مهریوان وریا قانع
دەمەوئێوارەی ڕۆژی ١٦ مارت لە لەندەنەوە گەیشتمەوە شاری ئەمستردام، ئەو شارەی زیاد لە ٢٥ ساڵە تیایدا دەژیم. چونم بۆ لەندەن پەیوەندیی بە پلانی گەڕاندنەوەوەمەوە بۆ کوردستان ھەبوو، بە حوکمی ئەوەی ڕێگای ئاسمانی لەنێوان ئەمستردام و سلێمانیدا نییە، ناچاربووم ڕێگای ئەمستردام لەندەن و لەندەن قەتەر و قەتەر سلێمانی ھەڵبژێرم، چونکە نەمدەویست لە ڕێگای ھێڵە ئاسمانییە تورکییەکانەوە بگەڕێمەوە و تا ئێستاش وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی پابەندی ئەو بایکۆتە ئابورییەم کە لە دوای ھێرشی سوپای تورکیاوە بۆ سەر ڕۆژئاوا دەستیپێکرد. بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرگای گەڕاندنەوەکەمی بۆ کوردستان داخست و پلانی سەفەرەکەمی تێکدا. بۆیە ئێوارەی ١٦ مارت گەڕامەوە و جارێکی تر لە فڕۆکەخانەی ئەمستردام دابەزیم. ھەر کە لە فڕۆکەخانەکە دبەزیم سەرجەمی قاوەخانە و باڕ و چێشتخانەکانی ناو فڕۆکەخانەکە داخرابوون. ئەو کۆگا و دووکان و شوێنانەی تریش کە لە فڕۆکەخانەکەدا خواردن و خواردنەوەیان دەفرۆشت، ھەموویان داخرابوون. یەکەمجاربوو فڕۆکەخانەی ئەمستردام، کە ساڵانە سەروی ٦٠ ملیۆن مرۆڤ ھاتووچوی تیادەکەن بەو چۆڵ و ھۆڵییەی ئەو ئێوارەیە و بەو ھەموو شوێنە داخراوانەوە، ببینم.
سواری شەمەندەفەر بووم بەرەو ئەمستردام کەوتمە ڕێ، شەمەندەفەرەکەش تەواو چۆڵ بوو، لەو واگۆنەی من تیایدا دانیشتبووم، ھەمووی چوار یان پێنج کەسی تێدابوو. لێرەشدا دیسانەوە یەکەمجاربوو شەمەندەفەرێک بەو خاڵییە ببینم کە لە فڕۆکەخانەکەوە بۆ ئەمستردام بڕوات. ھەمیشە ئەو شەمەندەفەرانە پڕن لە خەڵک و زۆرجار جێگەی دانیشتن نییە و مرۆڤ ناچارە بە پێوە بوەستێت، خەڵکانێک کە بەچەندەھا زمانی جیاواز قسەدەکەن و ھەریەکەیان لە شوێن و جێیکەی دنیاوە ھاتوون بۆ ئەو شارە.
کە گەیشتمەوە ناو ئەمستەردام، یەکەمجاربوو شارکەەش بەو چۆڵییە ببینم. ھەموو شتێک داخرابوو، خەڵکێکی کەم بەسەر شەقامەکانەوە بوون و تاک و تەرا لێرە و لەوێ کەسێک یان پاسکیلسوارێک دەبنیران کە، ئەوانیش وەک من، بە سەرسوڕمانەوە لە چۆڵەوانی ئەو ئێوارەیان دەڕوانیی و بەناویدا تێدەپەڕین. ئەمستردام شارێکە لە کاتی ئاساییدا ناخەوێت، شەوەکانیشی پڕ قەرەباڵغیی و سەراسیمەییە، ھەمیشە چەندەھا شوێنی جییاواز کراون. کەچی ئەو ئێوارەیە ھەموو شتێک لەناو بێدەنگییەکی گەورەدا داخرابوو.
من کە لەندەنەوە گەڕابوومەوە، لەوێ، لە لەندەن، جگە لە یاریگاکانی یاری فوتبۆڵ، ھیچ شوێنێکی گشتیی تر لەو شارەدا دانەخرابوو، ھەم چاخانە و قاوەخانەکان پڕبوون لە خەڵک، ھەم میترۆ و پاس و شەمەندەفەرەکان، ھەم شەقام و گۆڕەپان و کۆڵانەکان. پارکەکانی لەندەن وەک ھەمیشە پڕبوون لە خەڵک، لە منداڵ و گەنج و پیر، پیاو و ژن، خەڵکانی جیاوازی سەر بە شوێنە جیاوازەکانی جیھان. لەندەنیەکان تا ئەو کاتە گوێیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەئەدا و وا دەژیان وەک ئەوەی شتێکی مەترسیدار لە ئارادا نەبێت. چەند ڕۆژێک دواتر، لە بەردەمی شاشەی تەلەفیزیۆنی ماڵەکەمەوە، بینیم لەندەنیش وەک ئەمستردامی لێھاتووە و خەڵک چوونەتەوە ماڵەکانی خۆیان. ھەواڵی دۆخی تراژیدیی ئیتالیا ھەواڵی یەکەمی تەلەفیزیۆنەکان بوو، چین و ئێران و ئیسپانیاش ھەواڵی دوای کارەساتەکانی ئیتالیا بوو.
