بەبەڵگەوە کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای جیهان..؟

لەلایەن ستاندار Posted on 515 جار بینراوە

لوقمان حەوێز

درۆیەکانی چین لەگەڵ جیهان، کەمتەرخەمیەکانی ئیدارەی ئەمەریکا، بێ باکی ڕێکخراوی WHO جیهانی بەم دۆخە گەیاند..!

چی ڕوویدا..؟ فەرموون بزانن ڕۆژ بە ڕۆژ و هەنگاو بە هەنگاو چی ڕوویدا؟
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاژەڵێکی کێویەوە بازی دا بۆ مرۆڤ، باشترین لێکدانەوە دەڵێت: لە بازاڕی ئاژەڵە کێویە زیندووەکان لە ووهان ئەمە ڕوویدا…
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی گۆڤاری پزیشکی ئینگلیزی The.Lancent یەکەم کەس لە یەکی دیسەمبەری 2019 توشبوو، دواتر خێزانەکەی کە تەمەنی 53 سێ ساڵ بوو بێ ئەوەی هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ئەو بازاڕەی ووهان هەبووبێت ئەویش تووشی هەمان نیشانەکانی نەخۆشی مێردەکەی بوو و پێویست بوو ببرێت بۆ یەکەی چاودێری توند…

هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە دوای ئەوە کۆمەڵێک نەخۆشی تر دەرکەوتن لە ووهان و زۆربەیان توشی نەمۆنیا (هەوکردنی توندی سیەکان) بوون…

21 ی دیسەمبەر 2019: پزیشکەکان لە ناوچەی ووهانی چینی هەستیان بە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە حالەتەکانی نەمۆنیا کرد و ئەوەیان ڕیپۆرت دەکرد بۆ بەرپرسان لە ووهان…

25 ی دیسەمبەر 2019: ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی ووهان توشی نەمۆنیا بوون و جیاکرانەوە (کەرنتینە کران)…

ڕۆژەکانی کۆتایی دیسەمبەری 2019: پزیشکەکانی نەخۆشخانەکانی ووهان هەستیان کرد ژمارەی توشبووان بە نەمۆنیا لە بەرزبوونەوەیەکی زۆر خێرادایە، نەخۆشەکان هیچ پەیوەندیەکیان لەگەڵ ئەو بازاڕەی فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵە کێویەکان نەبوو لە ووهان…

30 ی دیسەمبەر: دکتۆر لی وێنلیانگ هەندێک تێکستی نارد بۆ دکتۆرە هەڤاڵەکانی و ئاگاداری کردنەوە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکی کوشندە کە نیشانەکانی لە نەخۆشی SARS دەچێت لە ناوچەکە، داوای لێکردن بەر بە بڵاوبوونەوەی بگرن…

(بەداخەوە دوای سێ هەفتە لەم پەیامەی ئەم دکتۆرە ئینجا بەرپرسە چینیەکان ئەم پەیامەیان بەهەند وەرگرت و پەیوەندیان بە ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانیەوە کرد)

31 ی دیسەمبەر 2019: کۆمیسیۆنی تەندروستی لە شارەوانی ناوچەی ووهان بە ڕاگەیاندنەکانی ووت هیچ بەڵگەیەک نیە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکی کوشندە لە ناوچەکە کە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر بگوازریتەوە…

یەکی کانوونی دووەمی 2020: دەزگای ئاسایشی ووهان هەستا بە تۆمەتبارکردنی دکتۆر لی وێنلیانگ بە بیانووی نانەوەی موئامەرەیەک لە دژی دەوڵەتی چین، دەستگیر کرا و بردیان بۆ بارەگای پۆلیس و لەوێ پەنجە مۆری پێکرا کەوا تاوانێکی ئەنجام داوە، حەوت دکتۆری برادەریشی دەستگیر کران و تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە…

لە هەمان ڕۆژدا، بەرپرسانی ئەمنی لە ووهان فەرمانیان دەرکرد بۆ کۆمپانیایەکی لێکدانەوەی جینۆمەکان کە هەستابوو بەئەنجامدانی کاری نەخشەسازی جینۆمی بۆ ڤایرۆسەکە کە لە نەخۆشەکان وەرگیرابوو، بە پێی فەرمانەکە هەموو زانیاریەکان لەناوبران…

بەپێی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز لە هەمان ڕۆژدا پترە لە 175 هەزار کەس ناوچەی ووهانیان جێهێشت بەرەوە ووڵاتانی تر، بەپێی ڕاپۆرتەکانی Global.Travel.Data.Research.firm.OAG
گەشتی ڕاستەوخۆ هەیە لە ناوچەی ووهانەوە بۆ 21 ووڵات، تەنیا بۆ بەراودرکردن لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2019 ژمارەی ئەو هاووڵاتیە ئەمەریکیانەی کە لە ووهانەوە هاتوون و چوون تەنیا بۆ ئەمەریکا 13267 کەس بووە، هەر بۆ زانیاریشتان تاوەکو سەرەتای مانگی شوبات ئەمەریکا هێچ ڕێگریەکی نەکرد لە هاتنی هەر هاووڵاتیەکی خۆی یان بێگانەیەک لە ناووچەی ووهانەوە بۆ ئەمەریکا…

