ئەمریكاو روسیا توركیایەكی بێ ئەردۆغانیان قبوڵە

لەلایەن ستاندار Posted on 260 جار بینراوە

لوقمان حاجی قادر

توركیا خاوەن پێگەیەكی جیۆسیاسی گەورە و گرنگە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا؛ لە سێ لای باكور و باشور و ڕۆ‌ژئاواوە، بە سێ دەریا دەورە دراوە (دەریای ڕەش، دەریای ناوەڕاست، دەریایی ئیجە)، لە ڕۆژهەڵاتیشەوه هاوسێی ئەرمینیا و ئێرانە. هەر سێ گەرووی بۆسفۆر و دەردەنیل و مەڕمەرە دەكەونە خاكەكەیەوە، كە دەریا ڕەش بە دەریای ئیجەوە دەبەستنەوە و ئاسیاش بە ئەوروپا دەگەیەنێت.

توركیا لە ساڵی ‌1952 بۆتە ئەندامی (ناتۆ) ، پێگە ئابووری و هێزە سەربازییەكەشی‌، كردویانەتە هێزێكی هەرێمی گەورەی‌‌‌ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەندامی چەندەها ڕێكخراوی ئابووری جۆراوجۆرە‌، لەساڵی 2005 وە دانوستانی چوونە ناو یەكیەتی ئەوروپای دەستپێكردووە. پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و پیشەسازییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست و دەوڵەتانی ئەفریقی بەهێزن.

تا ساڵی 1922 عوسمانییەكان فەرمانڕوایی بوون، لە ساڵی 1923 كۆماری توركیای عەلمانی دیموكراسی لەسەر دەستی كەمال ئەتاتورك دامەزرا.

لە ساڵی 2002، پارتی داد و گەشەپێدان فەرمانڕەوایی وڵاتی گرتەدەست، كە لە ئێستادا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات. لە دەستپێكی فەرمانڕەوایی ئەو پارتەدا، توركیا گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی لە چەندەها بواری جۆراوجۆردا بەخۆەبینی، بەشێوەیەك چاودێرانی سیاسی پێیان وابوو پارتی داد و گەشەپیدان دەتوانێت تەكانێكی گەورە بە توركیا بدات و لە پرسە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا بەرە و ترۆپكی سەركەوتنی ببات.

لە سایەی حوكمڕانی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان، كەڵكەڵەی فراوانخوازی و هەژموونخوازی وڵاتی تەنی، بە سوود وەرگرتن لە پێگە جیۆسیاسییەكەی، سوپا بەهێزە سەربازییەكەی ئابوورییە گەشەسەندووەكەی، قوڵاییە ئاینی و مەزهەبییەكەی، ئەردۆغان ویستی ڕۆڵێكی گەورە هەرێمی لە پرسە گەرمەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێت و پەلیش بهاوێت بەرەو لیبیا و ئاسایای ناوەڕاست، بۆ بەدیهێنانی ئەو ستراتیژیەتەش، ویستی پەتپەتێن لە نێوان دووزلهێزەكەی جیهاندا بكات، بە تایبەتیش دوای ئەوەی لەسەر پرسی سوریا و عەبدوڵا گولەن و قەشە بڕۆنسۆن و هەڵگەڕانەوە سەربازییە شكستخواردووەكەی ساڵی 2016، بەرەبەرە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا بەرەو ئاڵۆزی چوون، بۆیە ووردە ووردە،بە نزیكبوونەویە لە ڕوسیا، لە جەمسەری ڕۆژئاوا دووركەوتەوە، بە تایبەتیش كاتێك ڕوسیا لە ساڵی 2015 دەستی وەردایە پرسی سوریا و نەیهێشت ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد بكەوێت كە ئەو كات تەنها 17% خاكی سوریای لەبن دەستدا مابوو، كەچی لە ئێستدا سوریا بە پشتیوانی مۆسكۆ، نزیكەی 70% ی خاكەكەی كۆنتڕۆڵ كردۆتەوە.

گرفتە سەرەكییەی توركیا لە نێوان ئەمریكا و ڕوسیادا، ئەو ڕۆڵەیە هەرێمییە گەورەیە كە خۆی دەیەوێت بیگیڕێت، لەولاشەوە دوو زلهێزەكە دەیانەوێت توركیا ئەو ڕۆڵە بگێڕێت كە خۆیان دەیانەوێت و بۆی دیاریدەكەن، ئەوان گەرەكییانە كۆی خەرمانەكە بۆ خۆیان ببەن، لە كۆتایشدا چەند مشتە گەنمێك بۆ توركیا بهێڵننەوە.

سیاسەتی دەرەوەی توركیا لەو نێوانەدا، تا ئێستا نەیتوانیووە سەركەوتوو بێت، هەنگاوە تاكتیكییەكانی ئەردۆغان، نزیكی نەكردۆتەوە لەو‌ ستراتیژە خەیاڵییەی لە هزری خۆیدا ڕەنگڕێژی كردووە؛ ئەویش بوون بە تاكە هێزی هەرێمی و پەلهاویشتنیش بۆ دەرەوەی هەرێمەكە و بگرە دوورتریش.

