کەمال چۆمانی
لە کاتێکدا رۆژ دوای رۆژ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە ئیعتیڕافی سەرۆک کۆماری پێشوی تورکیا عەبدوڵا گول، زیاتر دەبێتە پرسێکی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی، پارتیی و یەکێتی و پەکەکە لەسەر زینی وەرتێ لە بەرانبەر یەکتر راوەستاون. هەرچەندە وا دەردەکەوێت ئامانجی تورکیا پەکەکە بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە باکور و باشور و رۆژئاڤا، بەڵام ئامانجی تورکیا رێگریکردنە لەوەی پرسی کورد زیاتر بەنێودەوڵەتیی ببێت، زەحمەتە ئەو ئامانجەی بپێکێت ئەگەر هێزە کوردییەکان خۆیان هاوکاریی نەکەن؛ پێکدادانێکی ناوخۆیی کوردیی پرسی کورد بەتەواوی لە پلاتفۆرمی نێودەوڵەتیی وندەکات.
دوای شکستپێهێنانی پڕۆسەی ئاشتیی لەنێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا لە ٢٠١٥ لەلایەن سەرۆکی تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان و کۆدێتا شکتسخواردوەکەی ٢٠١٦، هاوپەیمانێتیی ئەردۆغان گؤڕانکاریی بەسەردا هات. ئەردۆغان بۆ ئەوەی بەردەوامی بە حوکمڕانیی تورکیا بدا و زیاتر خۆی بەسەر دەوڵەت و حکومەتدا بسەپێنێت، پێویستیی بە هاوپەیمانێتیی نەژادپەرستە تورکەکان بو. بۆ ئەردۆغان چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ئاراستەی دونیابینیی پارتیی نەژادپەرستی تورکیا (مەهەپە) رۆییشت کە زیاتر پێیانوایە پرسی کورد نییە “پرسی تێرۆرە و ئەمنییە.” تورکیا دەستیکردەوە بە سیاسەتی سڕینەوەی کورد. سەرەتا بە وێرانکردنی شارەکانی کورد لە تورکیا و لاوازکردنی و تا رادەیەک بێدەنگکردنی بزوتنەوە سیاسیی و چەکداریی و جڤاکییەکەی کورد. دواتر داگیرکردنی بەشێکی رۆژئاڤای کوردستان کە بە درێژکراوەی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان دادەنرێت. دوای ئەوەی تورکیا تا رادەیەک سەرکەوتو بو لە لاوازکردنی خەباتی سیاسیی، جڤاکیی و چەکداریی کورد لە ناوخۆی تورکیا و داگیرکردنی بەشێك لە رۆژئاڤای کوردستان و فشارکردن لە وڵاتانی ئەوڕوپا بۆ توندکردنی چاودێریی لە چالاکانی سیاسیی باکوری کوردستان، تورکیا ویستی پەلبهاوێت بۆ سنوردارکردنی جموجۆڵەکانی پەکەکە لە هەرێمی پاراستنی میدیا، ئەو زنجیرە چیایەی پەکەکە تێیدا بنکە بارەگاکانی دامەزراندون لە چیاکانی قەندیل و خواکورک تا دەگاتە ناو باکوری کوردستان.
لە ناوەڕاستی ٢٠١٨، تورکیا بنکە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستانی ژێر دەستەڵاتی پارتیی دیموکراتیی کوردستان زیاتر کردن. ئامانجی یەکەمی تورکیا بڕینی پەیوەندیی و جموجۆڵی پەکەکە بو لەگەڵ باکوری کوردستان. بۆ ئەو مەبەستە، داگیرکردنی دەڤەری برادۆستی کردە ستراتیژ و ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، بە پشتیوانیی و هاوکاریکردنی پارتیی، هەندێک ناوچەی داگیرکردن بەڵام نەیتوانی سەرکەوتو بێت.
دەڤەری برادۆست
پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەدوای دەستپێکردنی شەڕی داعش هەمو هەوڵەکانی خستنەگەڕ بۆ شکستهێنان بە تیرۆری داعش و پشتیوانیکردنی رۆژئاڤا بۆ سەرکەوتن لەو شەڕەدا. لە عێڕاق و هەرێمی کوردستانیش، پشتیوانیی هێزێکی نزیک بە خۆی کرد لە شنگال. دوای شکستی راگەیاندنی هەرێمی خۆسەری دیموکراتیک لە جزیر و ئامەد و ناوچەکانی دی، هەروەها پێشتر کشانەوەی بەشێکی زۆری هێزەکان لە ناوخۆی تورکیا بە هۆی پڕۆسەی ئاشتییەوە، تورکیا توانی زیاتر باڵادەستیی خۆی لە باکوری کوردستان بسەپێنێت. ئەوەی واشی کرد تورکیا لەو شەڕەیاندا زیاتر سەرکەوتو بێت، باڵابونی تەکنەلۆژیای سوپای تورکیا بو و بەکارهێنانی هەمو جۆرە دڵڕەقییەک بو. بە رادەیەک، یەکێک لە بەرپرسەکانی پەکەکە ئاماژەی بەوە کرد کە نەیاندەزانی تورکیا بەو دڵڕەقییە روبەڕویان دبێتەوە و شارەکان وێران دەکات.
