محمد حه‌سه‌ن
خه‌ڵكانێكی زۆر، ئه‌وانه‌ی به كاری رۆژانه ده‌ژیان و موچه‌خۆر نین، ئێستا نه ده‌توانن هیچ كارێك بكه‌ن و نه سه‌رچاوه‌یه‌كی داراییشیان هه‌یه. ئه‌ی چۆن بژین ؟
ئه‌م پرساره بۆ به‌رپرسانی حكومه‌ته، ده‌بێت ئه‌وان بزانن ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه چه‌نده كه نه موچه‌خۆرن و نه داهاتێكی پاشه‌كه‌وتكراوییشیان هه‌بووه تا ئه‌مڕۆ له‌سه‌ری بژین. ئه‌مانه ناتوانن هه‌تا سه‌ر بێده‌نگ بن و له ماڵه‌كانی خۆیاندا بمێننه‌وه و به برسێتی رێنماییه راست و باشه‌كانی وه‌زیر و به‌رپرسه حكومیه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌روا به پابه‌ندی بمێننه‌وه‌و به خۆپیشاندان و گردبونه‌وه رێسه‌كه له حكومه‌ت نه‌كه‌نه‌وه به خوری، پێویسته زۆر به په‌له ئاوڕ له ژیانیان بدرێته‌وه. زۆر به خێرایی كۆمه‌كی دارایی بكرێن. ئه‌و یارمه‌تی و سه‌له خۆراكانه‌ی خێرخوازان ئاماده‌یان كردووه، حكومه‌ت رێكیان بخات و یارمه‌تیی گه‌یاندنیان به شێوه‌یه‌كی باشتر بدات؛ له ڕێگای بیركاره‌كانی خۆراك و موختاری گه‌ڕه‌كه‌كان و فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه خێزانه كه‌م درامه‌ته‌كان ناونوس بكات بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت كێ له كوێ چی پێویسته. ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌و خێرخوازانه‌ی كه ئاماده‌ن هاوكارییان بكه‌ن. حكومه‌ت ئه‌گه‌ر خۆیشی پاره‌ی پێ نیه، با كارئاسانی بۆ خێرخوازه راسته‌قینه‌كان له دۆزینه‌وه‌ی خێزانه شایسته‌كان.
من ئه‌زانم داهاته‌كانی حكومه‌ت هێنده كه‌م بۆته‌وه كه به‌شی موچه‌خۆرانی خۆیشی ناكات، به‌ڵام ژیانی ئه‌م هه‌ژارانه‌یش به‌شێكه له به‌رپرسیارێتی حكومه‌ت. ئه‌و پاره‌ی ئه‌مڕۆ پێویسته بۆیان خه‌رج بكرێت له‌وانه‌یه زۆر زۆر كه‌متر بێت له‌وه‌ی كه به ناچاری دواتر له كێشه‌كانیاندا خه‌رج ده‌كرێت.
هه‌ژاره‌كان ئه‌وانه‌ن كه به كرێكاری، ده‌ستگێڕی، شۆفێری، كاری كورتماوه‌و ناجێگیر بژێوی خۆیانیان دابین ده‌كرد، زۆریان كرێچین و ئه‌گه‌ر حه‌فته‌یه‌ك كارنه‌كه‌ن له‌وانه‌یه نه‌توانن كرێ خانوه‌كه‌یان دابین بكه‌ن. ته‌نانه‌ت به‌شێكی موچه‌خۆرانی حكومه‌تیش ئه‌گه‌ر موچه‌كانیان وا دوابكه‌وێت، به داخه‌وه غلۆرده‌بنه‌وه بۆ ژێر هێڵی هه‌ژاری.
تا ئێستا، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به پاراستنی ته‌ندروستی گشتی و كۆنترۆڵكردنی په‌تاكه‌وه هه‌بێت، حكومه‌تی هه‌رێم به باشی كاری خۆی كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌هامه‌تیه ئابوریه‌كانی ئه‌م په‌تایه پێویسته، دیار نیه ده‌توانێت چی بكات. لانی كه‌م هێشتا هیچ روئیا‌و سیاسه‌تێكی دارایی دروستی نیشان نه‌داوین. هه‌موو ئه‌و زانا ئابوریانه‌ی له چه‌ند حه‌فته‌ی پێشوودا باسی ئه‌م قه‌یرانه گه‌ردونیه‌یان كردووه، بێ هه‌ڵاوێرد، یه‌كه‌م رێنماییان ئه‌وه بووه كه حكومه‌ت پاره بخاته ناو خه‌ڵكه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له بێبازاڕی ئابوری بگرێت. هه‌موو چاره‌سه‌ریه پێشنیاركراوه‌كان له خه‌رجكردنی پاره‌ی حكومه‌ت و ماڵی گشتیه‌وه ده‌ست پێده‌كات، سه‌ره‌ڕای جیاوازی میكانیزمه‌كانیان.
زۆر به سود ئه‌بوو ئه‌گه‌ر هه‌ر له ئێستاوه به‌شێكی ئه‌و پاره‌ی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی تاڵی و ناخۆشیه‌كانی ئه‌م قه‌یرانه خه‌رج ده‌كرێت، له ڕێگای كۆمه‌كی دارایی خێزانه هه‌ژاره‌كانه‌وه بهاتایه‌ته ناو بازاڕه‌وه.
با حكومه‌ت بچێت قه‌رز بكات، زۆر له‌وه باشتره خۆی له‌م به‌رپرسیارێتیه بدزێته‌وه. زیانه ئابوریه‌كانی خه‌رج نه‌كردنی ئه‌م پاره‌یه ١٠یان جار گه‌وره‌تره له به‌های پاره‌كه.