مێژوو بۆ هەمووان!

لەلایەن ستاندار Posted on 502 جار بینراوە

دکتۆر جەبار قادر

وتەیەکی پێشەنگی مێژوونووسانی کورد میر شەرەف خانی بدلیسی لە “شەرەفنامە”دا هەیە دەڵێ”مێژوو لە سەرووی هەموو هونەرانەوەیە”. مێژوونووسی گەورەی کوردیش پرۆفیسۆر کەمال مەزهەر لە کتێبی “مێژوو”دا دەڵێ”هیچ گومان لەوەدا نەماوە کە مێژوو زانستێکی گەورە و بەکەڵکە، بەڵکو بێ سێ و دوو دەتوانین ناوی بنێین “زانستی زانستەکان”. ڕاستەکەشی مێژوو زانستی زانستەکانە، وەک خوێی چێشت وایە بۆیان..”. هەر لە هەمان کتێبدا ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ سەرکردە و فەرمانڕەوایەکی سەرکەوتوو نیە گرنگی بە مێژوو نەدابێ و هەوڵی نەدابێ پەند لە وانەکانی وەربگرێ. پێموایە یەکێ لە هۆکارە گرنگەکانی شکستی کورد بە گشتی و ڕابەرانی کورد بەتایبەتی گوێنەدان و تێنەگەیشتنە لە وانەکانی مێژوو. فەرمانڕەوا و کاربەدەستانی ملهوڕ و دیکتاتۆر حەزیان لە مێژووییەکە کە دڵ دەیخوازێ، نەک ئەوەی بە ڕاستی ڕوویداوە. بەدرێژایی مێژوو کەسانی وا ئامادە بوونە بەو جۆرەی دڵی ئەو فرمانڕەوایانە دەیخواست، مێژوویان بۆ بڕازێننەوە. ئەمانە بە “سەگی دەربار یا دەسەڵات” نێو دەبران، فەرمانڕەوای وا هەبووە لە مێژووی ئیسلامدا داوای لەم سەگی دەربارانە کردووە مێژووی بنەماڵەکەی بۆ بنووسنەوە. دوای حەوت جار نووسینەوە و پێداچوونەوە و ڕازانەوە و بە قەولی ئەحمەد ساڵار تیفتیفەدان، ئەوجا پێی قایل بووە. بۆیە دەبێ مرۆڤ هەمیشە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە مێژوو بەخوێنێتەوە.
مرۆڤ دەتوانێ تەنها لە مێژووی ڕاستەقینە پەند وەربگرێ، نەک لە مێژووی هەڵبەستراو و تیفتیفەدراو، چونکە ڕووداوەکانی بەو شیوەیە نەبوونە.
ئاشکرایە مێژووی کورد بە مەبەست لە لایەن سەگانی دەربارەوە بە خراپی شوێندراوە، بەڵام لە سەردەمەی ئێستادا مێژوونووسانی کوردیشیان لێ زیاد بووە. هەندێکیان بە مەبەستی بەرگری لە گەلەکەیان و لە دژی ئەو شیواندنەی نووسەران و مێژوونووسانی گەلانی سەردەست پەنا دەبەن بۆ گەورەکردنی ڕووداوە مێژووییەکان و سەردارانی کورد بە شیوەیەکی زۆر ناڵۆژیکی. هەرە خراپەکانیان ئەوانەن کە خەریکی هەڵبەستنی مێژووی پڕ لە سەروەری بۆ حیزب و درخستنی زانایی و دانایی سەرکردەکانیانن.لەم سەردەمی شۆڕشی زانیارییەدا ئەوان خەریکی بت دروستکردنن کە عەقڵی سەردەم ڕەتیدەکاتەوە.
بە هۆی باری ڕەوتی مێژوویی گەلی کوردەوە، نەبوونی سەرچاوەی مێژوویی و ئەرشیفی نەتەوەییەوە، دواکەوتنی ناوەند و قوتابخانەی ئامادەکردنی توێژەر و پسپۆر و گەلێ هۆکاری تر، توێژەری کورد زۆر کەم دەرفەتی ئەوەی هەبووە بە ئازادی لێکۆڵینەوە لە مێژوو و بوارەکانی تری ژیانی کوردەواری بکات. تا ئێستاش کە بەشێکی کوردستان ئازادە، سەدان بابەت و ڕووداوی مێژوویی هەن، کە سەرباری تێپەڕبوونی دەیان ساڵ نەبوونە بە بابەتی مێژوویی ڕووت وکە توێژەران بتوانن بە ئازادی و بێلایەنانە و دوور لە چاوسوورکردنەوە لێکۆڵینەوەیان لە بارەوە بکەن. هەموو ئەم هۆکارانە زەمینەیەکی وایان ساز کردووە کە جەماوەرێکی فراوان لە خوێنەرانی کورد حەوسەڵەی خوێندنەوەی توێژینەوەیان نەبێ. گۆڤارە “زانستییەکان”ی زانکۆکانی کوردستان کەمترین خوێنەریان هەیە.
