ستاندەر
دوای چونی هێزێكی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ناوچەی زینی وەرتێ كە نارەزایی هێزەكانی گەریلای لەناوچەكە لێكەوتەوە، ماوەیەكیان بەپیشمەرگە دا بە جێهێشتنی ناوچەكە كە بەگوێرەی زانیاری ستاندەر دوێنێ شەممە كاتی ئەو مۆڵەتە بۆ كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە تەواو بوو.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەمبارەیەوە بە ستاندەری راگەیاند:” دوێنێ هێزێكی گەریلا چونەتە ئەو ناوچەیە، ئەگەری شەڕ لە ئارادابوە، بەڵام خەڵكی ناوچەكە وەرتێ و دۆڵی شاورێ گفتوگۆیان لەگەڵ هێزەكەی پەكەكە كردووە بۆ دان بەخۆداگرتن و خۆ دوورگرتن لە رووبەروبونەوەی چەكداری”.
سەرچاوەكە وتیشی” خەڵكی ناوچەكە رایانگەیاندووە هەر شەرێك لەو ناوچەیە بەزەرەی خەڵكی كوردستان و یەكێتی تەواو دەبێ بەتایبەت كە وەرتێ بنكەیەكی گرنگی شۆڕش بوە لەماوەی رابردوو”.
خەلكی ناوچەكە بەگوێرەی سەرچاوەكەی ستاندەر بەنیازن لەگەڵ یەكێتی و وەزارەتی پێشمەرگەش دانیشتن بكەن بۆ روونكردنەوەی مەترسیەكانی ئەو بەرەو پێشچوونانە و هێنانی ئەو هێزانەی پێشمەرگە چارەسەر بكەن. هەروەها بەنیازن پەیامێكیش ئاراستەی هێزەكانی گەریلا بكەن كە خۆیان بە خاوەنی ئەو ناوچەیە نەزانن هاوشێوەی بەشێك لە باكوری كوردستان مامەلەی لەگەل نەكەن بەڵكو تایبەتمەندی ناوچەكە كە سنوری هەرێمی كوردستانە لەبەرچاوبگرن.
جێی باسە هێزەكانی گەریلا ئەوەیان بەخەلكی ناوچەكە وتوە هاتنی ئەو هێزە لەو كاتە بە فەرمانی توركیایە بۆ بەرتەسككردنەوەی جولەی هێزەكانی ئەوان.