چاکسازی یان ستەمکردن لە فەرمانبەران

لەلایەن ستاندار Posted on 411 جار بینراوە

ئیبراهیم ئەحمەد

دۆخەکە گەییشتووە بە ئاستێک هەر قەیرانێک سەر هەڵدەدات خەڵک و بە تایبەتیش فەرمانبەران لە ترسی چاکسازی و هەنگاوە کورت بڕ و سەرپێییەکانی حکومەت دیق دەکەنەوە، چوونکە ماوەیەکی درێژە حکومەت فرچکی بەوەوە گرتووە لە هەر تەنگژە و نەهامەتییەک کە خۆی بۆ هەرێمەکە دروستی دەکات لە ئاکامی ناڕوونی سیاسەت و گەندەڵیە بێژمارەکانیدا یان لە ئەنجامی قەیرانێکی نێودەوڵەتی یان پەتایەکی جیهانی وەک کۆرۆناوە ڕوو لە هەرێمی کوردوستان دەکەن، نابەرپرسیارانە و ڕاستەو خۆ چڕنووک لە ژیان و قوتی خەڵک دەگرێت لە پێناوی ئەوەی ڕێچکەکانی ئەم گەندەڵی و ناڕوونیانەی کە ماوەیەکی درێژە وەگەڕیان خستون بە لاڕێدا نەچن. دیارە لەم چەند سەرە قەڵەمەدا ئەم قەیرانە هەمەلایەنەی پەتای کۆرۆنا کە خەریکە باڵ بەسەر هەموو جیهاندا دەکێشێت و هێشتا بە تەواوی ڕوون نیە لێکەوتە ئینسانی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی لە کوێی جیهاندا و تا چ ئەندازەیەک تراژیدی و کارەساتبار دەبن یان ڕیکارەکانی خۆپاراستن لەم پەتایە بابەتی سەرنجی ئێمە نین، چونکە لێشاوێکی زۆری خەڵکی پسپۆر و ناپسپۆر بەم کارەوە سەرقاڵن، بەڵکو سەرنج دەخەینە سەر ئەم ستەمەی کە دەستەڵات، لە هەرێمی کوردستاندا لەم ئان وساتە قەیراناوی و ناسکەدا لە بری بەهاناوەچوون و دەستگرتن بە ژیان و مەینەتیەکانیانەوە لە ژێر ناوی پڕۆژەی چاکسازیدا و بە چاو پۆشین لەم هەموو گەندەڵیە ترسناکەی کە خۆی پێیەوە تۆمەتبارە، لە هاوڵاتی و فەرمانبەرانی دەکات.
یەکێک لە پایە گرینگەکانی(بە بۆچوونی حکومەت و پەرلەمانە دەستەمۆکەی) ئەم بەناو پڕۆژە چاکسازیەی کە حکومەتی هەرێمی پێشو و ئێستاش لافی پێوە لێدەدەن، بریتیە لە دەست کاری کردن و بڕینی مووچەی فەرمانبەران، بە تایبەتیش مووچەی ئەم توێژانەی هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان لەم زنجیرە قەیرانە کارەساتبارەدا نە بووە و نییە، کە لە دوای ساڵی ٢٠١٢ ەوە بەرۆکی ئەم هەرێم و حکومەتە پاڵەوانەی ئابوری سەر بەخۆی گرتوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە تەنها ئەوانن کە بوونەتە سوتماکی سەرەکی ئەم دۆخە نالەبار و جاڕس کەرە. حکومەتی هەرێم لە ژێر قەوانی چاکسازیدا بە زۆر فۆرم و شێوازی جیاواز کەوتوەتە وێزەی سزادانی خەڵک و فەرمانبەرانەوە، جارێکیان ڕووی لە بەچارەگ و نیوەکردنی مووچە کرد، جارێکیشیان بە بڕین و هەڵپەساردنی پلە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و لە ئێستاشدا خەریکە بە ئاوازی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە زۆڕنای چاکسازی ئەژەنێتەوە و دیسانیش بەم ناوەوە چنگێکیتر خۆڵ ئەکەنەوە چاوی خەڵکەوە، سەرجەمی ئەم چاکسازیانەش بریتی بوونە لە پێشێلکردنی مافە دەستوری و سەرەتاییەکان و یاسا شکێنی و دەستدرێژیکردنە سەر مافی گشتی هاوڵاتیان، سەرەنجام جارێکیتر ئەم بارگرانیەی بۆ هاوڵاتیان کردوەتە سەرباری قەیرانی ئابوری چەندساڵەی هەرێم ولێکەوتە فرەڕەهەندەکانی و ئەو قەیرانە ئابوریەش کە لە ئێستادا جیهان و عێراق و هەرێمی کوردوستانیش بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە سەرەتاکەیدان و ڕوونیش نییە دواهاتەکانی چەندە ئەژنۆشکێن دەبن بۆ ئابووری عێراق و هەرێمی کوردوستان.
