حکومەتێکی خێرخواز !

لەلایەن ستاندار Posted on 491 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

گەر مرۆڤێکی ئەوروپی ئەم ناونیشانەی سەرەوە بخوێنێتەوە ئەوا لەوانەیە کەمێک پێبکەنێ یاخود توشی جۆرێک لە سەراسیمەبوون ببێ ، بەو پێیەی حکومەت لە فەرهەنگی سیاسی خۆرئاواییەکاندا دامەزراوەیەکی خێرخوازی نیە ، بەڵکو لە فەرهەنگی مۆدێرنەی ئەوان حکومەت بریتیە لەو دامەزراوەی کە مەهامی بنەڕەتی بریتیە لە بەڕێوەبردن و حکومڕانێتی کۆمەڵگەیەک بە باشترین مۆدێل ، بەجۆرێک مۆدێلی بەڕێوەبردنی سەرکەوتوانەی هەرێمێک پێویستی بە نەخشەڕێژی هەنوکەیی و هەروەها پێویستی بە ستراتیژیەتی دوور مەودا هەیە ، حکومڕانێتی باشیش هەمیشە پێویستی بە مرۆڤی عەقڵانی و کاراکتەری ڕەشید و سیاسی دڵسۆز هەیە بۆ ئەوەی مەهامی حکومڕانێتی ڕاستەقینەی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات ، کە ئەم مەهامەش خۆی لە فراوانکردنی تخوبی ئازادیەکان و بەهاکانی دیموکڕاسیەت و سەروەرێتی یاسا و بەرجەستەکردنی پڕەنسیپی هاوڵاتی بون دەبینێتەوە ، بە ئامانجی بیناکردنی کۆمەڵگایەکی ئەرخەوانی و مەدینەیەکی فازیلە بۆ هاونیشتمانیان .
گەر بە عەقڵێکی بەراوردکاریانە بەراوردێکی مەهامی حکومەتی کوردی بەمەهامی حکومەتە هاوچەرخەکانی خۆرئاوا بکەین ، سەرئەنجام نەخشەی ئەو حەقیقەتە تاڵە دەبینین کە ئەم حکومەتە خۆماڵیەی لای خۆمان بێ جێگە و ڕێگەیە لە سەر نەخشەی حکومەتە خاوەن پلان و خزمەتگوزار و ڕەشیدەکانی ئەمڕۆی جیهان .
لەحاڵێکدا گەر لە سوچێکدا بونیشی هەبێ ئەوا نەخشەی حکومەتێکی لەسەر نەخشێنراوە کە وەک تێبینی لەتەنیشتیەوە ئەوە نوسراوە نەخشەی دەسەڵاتێکە سڵناکاتەوە لە پڕۆسەی دەستبڕین و لە قاڵبدانی بەها جوانەکانی مۆدێرنەی سیاسی و لە هەڵپەی یەکەم بونیشدایە ، وە بیریشمان نەچێ ساڵانێکە لە سێبەری وەها حکومڕانیەتیەک بە هۆکاری بەبەردەوامی هەڵکشانی کێرڤی نەبونی و سەرەگرتن و بەرتەسک بونەوەی بەها جوانەکانی ژیان ، ئەوا هەمیشە مرۆڤی کورد لەگەڵ ئەم مەقولە کۆمەڵایەتیە هاوڕێیەتی گرتووە کە دەڵێت ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار.