2 ی کانوونی دووەمی 2020: لە لێکۆڵینەیەکدا کە دواتر بڵاوکرایەوە و لە ووهان ئەنجامدرابوو مانگی دیسەمبەر لە 41 نەخۆشدا تەنیا 27 لەو نەخۆشانە پەیوەندیان بە بازاڕی ئاژەڵە کێویەکانەوە هەبووە…

هەر لەم ڕۆژەشدا پەیمانگەی ووهان بۆ ڤایرۆسناسی نەخشەسازی جینۆمەکانی ئەم ڤایرۆسە نوێیەی تەواو کرد، بەڵام حکومەتی چینی تاوەکو یەک هەفتەی تر بڵاوی ناکاتەوە بۆ جیهان…

3 ی مانگی کانوونی دووەمی 2020: حکومەتی چین هە بەردەوامە لە شاردنەوەی زانیاریەکان لەسەر ئەم ڤایرۆسە نوێیە، فەرمانی نهێنی بۆ هەموو دام و دەزگایە پزیشکیەکانیش دەنێرێت کە هەرچی زانیاریەکیان هەیە لەسەر ڤایرۆسەکە بدەن بە حکومەت و لای خۆیان بیفەوتێنن و بەهیچ شێوەیەک بڵاونەکرێتەوە…

لەم ڕۆژانەشدا کە دەکاتە یەک مانگ دوای یەکەم توشبوو ئینجا ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل دەگات بە سەرۆکی سەنتەری نەخۆشیەکان ڕۆبەرت ڕێدفیڵد لە ئەمەریکا CDC لە هاوپیشەکەی لە چین، ئەمەش بە پێی زانیاریەکانی وەزیری تەندروستی ئەمەریکا ئەلێکس ئەزار، ئەویش واتە سەرۆکی CDC لەڕێگەی وەزیری تەندروستی وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئاگاداردەکاتەوە لە مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە…

5 ی کانوونی دووەم 2020: کۆمیسیۆنی تەندروستی لە ناوچەی ووهان ئاگاداریەک بڵاودەکاتەوە بۆ هاووڵاتیان و دەڵێت نیشانەکان بە ئاشکرایی دەریدەخەن ئەم ڤایرۆسە نوێیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێک دەگوازریتەوە…

6 ی کانوونی دووەمی 2020: ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز یەکەم ڕاپۆرت دەربارەی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نوێیە بڵاودەکاتەوە، لەهەمان ڕاپۆرتدا وانگ لینفا کە شارەزایە لەبواری نەخۆشیە درمیەکان لە سینگافۆرە دەڵێت ئەو زۆر نیگەرانە لەوەی پزیشکان و زانایان لە چین ئازاد نەبوون لە گەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاریەکان…

لەهەمان ڕۆژدا سەنتەری CDC بۆ نەخۆشیەکان لە ئەمەریکا کۆمەڵێک بەربەستی کەم لە ئاستی یەکەم (کەمترین ئاست) خستە جێبەجێکردن بۆ ئەو گەشتیارانەی لە ووهانەوە بۆ ئەمەریکا دەگەڕێنەوە…

هەر هەمان ڕۆژیش سەنتەری CDC داوای لە چینیەکان کرد ڕێگا بدات بە هاتنی شاندێک لە پسپۆڕە ئەمەریکیەکان بۆ یارمەتیدان لە لێکۆڵینەوەکان لە ڤایرۆسەکە، حکومەتی چینی ئەو داوایەی ئەمەریکای ڕەت کردەوە…

8 ی کانوونی دووەم 2020: بەرپرسە باڵاکانی چین ڕایانگەیاند ئەوان زانیاری وردیان لەدەستە لەسەر ئەم ڤایرۆسە نوێیە و ووتیان ئەم ڤایرۆسە مەترسیدار نیە و بە ئاسانی کۆنتڕۆل دەکرێت لەلایەن ئەوانەوە، ئەمەش تواناکانی چین دەردەخات لە زاڵ بوون بەتەنیا بەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان…

لەم قۆناغەشدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هیچ بەربەستێکی دانەنا لە پێش گەشتکردن لە ووڵاتانی تری جیهانەوە بۆ ناوچەی ووهان و چین بە گشتی…

10 ی کانوونی دووەم 2020: دکتۆر لی وێنلیانگ کە چەند هەفتەیەک بوو نەخۆشەکانی چارەسەر دەکرد توشی کۆکە و هەوکردنی سیەکان بوو و بردرا بۆ یەکەی چاودێری توند…

