بەرگی (ئەمنی) مۆدێلی سیاسەتکردنی پارتی و یەکێتی

لەلایەن ستاندار Posted on 317 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

کۆڕۆنا ڤایرۆس بەتەنیشت خۆیەوە پڕۆسەی ئاڵۆزکردنی پەیوەندیە تەقلیدیەکانی هەردوو حزبی هاوپەیمانی ستڕاتیژی دوێنێ و شەریکانی باشی و خراپی (٣٠) ساڵەی حکومڕانێتی دوای ڕاپەڕینی کوردستانی لێکەوتەوە ، ئاڵۆزیەک لاموابێ لە دوای جەنگی پاکتاوی سیاسی ناوخۆی دەستی هەردوو حزب (پارتی و یەکێتی) بە توندترین جەنگی ساردی نێوانیان لە دوای مێژوی شاخەوە ئەژمار دەکرێت ، چونکە ئاستی پەیوەندیەکانیان بە چەشنێ دابەزیوەو ساردی تێکەوتووە هیچ کەناڵێک بۆ کۆبونەوەو دیالۆگی دوو بە دووی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو حزب ڕۆژانێکە بونی نەماوە ، وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەدەن تاکە کەناڵێک کە ئەمڕۆ بوونی هەبێت لەنێوانیان بەتەنیا بریتیە لە کەناڵێکی ناڕاستەوخۆی تاکەکەسی لەسەر ئاستی سیاسەتکارە تەقلیدیەکانی ئەملاو ئەولا کە ساڵانێکە ئەم تایپە سیاسیانە لە کوردستان لە هەردوو زۆن شەریکایەتی و بەرژەوەندی هاوبەشی ئابوری کۆیکردونەتەوە ، بێگومان ئەم هەنگاوە شەخسیانەش چارەسەری دۆسێ هەڵواسراو و ئاڵۆزەکانی نێوان هەردوو حزبی خاوەن پارە و خودان زۆن و چەک و هێزی سەربازی پێناکرێت .
بەرایی ئەم جەنگە ساردەش هەر لە دوای دەرکەوتنی دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی سێ هەمی یەکێتی نیشتمانی دەستی پێکرد ، چونکە پارتی دیموکرات دانوی لەگەڵ دەرئەنجامەکان و زۆرینەی ئەم ستافە نوێیەی ئێستای بۆردی بەڕێوەبردنی یەکێتی ناکوڵێت ، بۆیە وەک بایکۆتکردنیان پارتی دیموکرات ئامادە نەبوو مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم ستافە نوێیە بکات ، چونکە لە فەرهەنگی سیاسی وا باوە مامەڵە لەگەڵ کردن لەجەوهەردا بریتیە لەمانای شەرعیەت پێدان ، سەرئەنجام ئەم دور مەوداییەی نێوان هەردوو حزب سەری کێشا بۆ سەرهەڵدانی جەنگێکی سارد بە پاڵپشتی ماکینەیەکی گەورەی ئیعلامی هەردوو حزب و دەزگا سێبەرەکانیان کە ساڵانێکە زۆرینەی ئەمانەیان بە پارەو بودجەی دزراوی ئەم خەڵکە ڕەش و ڕوتە کوردستان بەیەکەوە ناوە .
