مرۆڤ و لانـــــــە

لەلایەن ستاندار Posted on 281 جار بینراوە

زانا حاجی

هەموو ئینسانەک پێویسەتی به لانەیەک هەیە ، لانەیەك بۆ ژیان لانەیەك بۆ حەسانەوه ، لانەیەك بۆ ئارامی ، لانەکانی ئینسان دوو لایەن دەگرێتە خۆ ، لانەی دەرەوە و لانەی ناوەوە ، لانەی دەرەوە سەرەتا خانوو پێویستە ئینجا ئۆتۆمبێل و پارەیەك بۆ بەڕێوەبردن و ڕاگرتنی هاوسەنگی ئەو لانانـە ، بە نەبوونی هەر یەکێک لەم لانانە لەژیانی مرۆڤدا بەشێك لە خۆشی و ئارامی ئینسانەکان کەمتر دەبن یاخود باشترە بڵێین کەمێك قورستر دەگات بە ئارامی و خۆشیەکان ، بەهەرحاڵ ئینسانەکان لەگەڵ نەبوونی لانەکانی دەرەوە زیاتر و زووتر ڕادێن ، بەو مانایەی کە ئینسان تا ڕادەیەك بونەوەرێکی ڕاهاتووە لەگەڵ باردودۆخ و ژینگەکان ، بـــــەڵام خوانــــــەکا لانەی دووەمی ئینسانەکان خەلەلی تێکەوێ کە لانـــــەی ناخ و ناوەوەی ئینسانەکانە ، بەتێکەوتنی خەلەل لەم جۆرەی لانەی خەڵکی ئەوا زۆر ئەستەمە هیچ هێزێك هەبێ ئەم خەلەلە بهێنێتەوە سەر ڕێی ڕاستەقینەی خۆی ، چونکە تاکە هێز کە لانەی ناوەوەی مرۆڤ ئارام و دڵخۆش بکات لانەی ناخی مرۆڤ خۆیەتی ، سەیر کە ئەوەی بۆ خەڵکی دەژی چەندە بەئاسانی پێوەی دیارە کە بەهۆی لانەکانی دەرەوەی هەوڵی دەربڕینی ئارامی و دڵخۆشی لانەی ناوەوەی ئەدات ، کەم تا زۆر خەڵکانێك بەوە ڕازی دەکات کە بەڵێ دڵی خۆشە بەڵام زۆر زۆر ئەستەمە لەناخی خۆیدا هەست بە چێژی ئارامی و دڵخۆشی لانەی ناوەوەی خۆی بکات ، کەواتە ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە لانەی ناوەوەی خوودی مرۆڤ توانای کەمکردنەوەی نــائارامی و چەرمەسەرییەکانی لانەی دەرەوەی مرۆڤی هەیە ، بەڵام لانەی دەرەوەی مرۆڤ تەنها بــە هەوڵی خەڵەتاندنی ئەوانی تر تا ڕادەیەک دەتوانێ نــائارامی لانەی ناوەوە بشارێتەوە ئەمەش بەهۆی خۆڵکردنه چاوی خەڵکیەوە دەبێ ، لەو ساتانەی زۆربەمان لەماڵین و بەشێکی زۆر لە کاتەکانمان بە تەنیایی بەسەر دەبەین ئیدی با عەوداڵی دۆزینەوە و درک پێکردنی ئەو ڕێگا و پردانە بین کە ئاشتمان دەکەنەوە لەگەڵ لانە چێژبەخشەکەی ناوەوەمان ، بۆ ئەوەی دوای ئەم بارودۆخەش بتوانین کە لەسەر بنەمای لانەی ناوەوەی خۆمان خەریکی ژیان کردنی خۆمان بین و نەکەوینە ژێر کاریگەری خراپی قسە و قسەڵۆکی لانەکانی دەوروبەرمان ، هەڵبەت لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگی لانەی ناوەوەمان پێویستیشە هەوڵی بەدەستهێنانی لانەکانی دەرەوە بدەین چونکە ئەوانیش زۆر جار گرنگی ئەوتۆیان هەیە لەپاراستنی هاوسەنگی لانەی ناوەوە ، بەڵام ئەوەی گرنگ بێ ئەوەیە هەرگیز بەهۆی گێژاوی لانەکانی دەرەوە لانەی ناوەوەی خوودمان لێ لاسەنگ نەبێ و ونی نـــەکەین .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.