دەنگۆ ، شایعە ، دیعایە ، بەڵایە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لەلایەن ستاندار Posted on 341 جار بینراوە

ڕێبوار خەلیل هیدایەت

مرۆڤ خاوەنی پێنج هەستە بۆ ئەوەی ئاگاداری ڕووداوەکانی دەوروبەری بێت و کاردانەوەی بۆ هەندێکیان هەبێت لەوانەی کە ڕەنگە کاریگەریان بەسەریەوە ببێت ، جا کاردانەوەکە ترسان بێ یاخود خۆشی دەربڕین یان غەمباری ، یان جووڵەیەکی پێویست و هتد .
مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر بە هەر پێنج هەستەکەی هەست بە شتێک بکات وەک ئەوە باوەڕیان پێ ناکات کە باوەڕ بە دەنگۆ و ووتی ووتی خەڵکی تر دەکات دەربارەی بەو شتە .
لە دۆخی قەیراناوی ئەو دیاردەیە زەقتر دەبێتەوە چونکە دەنگۆ و شایعە و دیعایە زۆرتر دەبێت .
لەو دۆخەی ئێستا کە مرۆڤایەتی تێیکەوتووە بەدەست ڤایرۆسی کۆڕۆناوە ، نمونەی زۆر بەرچاو دەکەوێت ،
بۆ نمونە کەسێک باوەڕ بە ڤیدیۆیەکی ساختە دەکات کە دەڵێ ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڤایرۆس نیە و غازە و ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە بەبێ ئەوەی بیربکاتەوە کە ئەو ڤایرۆسە بینراوە لە تاقیگە و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی تووش کردووە و بیستومانە و گیانی مرۆڤ هەستی پێکردووە و ڕەنگە تامیشی هەبێت ئەگەر بوێرین تامی بکەین . یان بێ ئەوەی بیربکاتەوە ئەگەر غازە بۆ هەموومان بە جارێک تووش نابین ؟؟
ئەمریکای زلهێز کە ئەمڕۆ هاتە لوتکەی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسی کۆڕۆنایان تێدا بڵاوبۆتەوە و بودجەیەکی زیاتر لە دوو تڕلیۆن دۆلاری بۆ بەرەنگاروونەوەی تەرخان کردووە ، ئەوە جگە لەو زیانانەی بەر ئابورییەکەی کەوتوە کە بە دەیان تڕیلۆن مەزەندە دەکرێ و کەسیش نازانێ ئەو زیانانە و ئەو دۆخە تا چەند و تا کەی درێژە دەکێشێت ، سەرەڕای ئەوە کاکی کورد و ڕۆژهەڵاتی ئیش بووە بەوەی ڤیدیۆ و ماسجی ساختە بڵاو بکاتەوە کە ئەو ڤایرۆسە ئەمریکا دروستی کردووە !!!!
جا پیاو ناوێرێ باسی ئەو شتانەش بکات کە پەیوەندی بە دین و ڕێکخراوە ئیسلامیەکانەوە هەیە .
هەر تەنها نمونەیەک لەسەر تیرۆرستێکی داعش کە بە دەیان کیلۆ تەقەمەنی لەخۆی و ماشێنەکەی دەبەستێت و خۆی دەتەقێنێتەوە و پارچە پارچە دەبێت ، کەچی کاکی خۆشباوەڕ باوەڕ بەوە دەکا و کە ئەو کەسە کار بۆ ئەمریکا دەکات بۆ ناشیرین کردنی ئیسلام و بڵاویشی دەکاتەوە بەبێ ئەوەی بیربکاتەوە کە ئەو کەسە پارچە پارچە بووە لەبەرامبەر چی ئەو کارە بۆ ئەمریکا دەکات و ئەو شتە سوودی چیە دوای ئەوە بوو بە تۆز ؟ بە بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە ئەو دەنگۆیانە ڕەوایەتی دەدات بە شەڕکردن لەگەڵ ئەمریکا و دووبارە سەرهەڵدانەوەی هاوشێوەی داعش .
ئەو خۆشباوەڕیە و زۆری دەنگۆیە بووەتە هۆی نەمانی متمانە و لە هەندێک شوێن بووە بە بەڵا و کارەساتی گەورەیەی بەسەر خەڵک هێناوە . وەک ئەو دەنگۆیەی لە فەللوجە بڵاوکرایەوە کە گوایە سەربازانی ئەمریکی چاوێلکەیەکیان لەچاوە کە ئافرەتانی عێراقی بەڕووتی دەبینین بووە هۆی شەڕێکی دووردرێژ و کوژرانی دەیان هەزار کەس و وێران بوونی عێراق .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.