یەکێک لەو خاڵانەی کە ماکینەی ئەم جەنگە ساردەی نێوانیانی زۆر پێگەرمدەکرێ بریتیە لە پڕۆسەی یەکتر تۆمەتبارکردن وەک درێژکردنەوەیەکی کلتوری قێزوەنی شەڕی ناوخۆی نێوانیان ، کلتوری یەکتر تۆمەتبارکردن بە تەسلیم کردنەوەی (مستەفا سەلیمی ) لە سنوری پێنجوێنەوە بە دەوڵەتی ئێران لە لایەن زۆنی کەسک و هەروەها پرسی تەسلیم کردنەوەی ژمارەیەک خەباتگێری باکور و خۆرئاواش بە دەوڵەتی تورکیا و سوریا لە لایەن ئیدارەی زۆنی زەردەوە ، بێگومان بەردەوامی ئەم جەنگە ساردەش جێکەوتەکەی بریتیە لە دروستکردنی نائارامی دەرونی لای زۆرینەی شەقامی کوردی لەبەر ئەوەی هەردوو حزب ساڵانێکە خاوەنی سەرباز و ژێرخانێکی بەهێزی تەقلیدی جەنگین ، لەسەر ئاستی ناوخۆی هەردوو حزبیش ئەم جەنگە ساردە بێ جێکەوت نیە و بریتیە لە خۆرەی بەهای بەیەکەوە ژیانی سیاسی و زیندوکەرەوەی کلتوری ڕق و کینە و بوغز و دەمارگیری سیاسی لە نێو ئەندام و کادیرانی هەردوو حزب بەرامبەر بەیەکتر هاوشێوەی ڕۆژگارەکانی شەڕی ناوخۆ ، وە بێشک درێژە کێشانی ئەم جەنگەش بەمانای زیاتر دەمەزەرد کردنەوەی ئەم بوغزو کینە و قوڵترکردنەوەی هەستی شار چیەتیە ، ئەو شار چیەتیەی کە هەمومان دەڵێین کلتوری ناشرینی بەعسە و ڕژێمەکەی سەدام حوسێن لە ڕۆژگاری حکومڕانێتی بە ئامانجی قوڵکردنەوەی دوو بەرەکی لە کوردستان بە داهێنەری تۆمەتبار دەکرا .
مەترسیدارترین دەرهاویشتەی ئەم جەنگە ساردەش خەریک بوو هەروەها خەریکە سەر بکێشێ بۆ دروست بونی جەنگێکی دوبارەی ناوخۆ لە ڕێگەی جوڵاندن و سەنگەر لەیەکترگرتنی هێزی سەربازی پارتی و یەکێتی لە زینی وەرتێ ، بەداخەوە لە ڕۆژگاری ڤایرۆس کۆرۆنا خەریکە زینی وەرتێ ئەمجارە دەبێتە هەڵگری شوناسی چەخماخەی یەکەمین پریشکی شەڕی کورد کوژی و لەسایەی پاڵەوانێتی ئەم سیاسیانە وا خەریکە مێژووی ڕەشی کورد کوژی لەم زینەدا خۆی دوبارە بکاتەوە ، ئەمجارەش لەسەر دەستی هەردوو حزبی دەسەڵاتخواز .
گەر پۆست کۆڤید لەسەر ئاستی جیهان وەک پێشبینی دەکرێت گۆڕینی ڕیزبەندی زلهێزەکانی دونیای لێبکەوێتەوە ، بێشک پۆست کۆڕۆناش لە کوردستان پێویستی بەوەیە کە سیاسەتکردن لەم بەرگە ئەمنی و چەکداریەی ئەمڕۆی بێتە دەرەوە بۆ ئەوەی بەهەمیشەیی مۆدێلی ململانێکان لە نێوان حزبی کوردی بگۆڕدرێت بە ململانێیەکی مەدەنی و شەریفانەی هاوشێوەی دونیای مۆدێرن کە بڕیاردراوە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە هەموو هاوسێکان بە ئاشتیانە بەیەکەوە بژین ، چونکە ئەم مۆدێلە لە ململانێ هەمیشە هەڕەشەیە بۆ دووبارە دوو کەرتکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەهەر ئان و ساتێکدا بێ ، وەهەڕەشەی دوبارە میل هێنانەوەو بەکارهێنانەوەی هێزی چەکداریە لە یەکلایی کردنەوەی ململانێکان لەگەڵ یەکتر ، لەم سۆنگەیەوە کۆمەڵگەی کوردی پۆست کۆڕۆنا بەر لەهەر کارێک زیاتریش لە جاران پێویستی بە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی هەردوو زۆن و بە نیشتمانی کردنی ئەم هێزانە و بەتەواوەتی دەرهێنانیان لە ژێر دەستی هەردوو حزب و هەندێ شەخسی سیاسەتکاری نێو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی هەیە ، بۆ ئەوەی ئێمەش (ميثاق شرف) بکەین کە سیاسەتی کورد لەمەودوا کوشتنی کوردی بەدەستی کورد تەحریم کردوەو بڕیاری داوە چەک تەنیا بە ڕوی ئەو هێز و وڵاتانە بەرز بکرێتەوە کە ناحەزن بەم ئەزمونە و ساڵانێکە لەشکر کێشی دەکەن و بنکەی سەربازی لە دژی کورد لە ناو خاکی کوردستان دادەمەزرێنن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.