تا ئەو ئێوارەیەی من گەیشتمەوە ھۆڵەندا کەس لە ئەمستردام بە نەخۆشی کۆرۆنا نەمردبوو، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە ھەواڵەکان مردنی یەکەمین کەسیاین لەم شارەدا بەیانکرد، ەخۆشێکی بەسەرو ھەشتا ساڵ بوو. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، کە چوار ھەفتەیەک تێپەڕیوە، ٨٣ کەس لە ئەمستردام و شارەوانییە بچووکەکانی دەوروبەریدا مردون و نزیکەی ١٣٠٠ کەسیش تووش بوون. ژیانی گشتیی لە شارەکەدا بەتەواوی تێکچووە. خەڵک ئەلکھول زۆر کەمتر دەخۆنەوە. بۆ کوشتنی بێتاقەتیی مانەوە لە ماڵەکاندا ھاوڕێ و دۆست و ناسراوەکان ”کافێ و باڕ و قاوەخانەی ڤێرتوێڵ“ یان دروستکردوە و لەڕێگای ئۆن لاینەوە یەکتری ”دەبینن“. پارکەکانی ناو شارەکە دانەخراون، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە چاودێریدەکرێن و ناھێڵن قەرەباڵغی دروستببێت. نابێت لە سێ کەسیش زیاتر خەڵک بەیەکەوە کۆببنەوە، کە کۆشدەبنەوە دەبێت مەسافەی نێوانیان مەتر و نیوێک بێت.
خەریکە دەستەواژەی ”مەتر و نیو“ دەبێت بە چەمک، چەمکێکی سۆسیۆلۆژیی. سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندا بۆ یەکەمجار دەستەواژەی ”کۆمەڵگای مەتر و نیو“ی بەکارھێنا، واتە کۆمەڵگایەک کە خەڵکەکەی مەسافەیەک لەنێوان خۆیاندا بھێڵنەوە و دوورتر و وردتر لە خۆیان و دەوروبەرەکەیان ڕابمێنن. باس لە ”ئابوریی مەتر و نیو“ دەکرێت کە فۆرمێکە لە ئابوریی لەسەر ئەو ھەڵپە گەورەیەی بەرخۆریی کارنەکات و ڕێ لەوە بگرێت مرۆڤ کورتببێتەوە بۆ بوونەوەرێکی ئابوریی. ھاوکات فۆرمی تازەی مشورخواردن و بەدەم یەکەوەچوون دروستبووە، بە تایبەتی لە پەیوەنیدا بە پیران و بیماران و بەساڵاچووەکاندا. منداڵان لە پشتی لاپتۆپ و کۆمپیوتەرەکانیانەوە لەگەڵ دایە گەورە و بابە گەورەکانیاندا پەیوەندیی دەگرن و دەیاندوێنن. کوڕ و کچی باو و دایکە بە ساڵاچووەکان بازاڕیان بۆ دەکەن و زۆرجار لە پشتی دەرگاکانەوە بۆیان بەجێدەھێڵن، یان لە خانەی پیراندا و لەبەردەم پەنجەرەی ژوورەکانیدا دەوەستن و لەسەر شەقامەکانەوە سەیریان دەکەن و ھەندێک ووشەیان لەگەڵدا دەگۆڕنەوە.
یەکێک لە گۆرانیبێژەکانی شاری ئەمستردام ڕۆژانە سەردانی خانەی پیران و بیماران ئەکات و لە دووری چەند مەترێکەوە مۆسیقایان بۆ دەژنێت و گۆرانیان بۆ دەڵێت. ئەم گۆرانیبێژە تا ئێستا خۆبەخشانە و بێبەرامبەر سەری لە ٣٠ بۆ ٣٥ خانەی پیران داوە و لە ھەموویاندا گۆرنی وتوە. دەکرێت ئەم جۆرە لە ھونەر بە ”ھونەری مەتر و نیو“ ناوببەین.
کۆرۆنا، سەرڕەای کارەسات و تراژیدییەکانی، تا ئێستا ھەندێک فۆرمی تازەی پەیوەندیی ئینسانیی و دۆستانەی دروستکردوە کە دەشێت لە قۆناغی دوای کرۆنادا گەشەی زیاتریان پێبدرێت. منیش نزیکەی چوار ھەفەتەیە لە ماڵەوەم و لەڕێگای ئۆن لاینەوە وانەکانی زانکۆم دەڵێمەوە. لە ڕێگای ئۆن لاینەوە کاروبارەکانی تری زانکۆ بەڕێوەدەبەم و لە ڕێگای ئۆن لاینەوە ھەندێک لە پێداویستییەکانم دەکڕم. ژیان لە ھۆڵەندا لە ھەموو بوارەکاندا بووە بە ”ژیانی مەتر و نیو“، بەجۆرێک گەڕانەوە بۆ ژیانی ”چەند سانتیمەتەرێک لەیەک دوور“ لە یۆتۆپیایەکی گەورە ئەچێت. یەکێک لە قەرەباڵغترین شارەکانی دونیا، ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر چۆڵ و ھۆڵ و خاڵییە.