ژاری -كێشه‌ی پیسبوونی ژینگه‌ -كێشه‌ی زیادبونی ژماره‌ی دانیشتوان – كێشه‌ی تیرۆر .. ئه‌مانه‌و چه‌ندانی تر ئه‌و كێشانه‌ن كه‌ چاره‌سه‌ری ڕاسته‌قینه‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌یشی پێویستی به‌ كۆمه‌كێكی جیهانی سه‌رتاسه‌ری هه‌یه‌ ، په‌تای كۆرۆناش مرۆڤایه‌تی توشی شۆك كردووه‌و كاراكته‌رێكی جیهانی هه‌یه‌ ،هاوشیوه‌ی نه‌خۆشییه‌ كۆنه‌كانی وه‌كو تاعون و كولێرا و له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری گۆی زه‌وی ده‌ڕوات وسنور ناناسێت ، ئه‌وه‌ی خۆی نه‌پارێزێت له‌ په‌تای كۆرۆنا به‌زه‌ی پێدانایه‌ته‌وه‌و قورگی ده‌گرێت و له‌ناویده‌بات تەنها چارەسەر خۆپاراستنە مانەوەیە لە ماڵەوە.

خه‌ونی مرۆڤایه‌تی خه‌ونێك نه‌بووه‌ دوور له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ ،هه‌میشه‌ خه‌ونی مرۆڤایه‌تی هاوشان بووه‌ به‌ ترس و دڵه‌ ڕاوكێ ، په‌تای كۆرۆنا بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی له‌سه‌ر خه‌ونی مرۆڤایه‌تی له‌ جیهاندا ، كۆرۆنا خه‌ونی پیكه‌وه‌ گرێدانی جیهانی به‌یه‌كه‌وه‌ و هه‌مووان له‌ گوندێك و له‌ ماڵێكدا له‌ناوبرد ،له‌به‌رامبه‌ر خه‌ونی پێكه‌وه‌ بوون خه‌ونی دابڕان و مه‌یلی جیابونه‌وه‌ی له‌ نێوان مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاو سروشتدا دروست كردووه‌ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.