حکومەتی هەریم گەر لەبواری ئابوری سەربەخۆشدا سفر بەدەست و کاڵفامانە دەرکەوتبێت، ئەوا لە فێڵ لێکردن و چەوساندنەوەی هاوڵاتی و فەرمانبەرانی خۆی و پێشێلکردنی مافەکانیاندا هیچ حکومەتێکی سەر زەوی شان لەشانی نادات!!. هیچ حکومەتێکیتر بە ئەندازەی ئەوەی لە مەڕ خۆمان هەوڵی نەداوە پەڵەی ڕەش و کێماسی و گەندەڵی بێشەرمانە و بەدەر لە هەمو نۆرم و بەهایەکی ئینسانی سەر زەوی توێژێکی سەردەستی کەمی حیزبەکان بە سزادان و پێشێلکردنی مافە سەرەتایی وسادەکانی فەرمانبەران وهاوڵاتیانی خۆی پەردەپۆش بکات. گەر دەستەڵاتدارانی ئێمە هەر لە سەرەتاوە جگە لە چاو بڕینە سەروەت وسامانە بێشومارەکانی ئەم هەرێمە و بەتاڵان بردنیان و بە کۆیلەکردن و شکاندنی کەرامەتی هاوڵاتیانی کوردستان هیچ روئیایێکی تری ئاییندەییان بۆ حکومڕانی پێنەبووە، گەر گەندەڵی هەیە، گەر حکومەت ناتوانێ بەرگەی یەک هەفتە لە قەیران بگرێت کە زیڕەی ئیفلاسی لێ هەڵئەستێ، گەر دۆسیەی نەوت ناشەفاف و لێڵە و کەس نازانێ چیەو چۆنە، گەر ژمارەی فەرمانبەرانمان دوو هێندەی عێراقە بە لەبەر چاوگرتنی جیاوازی ژمارەی دانیشتوان، گەر کەس لە حکومەتیش ئامارێکی دروستی لە مەڕ داهات و خەرجی و ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەر و مووچەخۆران نییە، ئەمانە گوناهی هاوڵاتی و فەرمانبەرێکی بێدەستەڵات نین تا بەهۆیەوە بخرێتە بەر چەقۆی ئەم هەموو سزا ناڕەوایە، بەڵکو ئەمە بەرەنجامی سیاسەتی ڕەمەکیانە و بەربەرەکانێی زلحیزبەکان و پاوانخوازی دەستەڵات و بێسەروبەری ئەم توێژە دەستەڵاتدارەیە کە زیاتر لە چارەگە سەدەیەکە شوڵیان لەم مۆدێلە قەبوڵنەکراوەی حکومڕانی هەڵکێشاوە و ئێستاش بەم ئاکامە ئاڵۆز و ناسەقامگیرەی سیاسەتە رەمەکیەکانیان گەییشتوین.
سەیرە!! نەوت بفرۆشیت و بەملیارەها دۆلاریش قەرزت لە سەر کەڵەکە بووبێت، داهاتەکانت بەشی مووچەی مانگانەی دوو وەزارەت نەکات!!. حکومەت گەر ڕاست دەکات، خۆی لە بارو دۆخیەکە نادزێتەوە و کەمێک جورئەت دەداتە خۆی بۆ چاکسازی ئەوا پێویست ناکات ئابووریناس و فەیلەسوف بێت تا خاڵ بخاتە سەر پیتەکان، چونکە نەک پسپۆر و شارەزاکان، بەڵکو ئەمڕۆ نەخویندەوارێکیش دەزانێت برینە سارێژنەکراوەکانی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی هەرێمی کوردستان لە کوێن و لە چ کونێکە وە نەوت و پارە و سەروەت و سامانی ئەم هەریمە بەداڵانی ڕەش و نوتەکدا دەکرێت و چیتر خەڵک و هاوڵاتی نایان بینێتەوە، با لە وێوە دەست بۆ چاکسازی و شەفافیەت ببەن، ئەمەی لە ئێستادا حکومەتی هەرێم و پەرلەمانە ئەڵقە لە گوێکەی دەیکەن ڕێک لەم پەندە کوردیە دەچێت کە ناوەڕۆکەکەی دەڵێت” وا مێگەل بە تەواوی دەدزرێت کەچی شوان بەدوای بەرخە ڕەشەکەدا وێڵە!!”. ئاخۆ لە خۆیان پرسیوە کامیان دۆخی کوردستانی بەم ئاقارە ترسناکە گەیاندوە؟ شاردنەوە و لە پشت پەردە یاریکردن بە دۆسیەی نەوت و داهاتە ناوخۆییە کانیتری کوردوستان یان مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران؟ گەر حکومەت جورئەتی هەیە و دەیەوێت چاکسازی ڕاستەقینە ئەنجام بدات، با خانەنیشینی پلە باڵاکان هەڵبوەشێنێتەوە، با نەسریەی ئاغا و کوێخا وشێخ و دیوەخانەکانیان ببڕێت، با بەبێ درۆ پێمان بڵێت سەرجەمی داهاتە ناوەخۆییەکان چەندە، با ئاشکرای کات ئاخۆ ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە چەندیان لە فرۆشتنی نەوت بە بۆڕی تانکەری سەرپەردە و ژێرپەردەوە دەست دەکەوێت، با مووچەی خانەنیشینییە حیزبیەکانی خۆیان لە گیرفانی خیزبەکانی خۆیان بدەن، با مووچەی بە ناهەقی ئەم لێشاوەی کادیرە حیزبیەکانیان کە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەددامەوە بە ملی حکومەتدا ساغیان کردنەوە بەناوی خانەنیشینی و فەرمانبەر کە ژمارەیان زیاترە لە نێوەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەڵیان بوەشێننەوە، با سەر جەم دوو مووچەو سێ مووچە و چوار مووچەکان هەڵوەشێننەوە کە دڵنیام ناوی یەکە یەکەیان لە لای حکومەت هەیە و دەشزانن کێن، با خانەنیشینی پەرلەمانتاران هەڵوەشێنێتەوە کە هیچ بنەمایەکی لۆژیکی و ڕەوای نییە، گەر پەرلەمان پێی وایە ئەوان نوێنەری خەڵکن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوش دەزانن کە هاوڵاتیان بۆ ئەوە دەنگیان پێنەداون تا لە سەر حیسابی خەڵکی بەش مەینەت ملیۆنان دینار بۆ خانەنیشینی خۆیان لە خەزێنەی گشتی داببڕن، من جارێکیتر بیریان دە‌هێنمەوە ئەو مافەداراییانەی پەرلەمانتاران لە ماوەی چوارساڵی پەرلەماندا بەم ژمارە گەورەیە وەریدەگرن گەلێک پێوەر و حیسبکاری وردی بۆکراوە، لەسەر ئەم بنەمایەش لە هەموو دونیا وەک بەخشش پێناسکراوە نەک مووچە، هەڵبەت لە بەخششیشدا خانەنیشینی نییە. با نەسریەی حیزبەکانیان ببڕن کە هەریەکەیان خاوەنی ئیمپڕاتۆڕیەتێکی ئابوری زەبەڵاحن لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردوستان و دەتوانن نەک مانگێک بەڵکو چەند ساڵێک حکومەتی هەرێم بژێینن. با بۆمان ڕوون بەکەنەوە ئاخۆ حیزبەکانیان چۆن چۆنی بوونەتە خودان دەزگای وەبەرهێنان و ملیارەها دۆلاریان کەڵەکە کردوەتە سەریەک و ملی حکومەتیش سەرەڕای نەوت فرۆشتن و داهاتەکانیتر ساڵ لە دوای ساڵ لە ژێر ملیارەها دۆلار قەرز دەشکێت. پێتان وایە هاوڵاتی دەبەنگە و ئاماژەی پرسیاری نەخستوەتە سەر ئەم مەتەڵە سادەیە.
حکومەتی هەرێم بە هەر نۆ کابینەکەیەوە هیچ کاتێك جورئەت و ئیرادەی چاکسازییەکی ڕاستەقینەی نەبووە، بۆیە هەرجارەو بە فۆڕمێکی پێکەنیناویتر ئەم حیکایەتی مێشە سواوەمان پێدەفرۆشێتەوە، تەنها بۆ ئەوەی بە زۆر بڕوامان پێ بهێنێت کە دژی گەندەڵیە، لە کاتێکدا کە هەموومان دەزانین ئەمانە درۆی زۆر لەوە شاخدارترن بتوانن هەڵمان خەڵەتێنن.
دواجار هاوڵاتی و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردوستان بەناهەق باجێکی گەورەی ئەم کاڵفامی کارگێری و گەندەڵپەرستییەیان داوە کە حیزبە کوردییەکان لە ٢٩ ساڵی حوکومڕانی ئەم هەرێمەدا دەرخواردیان داون، هەموو سنورێکی بێرێزیکردنی تێپەراندوە، ئیتر کاتی ئەوە هاتوە واز لە شاردنەوەی پەڵە رەش و گەندەڵیەکانیان بێنن لە ڕێگەی سزا دانی هاوڵاتی و فەرمانبەران. گەر هەر وازیش لەم قەوانە نا‌هێنن، با لەبەرامبەریشدا بە لایانەوە ئاسایی بێت کە خەڵک بۆ دەربڕینی نارەزایەتی و داواکردنی مافە سەرتاییەکانی خۆی بڕژێتە سەر شەقامەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.