بۆ دەمێکی درێژ زۆربەی خوێنەوارانی کورد شاعیر بوون و ئێستاش بە ژمارەیەکی هەندێ کەمتر خەریکی ڕۆمان نووسینن. هەڵبەتە لە کۆتاییدا چۆن لەو سوپا گەورەییەی شاعیران چەند دانەیەکیان هەڵکەوتن، ڕەنگبێ بۆ ڕۆمان نووسان ژمارەی هەڵکەوتووەکان زۆر کەمتر بێ.
زۆربەی گەلانی جیهان لە تەک توێژینەوەی قووڵی زانستیدا لە بواری مێژوو، گۆڤاری و بڵاوکروەی گشتی جۆراوجۆریان هەیە کە ڕووداو و کەسایەتییە مێژووییەکان بە پوختەیی و بە زمانێکی دڵگیر دەخاتە بەردەم خوێنەران. ئەمە بە شێوازێکی باش دادەنرێ بۆ شارەزاکردنی جەماوەرێکی فراوان لە خوێنەواران بە ڕووداوە مێژوویەکان. بۆ ئەوەی خوێنەران نەتۆرێن، نابێ ئەم وتارە مێژووییانە باریان گران بکرێ بە پەراوێز و لیستی سەرچاوەی دوور و درێژ.
دکتۆر کەمال مەزهەر لەم بوارەشدا پێشەنگ بوو و سەدان وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بلاوکردەوە، کە خوێنەری زۆریان هەبوو و گەلێ کەس لە بەر وتارەکانی ئەو بڵاوکراوانەیان دەکری. دکتۆر ئەحمەد عوسمانیش لەم بوارەدا ناوێکی دیارە و شوێن پەنجەی دیارە. هەروەها دکتۆر کاوس قەفتان.
من وتارەکانم لە دەسپێکی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە گۆڤارە “نا ئەکادیمییەکان”دا بڵاوکردووەتەوە. لە دوای ڕاپەڕینیشەوە لە ڕۆژنامە و گۆڤارە گشتییەکان، زۆریان بێ ئاگادار کردنەوەم بڵاوکراونەتەوە.
ئێساتاش زیاتر لەم لاپەڕەیە وتارەکانم دەنووسم و بە سوپاسەوە هەندێ لە سایتە کوردییەکان بەشێکیان وەردەگرن و بڵاویان دەکەنەوە.
لەو باوەڕەدام لە ڕێگەی ئەم جۆرە وتارانەوە، کە هێشتا هەندێ برادەر پێیان دوور و درێژە، تیشک بخەینە سەر هەندێ لە کونجە تاریکەکانی مێژووی کورد. ئەوەی من زیاتر گرنگیی پێ دەدەم تۆمار کردنی زانیارییە لە سەر ئەو کەسایەتییانەی کە لە مێژووی کوردا کەمیان لە سەر نووسراوە، لە کاتێکدا بۆ سەردەمەکەی خۆیان کاری گەورەیان کردووە.
بەر لە چارەکە سەدەیەک ئاماژەم بە دیاردەیەک لە مێژووی کورددا کرد، کە بریتییە لە زۆر باسکردنی کەسانێک و کردنیان بە پاڵەوان لە کاتێکدا ئەو ڕۆڵەی بینیویانە گەورە نەبووە. لە بەرامبەردا کەسانێکی مەزنمان هەن کە ڕۆڵی گەورەیان بینیوە، ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە، یا زۆر بە کەمی باسیان لیوە کراوە. ئایە ئەم “پیلانی” دوژمنانی گەلەکەمانە، یا لە ئەنجامی خوێندنەوەی نادروستی خۆمانەو سەرچاوەی گرتووە. عەقڵی گشتیی کورد ئەمە جۆرە بۆچوونە هێشتا بە ئاسانی وەرناگرێ. من بۆ خۆم یەک دوو جار لە کۆڕ و سمیناری بازاڕ گەرمکردندا لەسەر ئەم قسانە ڕەخنەی توندم لێ گیراوە، ئەگەر نەڵێم تاوانبار کراوم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.