چەشنێک مۆدێلی حکومڕانیە گەر شانازی بەهەر دەستکەوتێکیەوە بکەیت ئەوا بەرامبەرەکەی وڵامێکی نەرێیانەت پێ دەداتەوە ، گەر شانازی بەو پەڕاوێزە ئازادیەی سێبەریەوە بکەیت ئەوا پرسی نان بڕین و تیرۆرکردن بەرامبەریەتی بەبێ دیاری کرانی کاراکتەرەکان ، وە گەر باس لە جوانی دیموکڕاسیەت بە هۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە بکەیت بەتەنیشتیەوە پڕۆسەیەکی منەزەمی تەزویرکردنی بەلێشاو و خیاری نان بڕین هاوەڵیەتی و ساڵ دوای ساڵیش وەک ئەزمون نیشانی داوە کێرڤی ئەم ئیرادە کوشتنە بەرزتر دەبێتەوە ، وە گەر باس لە گەورەیی سەروەری یاساش لەم هەرێمە بکەین ئەوا ڕاستەوخۆ کردەی دار کاریکردنی دکتۆرەکەی سلێمانی بەبەر چاوی خەڵکەوە لە ڕۆژگاری کۆڤید نۆزدەدا بەرامبەریەتی و شاهیدیمان لەسەر دەدات ، واقعەکە جۆرێک تاڵە لەم مەملەکەتە هەتاکو لە پڕاکتیک کردنی یاسای کەرەنتینەکردنیشدا هەڵاواردن هەیە ، بە جۆرێک گەر بێ پشت و برسیەک یاساکانی کەرەنتینە بشکێنێ ئەوا بێشک سزادان چاوەڕوانیەتی ، بەڵام لەولاشەوە گەر خێزانی یەکێک لە کاراکتەرە خواپێدراوەکان ئەم یاسا شکێنیە بکات لە گوڵ کاڵتری پێ ناگوترێ وەک لەچەند ڕۆژی ڕابردودا هەموان گوێبیستی وەها ڕوداوێک بوین ، بۆیە تاکە شتێک هیچ شتێک حەسودی پێوە نابرێت و خۆزگەی پێ ناخوازرێ لەم هەرێمەدا بریتیە لە یاسا سەروەرێتی .
گەر سەرنجێک لە دۆسێی بەڕێوەبردن بدەین دەبینین بێ پلانی و بێ ستڕاتیژیەتی لە بەرێوەبردنی ئەم هەرێمەدا ساڵانێکە بۆتە ڤایرۆسێک و لەسایەی ناکارامەیی حکومەتە حزبیەکە باری سەرشانی خەڵکی زۆر قورسکردوە ، هەر بۆیە کوردستان لەسایەی ئەم جۆرە ئیدارە دانەدا بە سەرهەڵدانی بچوکترین قەیرانی مرۆیی و سروشتی ژیانی خەڵک زیاتر قەیراناوی دەبێ و سەرئەنجام دەبێ شەقامی کوردی پشکی شێری باجەکەی بدات ، هەمومان بیرمانە لە سایەی سیاسەتی فرۆشی سەربەخۆیی نەوتی هەرێم بوو کاتێک بەغدا خیاری بڕینی پشکی هەرێمی لە بەشە بودجەدا مومارەسەکرد ، ئەو کات لە سایەی پیسخۆری و دەست پیسی و هەروەها بێ پلانی دەسەڵات بوو بە پلەیەکیش بەهۆی نەبونی هیچ یەدەگێکی پارەی پاشەکەوت کراو لە بانکەکانی هەرێم بۆ کاتی تەنگەتاوی ، بۆیە ڕاستەوخۆ ئەم دەسەڵاتە بۆ پڕکردنەوەی پڕۆسەی کورتهێنانی پارە پەنای بۆ خیاری سک هەڵگوشینی خەڵک برد لەرێگەی بە نیوە کردنی موچەی فەرمانبەران و حەپەلوشکردنی پارەی بەڵێندەران و دەرهێنانی پارەی بانکە ئەهلیەکان .
