وردەكاری زیاتر لەبارەی كەیسی مستەفا سەلیمی

لەلایەن ستاندار Posted on 448 جار بینراوە

رێبین فەتاح

١- لە سێدارەدانی مستەفا سەلیمی، بابەتێکی کارەساتبارە. چەند کەناڵی میدیایی و دەیان کەسیش لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بە زانیاریی و بەبێ زانیاریی قسە لەسەر دۆسیەکەی دەکەن. هەندێک هەڵوێستێکی مرۆیی و نەتەوەیی و هەندێکیش بۆ تەنیا ئامانجێکی سیاسی دۆسیەکەی دەوروژێنن و بازرگانییەکی سیاسیی بە خوێنی سەلیمییەوە دەکەن! ئەو بازرگانییە سیاسییە، بەشێکی ئەو کارەساتەیە بەسەر سەلیمی دا هاتووە.

٢- بەگوێرەی هەندێک لەو زانیارییانەی لە هاوڕێیانی ڕۆژهەڵاتیم وەرگرتووە. مستەفا سەلیمی ماوەی سێ ساڵ پێشمەرگەی دیموکرات بووە و دواتر بۆ ئێران گەڕاوەتەوە، ئەوەش پێش ساڵانێکی دوور.

٣- لە ئێران گرووپێکی چەکداریی دروست کردووە. ئەو گرووپە چەکدارییانەی ئێمە بە گرووپی (یاخی دژە حکوومەت یان دەوڵەت) ناوی دەبەین و دەوڵەت و ڕژێمە داگیرکارەکانی کوردستانیش بە (چەتە و ڕێگر) لە قەڵەمی دەدەن. یاخیەتی دژ بە ڕژێم و دەوڵەتەکانی کوردستانیان پێوە لکێنراوە و لە زۆر کۆنتریش و پێش دامەزراندنی ئەو دەوڵەتانەیش و لەماوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەویی، لە سەرتاسەری کوردستان هەبووە. بەدرێژایی هەموو ئەو ماوەیە مێژووییە، لە ئەدەبیاتی ئێمە و ئەواندا، دوو ناوی (یاخی) و (چەتە)یان بەسەر دابڕێنراوە. ئەدەبیات و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی پڕیەتی لە ناوی ئەو یاخیی و دژە دەوڵەتانە، ڕەنگە هەموومان ناوی (حەمە تاڵی بانە)مان بیست بێت. ئەو یاخییانە دژە خەڵک نەبوون و دژە دەوڵەت بوون. هەڵیانکوتاوەتە سەر دەولەت و دەستوپێوەندەکانی، بەڵام خەڵک نا. هەندێک لە دەوڵەت و پیاوەکانیان ستاندووە و بەسەر خەڵکیان دابەش کردووە.

٤- مستەفا سەلمی لە گرووپێکی چەکدارانەی یاخی و دژە دەوڵەت بووە. پاش هەڵکوتانە سەر پایگایەکی رژێمی ئیسلامی ئێران دەستگیر کراوە. بەگوتەی هاوڕێیانی ڕۆژهەڵات ئەوە پێش ١٧ ساڵ بووە و بەدرێژایی ئەو ماوەیەش لە زیندان بووە.

٥- مستەفا سەلیمی لە دادگەی ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا، دوو تۆمەتی بەسەردا ساخ کراوەتەوە. تۆمەتی پێشمەرگە بوون و هەروەها تۆمەتی (چەتەیی یان دزی چەکدارانە)ی دژ بە ڕژێم. بە دوو سزای ١٥ ساڵ زیندانی و لە سێدارەدان سزا دراوە.

٦- مستەفا سەلیمی دوای ١٧ ساڵ لە زیندان، لە دەرفەتێکدا لەگەڵ دەیان زیندانیی دیکە ڕادەکات و خۆی دەگەیەنێتە دیوی باشووری کوردستان و پەنا بۆ ماڵێکی گوندی گەرمک سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن دەبات. پاشتر لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر دەکرێت.

٧- دوای دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشەوە، لە هەفتەی ڕابردوودا، دواتر بۆ من ڕوون نەبووەوە کە ئایا بە ڕاستەوخۆیی و بە ڕەسمی لەلایەن ئاسایشەوە (ڕادەست)ی ڕژێم یان ئیتلاعاتی سەر بە ڕژێم کراوە یان ئەوەی (بە زۆر ڕەوانە کراوەتەوە) بۆ دیوی ڕۆژهەڵات.

٨- هەرچەند وەک دەبینین بۆ زیندانییەک و هەڵاتوویەکی زیندان، ڕادەستکردنی ڕاستەوخۆ و ڕەوانەکردنەوە، دەشێت یەک ئەنجام و چارەنووسی هەبێت، وەک ئەوەی ڕوویدا، بەڵام هێشتا جیاوازییەک هەیە.

٩- ئەگەر مستەفا سەلیمی بە ڕاستەوخۆییش ڕادەستی ڕژێمی ئیسلامی ئێران نەکرابێت، هێشتا تاوانێکی گەورە هەیە، بەزۆر ڕەوانەکردنەوەی سەلیمی، کە هیچ کەس چاوەڕوانی ئەنجامێکی باشی لێ ناکات، تاوانە. لەڕووی نەتەوەییەوە و لەڕووی مرۆیی و لە باری یاساییشدا بە هەمان شێوە کێشەی تێدایە، هێشتنەوە یان ناردنەوە و ڕادەستکردنەوەی پەنابەریک ڕێوشوێنی یاسایی هەیە و ئەو گاڵتەجاڕییە نییە ئاسایشی باشور کردوویەتی و هەردەم دەیکات.

١٠- ئاسایشی باشوور وەک هێزی ئەمنی گرێدراو بە پارتی و یەکێتی، تا ئێستا لەسەر بنەمای گوتاری نەتەوەیی موخاتەبەی خەڵک دەکات و خەڵک بۆ خۆی کێش دەکات، بەڵام ئەوەی لە کەیسەکەی مستەفا سەلیمی و سەدانی وەک ئەودا دەیبینین، ڕەفتارێکی ئەوەندە دژە نەتەوەیە، مەگەر هەر بۆ دوژمنانی نەتەوە ئاسایی بێت.

١١- لە کەیسەکەی مستەفا سەلیمی دا، پرسیارێکی دیکە بۆ من دروست بووە، کاتێک گەیشتووەتە باشور، ئایا پەیوەندی بە هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت حزبی دیموکرات نەکردووە؟ ئایا ئەوان بە دەنگییەوە چوون؟ پەیوەندییان بە ئاسایش و یەکێتی کردووە وەک حاکمی سنوورەکە بۆ دەربازکردنی سەلیمی؟ پێویستە حزبەکانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت حزبی دیموکرات لەوڕووەوە ڕوونکردنەوەی هەبێت.

١٢- کۆمەڵێک میدیاکاری ڕۆژهەڵاتی لە باشووری کوردستان کار دەکەن، ئەگەر زۆرێکیشیان بەسەر میدیای پارتی و یەکێتی دابەش بووبن و نەتوانن ڕووماڵێکی ڕاستگۆییانە بۆ دۆسیەکە بکەن، هێشتا میدکارانێکی ئازا و بێلانی ڕۆژهەڵاتی لە باشووردا هەن، گرنگە ئەوان بەدواداچوون و زانیاریی ورد لەو ڕووەوە بگوزانەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.