بۆ لێبوردنی تایبەت بە پێویست دەزانین …

لەلایەن ستاندار Posted on 369 جار بینراوە

دلیر صابر خوشناو/ دکتۆرا لە یاسای گشتی

لەگەڵ پەیدابوونی پەتای کۆرٍِۆنا و ئاشکرابوونی هەڕەشە و مەترسیەکانی بۆ سەر مرۆڤ و بگرە مرۆڤایەتیش ، سیستەمی هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگا گۆڕانکارى بنەڕەتی بەسەرداهات بە شێوەیەک کە جەخت لەسەر سوودی تەنهابوون دەکرێتەوە، هەڵبەتە ئەمەش بۆ مانەوەى هەمووان لە چوارچێوەى کۆمەڵگادا کە سوود بە سروشتى کۆمەڵایەتی مرۆڤ دەگەیێنێت ، تەنانەت ئەم بارودۆخە تەندروستیە نالەبارە سەرجەم دامودەزگایەکانی فەرمی و نافەرمیشی گرتەوە وە پەتای کۆڕۆنا واى کرد کە تەنانەت دەست بۆ هێلە سوورەکانیش ببردرێت ، دیارە ئەمەش هەر لە پێناو بەردەوام بوونی ژیانە .
لێخۆشبوون جگە لەوەى پێویستیەکی کۆمەڵایەتییە گۆڕینی دیدگاى خەڵکیشە بۆ تاوان و سزا ، دیارە ئەمەمش بەشێکە لەناو و سیفاتى خواى گەورە کە بەخشیویەتی بە سروشتى مرۆڤایەتی .
بۆیە هەر کاتێک کۆمەڵگا – بەهەر هۆکارێک بێت – کە روبەڕووى هەڕەشە و کارەسات و لەناوچوون دەبێتەوە پێویستى لێبووردن و پارێزگارى لە مرۆڤ لە پێشینەى کارەکانی کۆمەڵگا و دەوڵەت دەبێت .
لە رووى زانستى یاساوە پێویستە لێبووردن بۆ ئامانجێکی دیاریکراو بێت کە مەبەست لێ ى بەدەستهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری بێت جا ئەم لێبووردنە گشتى بێـت یاخود تایبەت .
لەبەردەوامی هێرشی کۆرۆنا بۆ سەر مرۆڤایەتی بەتایبەتیش دواى گیانلەدەستدانی سەدان کەس ، تەنانەت لەو ووڵاتانەش کە ناوبانگیان دەرکردووە بە کوالیتی بەرزی سیستەمی تەندروستیان ، شکستی خۆیان بەرامبەر ترسناکی ئەم پەتایە ڕاگەیاند، لەبەر ئەمە شارەزا و پسپۆر و دلسۆزان چەندین پێشنیارى لێبووردن بۆ سزادراوان و ڕاگیراوانیان کردووە هەڵبەتە ئەویش بە هۆکارى ئەوەى کە ڕێژەیەکی زۆر لە سزادراوان لەناو چاکسازییەکان (گرتووخانەکان) بوونیان هەیە کە خۆى لە دوو بەرامبەرى تواناى لەخۆگرتنی باڵەخانەکان دەبینێتەوە کە ئەمەش وا دەکات لەکاتی بلابوونەوەى ئەم پەتایە لەنێو چاکسازییەکان کارەساتی گەورە بخولقێنێت کە نەتوانرێت کۆنترۆل بکرێت .
خەڵکانێکی زۆر لەنێو ئەو چاکسازیانە ماوەى سزادانیان لە (5) پێنج ساڵ کەمترە و بەشێکیش لەمان ماوەیەکی باشیان لە حوکمەکانیان بەسەر بردووە، زۆریش لە ڕاگیراوانی بەرێوەبەرایەتیەکانی گرتن و گواستنەوە دەرچەى یاسایی بۆ بە کەفالەت ئازادکردنیان لەبەردەستە و دەکرێت ڕێکارى یاسایی خێرا بەرامبەریان بگیرێتە بەر و ئازاد بکرێن .
ڕا و بۆچوونی زۆر هەیە لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسێیە، کە باشترینیان بەلاى ئێمە گرتنەبەرى یەکێک لەم دوو شێوازەى خوارەوەیە :
یەکەم / دەرکردنی لێبووردنێکی تایبەت بۆ ئەو سزادراوانەى کە ماوەى سزاکەیان لە (5) پێنج ساڵ کەمترە و دوو لەسەر سێ ى ئەم ماوەیەیان لە چاکسازییەکان بەسەر بردووە، ئەویش بەمەرجێک هیچ مافێکی کەسى و دەوڵەتیان لەسەر نەبێت و مەترسیش نەکەوێتە سەر ژیانیان لەکاتی ئازادکردنیاندا. دەکرێت بۆ ئەم مەبەستەش چەند تاوانێک ڕیزپەر (استپناء ) بکرێت ئەویش بە سوود وەرگرتن لە ماددەى (73/یەکەم) لە دەستوورى عێراقی فێدرال 2005.