ئەم سیاسەتەی ئەنقەرە لە سایەی ئەردۆغاندا، چەندەها گرفتی گەورەی بۆ وڵات دروست كرد؛ لە (سیاسەتی سفركردنەوەی كێشەكان) ەوە كە ئەحمەد داود ئۆغڵۆ ئەندازیاری بوو، بۆ 100% كێشەكان؛ پەیوەندییەكانی لەگەڵ زۆرینەی دەوڵەتانی عەرەبی بارگرژی تێكەوت، بە تایبەتیش دوای ئەوەی ئەردۆغان ویستی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی بقۆزێتەوە و ڕەووتە ئیخوانییەكانی ئەو وڵاتانە بگەیەنێتەسەر كورسی حوكمڕانی لە وڵاتەكانیاندا، بۆیە لە سوریا و لیبیا و سودان و میسر و تونس..هتد، ئەو كۆششانەی نەزۆك بوون.

لە پرسی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەكانیشدا، سنورەكانی ئازادی بیروڕا بەرتەسككرانەوه و هەزارەها كەس ڕاپێچی بەندیخانە كران و دەستگیركران‌، میدیاكان سانسۆری زۆریان خرایەسەر و دادگاش بوونە دەستكەلا پارتی فەرمانڕەوا، سیستەمی سیاسی توركیا لە پەرلەمانییەوە گۆڕا بۆ سەرۆكایەتی، لەو ئان و ساتی گۆڕینی سیستەمەكەشەوە تاوەكو ئێستا، 17500 دۆسییەی بێڕێزیكردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە دادگاكان تۆماركراون، كە سزاكەیان یەك ملیۆن لیرە (162 هەزار دۆلار) یان بەندكردنه.‌ بە ناوی ڕاوەدوونانی بزووتنەوەی فەتحوڵا گولەنشەوه،‌ نزیكەی نیو ملیۆن كەس دەستگیركراون.

لە پرسی كورد و ڕۆژئاوای كوردستانیشدا، توركیا بە پاسا و بیانووی بێ بنەما و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، چەندەها هێرشی سەربازی كردەسەر كوردەكانی سوریا، لە كاتێكدا دەسەڵاتەكەی ڕۆژئاوای كوردستان، لە ساتەوە وەختی دامەزراندنییەوە تاكە فیشەكێكی بە توركیاوە نەناوە، ئەمەش زیاتر و زیاتر توركیای لە ناوەندە جیهانییەكاندا و بە تایبەت ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی مافەكانی مرۆڤ ڕسوا كرد و تووشی ڕوگیرییەكی گەورەی‌ كرد، كردە سەربازییەكانیشی بە پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنە پاشكۆكەی لە چەكدارە توندڕەووەكان، چەندەها تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتییان لەو ناوچانە ئەنجامدا كە دەستیان بەسەردا گرت.

لە پرسە ناوخۆییەكانیشدا، دۆخی توركیا لە پرسە دەرەكییەكەی‌ باشتر نییە، زۆرێك لە سەرۆك شارەوانییە كوردەكانی لەسەر كار لاداون، بەمەش پەیوەندی لەگەل هەدەپە گەیشتۆتە خراپترین ئاست، پارتی داد و گەشەپیدانی فەرمانڕەواش تووشی پەرتبوونی ڕیزەكانی بووە،زۆریك لە ئەندامە دیار و كاریگەرە سیاسییەكانی لێی جیابوونەوە، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و عەلی باباجانیش كە دوو كۆڵەكەی سەرەكی سەركەوتن و پیشكەوتنەكانی پارتی داد و گەشەپیدان بوون، ئێستا لێی جیابوونەوه، یەكەمیان ئەندازیاری سفركردنەوەی كیشەكان بوو، دووەمیشیان ئەندازیاری پەرەسەندە ئابوورییەكەی توركیا بوو.

لە پرسە هەرێمییەكانیشدا، توركیا دەستێوەردانی لە چەندەها ناوچە كردووە و تووشی تێوەگلانی سەربازی بووه، وەك لە سوریا و لیبیا كردی، لە ئێستاشدا لە هەردوو پرسەكەدا بەرەو دۆڕانێكی حەتمییە، بە ڕادەیەك لەم دواییانەدا بە ڕوون و ئاشكرایی چەكدارە سوریە توندڕەوەكانی ڕەوانەی لیبیا كردن بۆ پشتیوانی لە حكومەتەكە فایز سەڕاج كە چەكدارە توندڕەووەكان بەسەریدا زاڵن. هەر بۆ پشتیوانی سەڕاج، ئەردۆغان سەردانی تونس و جەزائیری كرد، بەڵام لەمە‌شیاندا سەركەوتوو نەبوو، بەجۆرێك بەیاننامەی فەرمی هەردوو حكومەتی تونس و جەزائیر بەدرۆخستنەوەی‌ ئەردۆغان بووە لەو لێدوانانەی سەبارەت بە هەردوو سەردانەكە بۆ میدیاكانی دابوونی.

