گۆڕان: پێش ده‌ستبردن بۆ موچه‌ی هاوڵاتیان ده‌ست به‌ گیرفانی خۆتاندا بكه‌ن

لەلایەن ستاندار Posted on 296 جار بینراوە

ستانده‌ر

فڕاکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەتوندی دژی دەسکاریکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەوەستێتەوەو ڕایدەگێنێت ‎بەشداری گۆڕان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌پێناوی هێنانه‌كایه‌ی چاكسازیی ڕاسته‌قینه‌ و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و هێنانه‌كایه‌ی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی بوه‌ نه‌ك به‌شداری كردن له‌ بڕینی قوتی خه‌ڵك و, دژی ئەوەین لەژێر هیچ پاساوێکدا موچەی فەرمانبەران کەمبکرێتەوە و دەسکاری بکرێت.

دەقی بەیاننامەی فراکسێۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دەسکاریکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

پێش ده‌ستبردن بۆ موچه‌ی هاوڵاتیان ده‌ست به‌ گیرفانی خۆتاندا بكه‌ن.

‎ئاشكرایه‌ كه‌ ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا, ته‌نگژه‌یه‌كی ئابوریی گه‌وره‌ی له‌ ئاستی جیهاندا هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌, كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابوریی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیش دروست ئه‌كات. به‌تایبه‌ت كه‌ نرخی نه‌وت له‌ بازاری جیهانی بۆ ئاستێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو دابه‌زیوه‌‌.

‎به‌ هۆی هاتنی په‌تای كوشنده‌ی كۆرۆناوه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێم ناچارن له‌ ماڵه‌كانی خۆیان بمێننه‌وه‌ و, خه‌ڵكی كوردستان ئاستێكی به‌رزی هوشیارییان پیشان داوه‌ له‌ئاست دۆخه‌كه‌. له‌ هه‌مان كاتیش دا خه‌ڵكی خێرخوازی هه‌رێم, بونه‌ته‌ سه‌رمه‌شق له‌ ئاستی جیهان بۆ ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌ ئابورییه‌ خراپه‌كانی ئه‌م ڤایرۆسه له‌سه‌ر چینی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت.

جێی خۆیه‌تی لێره‌دا زۆر سوپاس كادری ته‌ندروستیی هه‌رێم و حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان به‌ هه‌مو ده‌زگاكانییه‌وه‌ بكه‌ین بۆ به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانیان به‌ باشترین شێوه‌.

‎ئا له‌م ساته‌وه‌خته‌دا حكومه‌تی هه‌رێم له‌بری ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ موچه‌خۆران و كاسبكاران و خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژار و, مشور خواردنی ژیانی ڕۆژانه‌یان, دڵه‌ڕاوكێیه‌كی تر بۆ سه‌ر خه‌م و نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵك دروست ئه‌كات و ئه‌یه‌وێت له‌ڕێی ده‌ستكاری كردنی موچه‌ی موچه‌خۆران, باری لاری ئابوریی هه‌رێم ڕاست بكاته‌وه‌.
‎هه‌مو ده‌زانین كه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری به‌ ئازار هه‌یه‌. به‌ڵام ڕێی چاره‌سه‌ری دروست‌, نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و هێنانه‌كایه‌ی شه‌فافییه‌ت و, ڕاستگۆییه‌ له‌گه‌ڵ هاونیشتیمانیان‌.

‎له‌م ڕوه‌وه‌ ئه‌م پێشنیارانه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕو:

‎١. به‌زوترین كات وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕێكه‌وتن بكرێ له‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی كۆتایی ساڵی ڕابردو تا ده‌رچونی یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٠.
‎یان لانی كه‌م هه‌رێم به‌پێی یاسای بودجه‌ی ٢٠١٩, بڕی ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه‌ ته‌سلیمی به‌غدا بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌بری ته‌نها موچه‌ هه‌مو به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ بگاته‌ هه‌رێم.

‎٢. پێویسته‌ هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی چكسازیی ڕیشه‌یی له‌ هەرێم ئه‌نجام بدرێ له‌پێناو نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و موچه‌ی بندیوار و خانه‌نشینی نایاسایی.

‎٣. به‌زویی سه‌رجه‌م قه‌رزی حكومه‌ت لای كۆمپانیاكان وه‌ربگیرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌مو ئه‌و لێخۆشبونه‌ نایاساییانه‌ی له‌ باجی كۆمپانیاكان كراون هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ و, به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان بێ ئاوارته‌ كردن باج به‌سه‌ر هه‌مو كۆمپانیاكان بسه‌پێنرێ.

‎٤. پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و ٢٥٠ ملیۆن دۆلاره‌ بكرێ كه‌ به‌پێی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییه‌كان وه‌ك شیرینی له‌ روسنه‌فت وه‌رگیراوه‌, كێ وه‌ریگرتوه‌ و بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت.
‎هه‌روه‌ها حكومه‌ت ڕونكردنه‌وه‌ بدات له‌سه‌ر ‌ئه‌و یه‌ك ملیار دۆلاره‌ی كه‌ له‌ بانكه‌كانی لوبنان ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌‌ و هه‌وڵ بدرێ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت‌.

٥. پێویسته‌ سندوقی داهاته‌ نه‌وتی و گازییه‌كان دروست بكرێ و, داهاتی ناوخۆیی شه‌فاف بكرێ و, قاچاخی و سه‌رانه‌ سه‌ندن له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان كۆتایی پێبهێنرێ.

٦. پێویسته‌ موچه‌ی سه‌رجه‌م موچه‌خۆرانی هه‌رێم بكرێته‌ سیستمی بانكی و, له‌و ڕێیه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی و موچه‌ی بندیوار بنه‌بڕ بكرێ و, قه‌یرانی نه‌بونی سیوله‌ی نه‌قدی له‌ هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكرێ و, به‌ شێوه‌ی ته‌ندروست موچه‌ مانگانه‌ دابه‌ش بكرێت.

‎له‌ كۆتاییدا دوپاتی ئه‌كه‌ینه‌وه‌ به‌شداریی گۆڕان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌پێناوی هێنانه‌كایه‌ی چاكسازیی ڕاسته‌قینه‌ و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و هێنانه‌كایه‌ی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی بوه‌ نه‌ك به‌شداری كردن له‌ بڕینی قوتی خه‌ڵك و, دژی ئەوەین لەژێر هیچ پاساوێکدا موچەی فەرمانبەران کەمبکرێتەوە و دەسکاری بکرێت. هەڵبه‌ت حكومه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی ده‌سكاریی موچه‌ی نیی كه‌ به‌پێی یاسا ڕێكخراوه‌.

‎فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
٢٧/ ٣/ ٢٠٢٠

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.