11 ی کانوونی دووەم: بەرپرسانی تەندروستی لە ووهان ڕایانگەیاند کە هەموو حالەتەکان کە بریتی بوون لە 739 نەخۆش لەوانە 419 کارمەندی تەندروستی بوون چاودێری دەکرێن و حالەتی نوێ تۆمار نەکراوە…

13 ی کانوونی دووەمی 2020: یەکەم حالەت لە تایلەند تۆمارکرا کە هاووڵاتیەکی چینی بوو بەڵام هیچ پەیوەندیەکی بەو بازاڕەی ئاژەڵەکانەوە نەبوو لە ناوچەی ووهانی چینی…

15 ی کانوونی دووەمی 2020: یەکەم حالەت لە ژاپۆن تۆمارکرا…

17 ی کانوونی دووەمی 2020: بەرپرسان لە سەنتەری کۆنتڕۆلکردنی نەخۆشیەکان لە ئەمەریکا CDC ڕایانگەیاند کە پشکنین دەکەن بۆ هەموو ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانەی کە لە ناوچەی ووهانی چینیەوە دەگەڕێنەوە ئەمەریکا تەنیا لە سێ فڕۆکەخانە لە شارەکانی نیویۆرک، سانفڕانسیسکۆ و لۆس ئەنجلۆس…

18 ی کانوونی دووەمی 2020: وەزیری تەندروستی ئەمەریکا یەکەم ووتوێژی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد تڕەمپ ئەنجامدا دەربارەی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نوێیە…
لە هەمان ڕۆژدا بەبۆنەی سەری ساڵی چینی بەرپرسانی چین لە ناووچەی ووهان بەبۆنەی سەری ساڵی چین ڕێگەیان دا پتر لە 40 هەزار خێزانی چینی کۆببنەوە بەیەکەوە و ئاهەنگ بگێڕن…

19 ی کانوونی دووەمی 2020: کۆمیسیۆنی باڵای تەندروستی لە چین ڕایگەیاند کە ڤایرۆسەکە لەناودەبەن و خۆ دورخستنەوە لە توشبوون کارێکی ئاسانە…

20 ی کانوونی دووەمی 2020: کۆمیسیۆنی تەندروستی شارەوانی ناوچەی ووهان بۆ دواجار ڕایگەیاند لای ئەوان هیچ حالەتێکی تری نوێ نیە کە لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤ گوازرابێتەوە، لەهەمان ڕۆژدا لە هەرێمێکی تری چین گوانگ دۆنگ ڕاگەیەنرا کەوا دوو توشبوو هەن و پێدەچێت لە ڕێگەی مرۆڤی ترەوە گوازرابنەوە بۆ ئەو کەسانە..

21 ی کانوونی دووەمی 2020: یەکەم حالەتی توشبوون لەئەمەریکا ڕاگەیەنرا لە ویلایەتی واشنتۆن، کەسێک بوو لەچین گەڕابۆوە…

22 ی کانوونی دووەمی 2020: سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستخۆشی لە بەرپرسانی چین دەکات بۆ باش مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نوێیە…

چەند ڕۆژێک دوای ئەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تیمێکی تایبەتی نارد بۆ ووهان و دڵنیاییان کردەوە لەوەی ڤایرۆسەکە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێک دەگوازرێتەوە…

لەهەمان ڕۆژیشدا کەناڵێ ئەمەریکی CNBC لەچاوپێکەتنێکدا لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ پرسیار لە مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە دەکات، تڕەمپ دەلێت: دۆخەکە لەئەمریکا لەژێر کۆنتڕۆڵە، یەک کەس توشبووە و هەموو شتێک باش دەبێت…

23 ی کانوونی دووەمی 2020: بەرپرسانی چینی فەرمانی کەرەنتینەکردنی ناوچەی ووهانیان دەرکرد…

24 ی کانوونی دووەمی 2020: یەکەم حالەت لە وولاتی ڤێتنام تۆمارکرا، دوو ڕۆژیش دوای ئەوە حالەتی نوێ لە ئەمەریکا تۆمارکرا لە شاری لۆس ئەنجلۆس ولە ویلایەتی ئەریزۆنا…

1 ی شوباتی 2020: دکتۆر لی وینلیانگ دوای ئەوەی پێشتر پشکنینی بۆ کرابوو پێیان ووت توشی ڤایرۆسەکە بووە و شەش ڕۆژ دوای ئەوە کۆچی دوایی کرد…

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش دەزگای هەواڵگری ئەمەریکی CIA لە چەند ڕاپۆرتێکدا کە بۆ سەرۆکی ئەمەریکای ناردووە لە مانگی کانوونی دووەم و شوبات و ئاگاداری کردۆتەوە لەڕووداوەکانی چین و مەترسیەکان و پێشنیاری گرتنبەری ڕێوشوێنی توندی کردووە، هەر بە پێی هەمان ڕاپۆرت ترەمپ ئەو ئاگاداریانەی سی ئای ئەی پشتگوێ خستووە…

زۆربەی زانیاریەکان وەرگیراوە لە:

https://www.nationalreview.com/…/chinas-devastating-li…/amp/

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.