دووەم / دەرکردنی بڕیارێک لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە هێزی یاساى هەبێت تایبەت بە بەخشینی مۆڵەتی ماڵەوە بەو سزادراوانەى کە لە بڕگەى یەکەمدا ئاماژەمان پێداون ئەویش بۆ ماوەى یەک مانگ کە بتوانرێت لەلایەن هەمان دەسەڵاتەوە وە بە گوێرەى پێویست درێژ بکرێتەوە ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە بڕگەى پێنجەم لە ماددەى (10) لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (1) ى ساڵى 2005 . دەکرێت بەجێبەجێ کردنی ئەم ڕێگەیە سزادراوانی زیاتر سوودمەند بن چونکە مۆڵەتی ماڵەوە زۆربەى سزادراوان دەگرێتەوە جگە لە چەند تاوانێکی دیاریکراو نەبێت .
هەڵبەتە پشتگیریمان بۆ دەرچوواندنی بڕیارێک بۆ لێبووردنی تایبەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانەى خوارەوە:-
1- بوونی پاڵپشتێکی دەستوورى و یاسایی بۆ لێبووردنى تایبەت بە گوێرەى ماددەى (73/یەکەم) لە دەستوورى عێراقی فێدراڵ 2005 و ماددەى (10/شەشەم) لە یاسای ژمارە (1) ى ساڵى 2005 سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان .
2- دەرکردنی یاسای لێبووردنى گشتى لە لایەن پەرلەمانى کوردستان پێویستى بە پرۆژە و کۆبوونەوە و کاتی زۆر هەیە بۆ پێکهێنانی لێژنەى دادوەرى بۆ جێبەجێ کردنی کە ئەمەش لەمپەرێکی ئاشکرایە لەبەردەم گەیشتن بە ئامانجی لێبووردن لەبەرامبەر بوونی هەڕەشەى پەتایەکی خێرا لە بڵاوبوونەوەدا .
3- ئەگەر بێتو بڕیارى درێژکردنەوەى یاسای لێبووردنی گشتى ساڵى 2017 بە گونجاو بزانرێت ئەوا دووبارە بەرەوڕووى پێکهێنانی لێژنە دادوەریەکان دەبینەوە کە پێویستیان بە پێکهێنان و کۆبوونەوە و هەڵسەنگاندنی یەکە بە یەکەى دۆسێیەى سزادراوان هەیە کە ئەمەش پێویستى بە کاتێکی زۆر هەیە و تووشى بەریەککەوتنی خەڵکانێکی زۆر دەبین کە ڕەنگە هەڕەشە بێـت لەبەردەم بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆنا .
4- سروشتى یاسایی لێبووردنى تایبەت وایە تەنها بەشی “سزا” دەگرێتەوە نەک لێبووردن بێت بۆ “سزا و تاوان” وەکو ئەوەى کە لێبووردنى گشتى هەیەتی . بۆیە لێبووردنى تایبەت دەبێتە هەلێک لەبەردەم سزادراوى سوودمەند کە سزاکەى لەسەر هەڵگیراوە بەڵام ئاسەوارى یاسایی تاوانەکەى وەکو خۆى دەمێنێتەوە بۆ ئەوەى ئەگەر تاوانێکی ترى ئەنجامدا بە گەڕاوە هەژمار بکرێت . ئەمە جگە لە سوودمەندنەبوونی لە هەڵگرتنی “سزاى سەربار و سزاى تەواوکارى” .
5- جگە لەمانەى سەرەوە بەشێک لە دادوەران و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەرى پاڵپشتی خۆیان بۆ هەنگاوى دەرکردنی لێبووردنى سزادراوان ڕاگەیاندووە کە ئەمەش خاڵێکی پۆزێتیڤە بۆ هەماهەنگی و هاوکارى کردنی یەکترى دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا .
لە کۆتایدا هەر ئەوە ماوە کە ئاماژەى بۆ بکەین کە بەجێبەجێ کردنی لێبووردنى تایبەت و کەمکردنەوەى ڕێژەیەکی باشی سزادراوان لەنێو چاکسازییەکاندا جگە لەوەى هەلێک دەبێت بۆ سزادراوانی سوومەندبوو هەروەها هۆکارێکیش دەبێت بۆ دووبارە پۆڵینکردنى سزادراوان کە بەمەش هەڕەشەى بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆنا دووردەخرێتەوە. لە لایەکی تریش خەرجیەکی باشى رۆژانە بۆ حکومەت دەگەرێتەوە کە رۆژانە وەکو خزمەتگوزارى پێشکەش بە سزادراوان دەکرێت . ئەمە جگە لەوەى کە دڵنەوایی و سەقامگیرى بۆ زۆرێک لە خێزانەکان دەگەڕێنێتەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.