دوو ئیدارەیی قوڵتردەبێتەوە، فائیمقامی شەقڵاوە بالیسانی دابڕی، هۆشداری لەبارەی كارەساتی مرۆیی دەدرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 379 جار بینراوە

 

بازگەی ئاسایشی سنوری پارتی رێگری لە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن دەكات، قائیمقامی قەزای شەقڵاوە بەبڕیارێكی تایبەت ناحیەی بالیسانی سەر بەقەزاكەی دابڕی و رێگاش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن( اسعاف) نادرێت تێپەڕببێت.

فەرهاد شێخ وەسانی، بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی شەهید شێخ سلێمان لە ناحیەی بالیسان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بانگەوازێكی كردووە و دەڵێت، گرتنی رێگای زینەتیر بە كۆنكرێت كێشەی گەورەی بۆ دروست كردوون.

ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەشكردووە، شەوی رابردوو سێ نەخۆش پێویستیان بەرەوانەكردن هەبووە بۆ هەولێر، بەڵام بەهۆی داخرانی رێگاكە نەتوانراوە بگەینرێنە هەولێر، هەروەهای قەزای رانیەش ئامادە نییە نەخۆشیان لێ وەربگرێت و دەڵێت، لەرووی ئیداری سەر بە قەزای شەقڵاوەن. خەڵكی ناحیەی بالیسان چەندین جار گفتوگۆیان لەگەڵ جوان فەتحوڵا، قائیمقامی قەزای شەقڵاوە كردووە بۆئەوەی رێگا بە ئۆتۆمبێلی ئیسعاف بدرێت، بەڵام قائیمقامی قەزای شەقڵاوە وتویەتی، بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ رێگاكە داخراوە.

لایخۆشیەوە دكتۆر سەعید توتمەیی، پزیشكی پسپۆڕ و مامۆستای زانكۆی هەولێری پزیشكی لەژێر ناوی هاوارێك لە خۆشناوەتی داوای لە لایەنە پەیوەندارەكان كردووە بە فریای هاوڵاتیانی ناحیەی بالیسانەوە بچن. ئەو پزیشكە پسپۆڕە كە خەڵكی ناحیەی بالیسانە باسی لەوەشكردوە، ئەگەر ئەم رێگایە نەكرێتەوە كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە و دەرگا لەسەر زیاتر لە چوار هەزار هاوڵاتی سنوری ناحیەكە داخراوە.

دكتۆر سەعید باسی لەوەشكردوە، لە دوو رۆژی رابردوو كە رێگاكە داخراوە، سێ نەخۆش پێویستیان بە چاودێری چڕ هەبووە و پێویست بووە بنێردرێنە هەولێر، بەڵام لە بازگەی زینەتیر كۆنكرێت دانراوە و رێگای بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنیش نەدراوە. نەخۆشخانەی بالیسان زیاتر لە 20 پزیشك و كارمەندی تەندروستی لە هەولێرەوە رۆژانە هاتوچۆ دەكەن و ئێستاش گرفت بۆ هاتوچۆیان دروست بووە و ناتوانن بچنە دەوامی ئاسایی خۆیان. ناحیەی بالیسان سەر بەقەزای شەقڵاوەیە، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆ كاروبارەكانی لە قەزای كۆیە جێبەجێدەكرا، دوای یەكگرتنەوەی ئیدارە خرایەوە سەر قەزای شەقڵاوە و لە ئێستاشدا شەقڵاوە دەرگای لەسەر داخستووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.