داواكاری گشتی: درێژکردنەوەی گیرانی تۆمەتباران لەگەڵ دادپەروەری و زوو یەکلاکردنەوەی کێشەکان ناگونجێت

لەلایەن ستاندار Posted on 329 جار بینراوە

ستانده‌ر

داوادەکرێت بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و ئازادی تۆمەتباران دادگای لێکۆڵینەوەو بەشێک لە دادوەران و داواکارانی گشتی لەبەیانیان دەوامی ئاسایی خۆیان بکەن.

ماوەی چەند ڕۆژێکە هێمن مامەند ڕۆژنامە نووسی دیاری هەولێر لەسەر ئەوەی هەڕەشەی شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆی کردبوو لەئەگەری تاخیربوون و دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا دەزگیر کراوە، ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری ڕۆژنامەنووس و چاڵاکوانانی مەدەنی بەدوایخۆیدا هێناو لە بەیاننامەیەکدا زیاتر لە ۳۰۰ ڕۆژنامەنوس و چاڵاکوانی مەدەنی داوایانکرد بۆ ئەوەی ڕەوشەکە لەوەی هەیە خراپتر نەبێت هەرچی زووە هێمن مامەند ئازاد بکرێت.

بەپی قسەی تیمی پارێزەرانی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەو مادەیەی هێمن مامەند لەسەری دەزگیرکراوە قابیلی ئازادکردن بە کەفالەت دەکات بەڵام بە هۆکاری سیاسی زیاتر لە دوو جار داوای ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە بە کەفالەت لەلایەن دادوەری ئێشکگرەوە ڕەتکراوەتەوە.

پارێزگاریکردن لە ماف و ئازادی تاکەکان بنەمایەکی سەرەکی کاری دادگاکانە بۆیە د.محەمەد ڕێکانی ئەندامی فەرمانگەی داواکاری گشتی ڕایدەگێنێت کاتێک شەوی ڕابردوو ئێشکگر بوم لە دادگای لێکۆلینەوەی هەولێر ، ژمارەیەکی زۆری کەیسەکانی دەهاتە بەردەممان بریتی بون لە درێژکردنەوەی گیرانی تۆمەتباران، کە ئەمەش لەگەڵ دادپەروەری و زوو یەکلاکردنەوەی کێشەکان ناگونجێت، بۆیە پێویستە بۆ یەکلایکردنەوەی چارەنوسی ئەو تۆمەتبارانەی لە گرتووخانەکانن ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەرو بەزوویی بڕیاری یەکلایکەرەوە سەبارەت بەو تۆمەتبارانە دەربچێت.

ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی پێشنیار دەکات لە بەیانیاندا بەشێک لە دەوامی ئاسایی دادگاکان بمێنێت و دەڵێت لەم کاتە نالەبارە هەندێک تۆمەتبار زیاتر لە (۳) مانگە لەسەر کێشەیەکی سادە لە گرتوخانەیە، بۆیە پێشنیار دەکەم لەکاتی بەیانیان دادگای لێکۆلینەوە و چەند دادوەرێک و داواکارانی گشتی کاری ئاسای بکەن بۆ ڕواندنی ئەو کەیسانە کە تۆمەتباری گیراوی تێدایە.

سەبارەت بەو پرسە پارێزەر گۆران دیبەگەیی بۆ ستاندەر دواو گوتی ئێمە بەهۆی پیشەکەمانەوە ڕۆژانە لەلایەن گیراوانی گرتووخانەکانەوە پەیوەندیمان پێوەدەکرێت و ئاگاداری ئەوەین کە ڕەوشی گیراوان خراپە و بەشێک لە گیراوان مادەکەیان قابیلی بەکەفالەت ئازادکردن دەکات تاکو ڕۆژی دادگایی، بەڵام لەوەشدا جیاکاری زۆر کراوە بەشێک لە گیراوان کە مادەکەیان قابیلی کەفالەت دەکات بەڵام بەبڕیارێکی حزبی یان لەسەر داوای کەسێک گیراوەکە بە کەفالەت ئازاد ناکرێت.

ئەو پارێزەرە دەشڵێت ئەو جیاکاریە کاریگەری خراپی لەسەر سومعەی دادگاکان دەبێت بۆیە داواکام لەو دادوەرە بەڕێزانەی کە خاوەن ویژدان و و قەڵەمی خۆیان نەفرۆشتووە بەو کارە هەستن و تەواوی ئەو گیراوانەی مادەکەیان قابیلی کەفالەت دەکات کاریان بۆ بکەن بۆ بەزوویی ئازادکردنیان بە کەفالەت چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپ دایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.