ڤایرۆس کۆرۆناش هێشاکە ئەم خیارەی بۆ ئەو حکومەتە حزبیە زیاکردوە کە ئەمجارە دەست بداتە مومارەسەکردنی پڕۆژەیەک کە هەر لە بنەڕەتدا کاری هیج حکومەتێکی ڕەشید نیە کە بریتیە لە کاری خێرخوازی ، بێگومان بە تاقیکردنەوەی ئەم خیارەش ئەم دەسەڵاتە دەیەوێت بە یەک بەرد دوو ئامانج بپێکێ ، لە لایەکەوە دەیەوێ ئیهمالی و خۆدزینەوەکانی خۆی لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان لەسەردەمی کۆڤید ١٩ دا بەهاوڵاتیان داپۆشێت و هەروەها هەڵهاتن لەبەرپرسیارێتی خۆی لە پرسی قەرەبوکردنەوەی زیانمەندانی خەڵکی کەرەنتینەکراوی کوردستان بە هۆی ڤایرۆس کۆرۆناوە ، هەمدیسان لە ڕێگەی کۆکردنەوەی سەدەقە و پارەی خەڵک و بەخشینەوەی بە هەموو ئەو کەسانەی حزب دەست نیشانیان دەکات ئەمجارەش هاوشێوەی شەڕی داعش مەدالیای پاڵەوانێتی بە سنگی خۆیەوە هەڵبواسێ ، لەولاشەوە ئەم حکومەتە بەم هەنگاوەی دەیەوێ خۆی بکاتە ئەلتەرناتیڤی هەموو ڕێکخراوە خێرخوازیەکان و مرۆڤە چاکەکارەکانی کوردستان و بە هیوای ئەوەی بەهەموو جۆرێک لە ئایندەدا ڕێگە لە ڕێکخراوو مرۆڤە خێرخوازیەکان بگرێت کە ڕاستەوخۆ بە پڕۆسەی خزمەتکردنی خەڵک هەڵبسن لە ترسی جوانکردنی وێنە و شوناسی خۆیان و ناشرین بونی وێنای خۆشیان لەبەردەم چاوی خەڵکدا ، ئەمەش ڕاستەوخۆ تەرجەمە کردنی ئەم دەستەراژە کۆمەڵایەتیە یە کە دەڵێ : کارێک کە خۆم پێم ناکرێ ڕێگە نادەم خەڵکانی تریش بیکەن ، بەڵام لە جێگەی وەها پڕۆژەیەک وا باش بوو ئەم حکومەتە بە حزبی کراوە تەنیا سەیرێکی ئەملاو ئەولای خۆی بکردایە ، ئەو کات وڵاتێکی نزیک لەخۆی دەبینی کە بریتیە لە وڵاتی ئیسڕائیل ، لە کاتێکدا ئەمڕۆ ئیسڕائیلیەکان لە زەمەنی کەرەنتینەکردندان و دەستیان گیراوە حکومەت لە جێگەی تاقیکردنەوەی خیاری کاری خێرخوازیکردن بە پارەی خەڵکەوە کەچی حکومەتەکەی بونیامین نەتەنیاهۆ هەڵسا بە ئەنجامدانی ئەرکی سەرشانی خۆی بەرامبەر هاوڵاتیان کە بریتیە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان لەسەر داهاتی گشتی وڵات لە ڕێگەی دابەشکردنی خۆراک و بەشێک لە پێداویستەکانی ڕۆژانە بەسەر هاوڵاتیانی کەرەنتینەکراودا .
پاش هەموو ئەمانە دەمەوێت ئەوە بڵێم هەموو ئەم خیارو هەنگاوانەی دەسەڵاتی کوردی ئەمڕۆ و ساڵانێکە مومارەسەی دەکات دەستەواژەیەکی هاوڕێیەکم بیر دەخاتەوە کە هاوڕێکەم ئەم حکومەتەی بە بریکارێکی خۆراک و ئارد دەشوبهاند ، چونکە ئەگەر پیشەی سەرەکی بریکارێکی خۆراک بریتی بێت لە ڕاستەوخۆ وەرگرتن و دابەشکردنەوەی خۆراک و پێداویستیەکان بەسەر هاوڵاتیان و وەرگرتنی بڕێک پارەش لەبەرامبەر پڕۆسەکە ، هاوشێوەش کاری پلەیەکی ئەم حکومەتیش ئەمڕۆکە خۆی لە وەرگرتنی بودجە و داهاتی خەڵک لە حکومەتی بەغدا و هەروەها خێرخوازان و دابەشکردنەوەی بە شێک و دیار نەمانی بەشێکی تری بەسەر خەڵکدا دەبینێتەوە ، پاڵپشتی ئەم دەستەواژەیەم ئەوەیە کە بەپێی سەرچاوەکان لەمانگی ڕابردودا ئەم حکومەتە دوو بەشە بودجەی لە بەغدا وەرگرتوە ، بەڵام هەر تەنیا یەک موچەی لەم مانگەدا دابەشکردوە ، بۆیە لە سایەی وەها نمونەیەکی بەکاربەری (وەرگرتن و دابەشکردنەوە) دا لای حکومەت خوانەکات ئەگەر بێت مانگێک ئەم بودجەیەی لە بەغداوە بۆ کوردستان دێت لە وادەی خۆی کەمێک دوا بکەوێت ئەوا حکومەتی کوردی ئەو کات دەچێتە دۆخی دەستەوسانی و پەلەقاژەو گلەییکردن لە بەغدا بۆ ئەوەی لای خەڵک خۆی بەریئو بەغداش بە دێو نمایش بکات .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.