لە مامەڵەی موشەكی بەرگری ئاسمانی ئێس – 400 ی ڕوسیدا، توركیا ویستی تۆڵە لە ڕۆژئاوا و ئەمریكا بكاتەوه كە پێی وایە لە پشت هەڵگەڕانەوە شكستخواردووەكەی ساڵی 2016 توركیا بوونن‌، لەم پرسەدا ئەنقەرە لە ڕێساكانی ناتۆ چۆدەرەوە و هۆشدارییەكانی ناتۆ و ئەمریكاشی لەبەرچاو نەگرت، كە پێیان وایە ناكرێت ئەو سیستەمە موشەكییە ڕوسیا، لەگەڵ سیتەمەكانی بەرگری ئاسمانی ناتۆدا كۆبكرێتەوە، چونكە دزە بە نهێنییە سەربازییەكانی ناتۆ دەكات. هەمیسان ئەو سەودایەش دادی توركیای نەدا، ئەمەش لە دوا جەنگی شاری ئیدلب لە سوریا بە ڕوونی دەركەوت كە ئاسمانی شارەكە لە بندەستی ڕوسیادا بوو، ئەمە سەرباری ئەوەی كە‌ سیستەمی ئێس – 400 ڕوسییە، بۆیە ڕوسیا بە ئاسانی دەتوانێت خۆی لێبپارێزێت، لەوەش خراپتر ئەوەیە كە توركیا هێشتا نەیتوانیووە خودی سیستەمە موشەكییە‌ بخاتەكار. بۆیە بە ناچاری پەنای بۆ ناتۆ برد كە موشەكی پاتریۆتی پێبدەن و داواكەشی بێ ئەنجام بوو.

دوای سەركەوتنەكانی ڕوسیا و سوریا لە جەنگی ئیدلب و شكستی توركیا و هێزە ئۆپۆزسیۆنە پاشكۆكانی، دواتریش ڕێككەوتنەكەی مۆسكۆ كە تیایدا توركیا جگە لە ڕزگاربوونی لە ڕوگیرییەكەی بە هۆی هەڵویست و لێدوانەكانی ئەردۆغانی سەرۆكییەوە، هیچی دەستگیر نەبوو و مۆسكۆش ئەوەی وویستی بەدەستیهێنا، بۆیە توركیا پەنای بۆ كارتی ئاوارەكان برد، تاوەكو فشاری پێ لەسەر یەكیەتی ئەوروپا دروست بكات، بەوەی هەڵوێستێكی سیاسی لێیانەوە دەستكەوێت لە پرسی ئیدلبدا، یان بەلایەنی كەمەوە بڕە پارەیەكی زیاتر لە یەكیەتییەكە بكێشتێتەوە هەروەك پێشووتر كردی، كەچی ئەم تاكتیكەش بێ ئەنجام بوو، یەكیەتی ئەوروپاش ملی بۆ كردە بێزاركەرە نابەرپرسانەكەی توركیا نەدا و لەمەشیاندا ئەنقەرە مایەپوچ بوو.

لەمەی سەرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە واشنتۆن و مۆسكۆ ، هیچ كامیان ئەنقەرەیان وەك هاوبەشێكی ستراتیژی قبوڵ نییە، هەردووكیان گەرەكیانە توركیا لە بازنەیەكی سنورداری خۆیاندا بخولێننەوه و پەیامی ئەوەشی پێ بدەن كە دەبێت جوڵەكانی لە بازنەی ئەواندا سنورداربن ‌، هەردووكیشیان ووریا و بەئاگان لەو یارییە دووسەرەی توركیا لە سەر پەتی ئەوان دەیكات، بۆیە ئەنقەرە جێگە متمانەی هیچیان نییە و باوەڕیش بە هەنگاوەكانی ناكەن، ئەمەش‌ بە ڕوونی لە ناوەندە سیاسییەكانی ئەمریكا و ڕوسیادا گوزارەی لێ دەكرێت، میراتە مێژوویەكەی‌ نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆش لە بەرژەوەندی ئەنقەرەدا نییە، دوا هەڵوێستەكانی توركیاش بەرامبەر ئەمریكا و ناتۆ و ڕۆژئاوا، خەریكە بە تەواوی دوا بزمار لە تابوتەكەی توركیا دەدات.

هەردوو زلهێزەكە، توركیایان وەك دەوڵەت‌ قبوڵە‌، بەڵام پێ ناچێت چی دیكە ئەردۆغانیان وەك سەرۆك قبوڵ بێت، هەردووكیان توركیایەكی بێ ئەردۆغانیان دەوێت، بۆیە لەوانەیە و بەدووریش نازانرێت، توركیای بێ ئەردۆغان، پلانی هاوبەشی ئایندەی هەردوولا بێت (چ بەیەكەوە ، چ بە تەنها) و لە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەو پلانەشدا، هەردوولا كارئاسانی بۆ بكەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.