تورکیا دەیزانی کورد لە باکور هەم تا رادەیەک لە شەڕ بێزاربونە، هەمیش لە پەکەکە نیگەرانن بە هۆی شکستی شەڕی خەندەقەکانەوە. هەڵوێستی لاوازی پەکەکەش بە هۆی ئەوەی پاراستنی رۆژئاڤای کوردستان گرنگترە لە شەڕ لەگەڵ تورکیا و فشاری تورکیا لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، بەتایبەت لەسەر ئەمریکا، بۆ راگرتنی پشتیوانییەکان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) بە هۆی نزیکایەتییان لەگەڵ پەکەکە، وای کرد پەکەکە قوربانیی بەوە بدات کە تا ماوەیەک لە تورکیا چالاکییەکان رابگرێت. ناشکرێت ئەوە لەبیربکەین کە پێشکەوتنی تورکیا لە درۆن/فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و پێشکەوتو کە دەتوانن زۆر بەئاسانیی ئامانجەکان بپێکن و هەر جوڵانەوەیەکی گەریلایی لە زەوییدا بوەستێنن، وای کرد کاتی بوێت بۆ پەکەکە بۆ ئەوەی ستراتیژێکی نوێی شەڕی گەریلایی پێشبخات.
لەناو هەمو ئەو گۆڕانکارییە عەسکەریی، جیۆپۆلۆتیکیی و سیاسییانەدا، تورکیا، بە سەرکردایەتیی ئەردۆغان و ویستی نەژادپەرستەکان، دەیەوێت خەباتی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان بەتەواوەتیی سنوردار بکات. تورکیا بنکە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان زیادکردن، فشارەکانی بۆ سەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کە تا رادەیەکی باش پەیوەندییەکانی یەکێتیی لەگەڵ پەکەکە و رۆژئاڤای کوردستان لە سەردەمی شەڕی داعش پێشکەوتبون، زیادبکات. ئەگەر پێشتر هەر پارتیی فشارەکانی بۆ سەر پەکەکە توندبون، ئەوا لەدوای ٢٠١٨ فشارەکانی یەکێتییش توندبون بە جۆرێک کە بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی نزیک لە پەکەکە لە سلێمانیی داخران، تەنانەت فیلمی “ژ بۆ ئاzادیێ” کە باس لە شەڕی خەندەقی ئامەد دەکات، نماییشکردنی لە سلێمانیی قەدەغەکرا.
ئێستا ئامانجەکانی تورکیا رونە؛ لە رۆژئاڤا عەفرینی رۆحی رۆژئاڤای لە ٢٠١٨ەوە داگیرکردوە، لە ٢٠١٩ش چەند بەشێکی دیکەی رۆژئاڤای داگیرکرد. لە هەرێمی کوردستانیش، لەڕێی بزنس و کۆنتراكتی نەوتەوە، هەرێمی کوردستانی کۆنترۆڵ کردوە. پارتییش وەک هێزی حوکمڕان، وەک هێزێکی پڕۆکسیی تورکیا مامەڵە دەکات لەبەر دو هۆکار: یەکەم، تورکیا دەتوانێت ئابوریی هەرێمی کوردستان بڕوخێنێت -رونتر ئابوریی پارتیی و یەکێتیی چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرکاتێک بۆڕیی نەوتەکەی رێلێگیرا دەتوانێت لەڕێی بەغدادەوە نەوت بفرۆشێ، یان نەوت نەفرۆشێ و بودجە لە بەغدادەوە وەربگرێ، بێگومان بە جێبەجێکردنی سیاسەتێکی نیشتیمانییانە کە روی لە بەغداد بێت نەک ئەنقەرە-. دوەم، بە هۆی ئەوەی پارتیی هەمیشە پەکەکەی وەک هەڕەشەیەکی وجودیی بۆ سەر کیانی خۆیی و بنەماڵەی بارزانیی بینیوە چونکە پەکەکە لەڕوی ئایدیۆلۆژییەوە بەتەواوی دژ بە پارتییە و مێژویەکی خوێناوییش لەنێوان هەردولا هەیە. پەکەکەش هۆکار بو بۆ ئەوەی ویستی پاوانخوازیی پارتیی لە رۆژئاڤا بوەستێنرێت.
ئێستا لە زینی وەرتێ پارتی، لەڕێی بڕیارێکەوە بە ناوی وەزارەتی پێشمەرگە، دەیەوێت پلانێکی نوێی تورکیا جێبەجێبکات بە دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی لەسەر زینی وەرتێ تا فشارەکانی تورکیا زیاتر ببن. هەندێک لەوانەیە بپرسن گرنگیی زینی وەرتێ لە چی دایە؟ گرنگیی زینی وەرتێ لەوە دایە کە ئەو زینە هەرێمی قەندیل بە هەرێمەکانی دیکە دەبەستێتەوە کە بۆ گەریلا چیاکان پێویستییەکی ستراتیژیین تا بتوانن بە ویستی خۆیان بجوڵێنەوە بێئەوەی جموجۆڵەکانیان کۆنترۆڵ بکرێن. بە هۆی پێشکەوتنی درۆنەکانی تورکیاوە، گەریلاکانی پەکەکە پێویستییان بەوە هەیە لە جوڵەی بەردەوام و پارێزراو و نهێنیی بن. بە دامەزراندنی بنکەی سەربازیی پارتیی یان یەکێتیی، جموجۆڵەکانی گەریلا سنوردار دەبن، هەروەها ئەو زینە تا رادەیەکی بەسەر هەرێمەکانی دیکەی پەکەکە لە قەندیل دەڕوانێت.
ویستی تورکیایە تا بتوانێت هاتوچۆ و جموجۆڵی پەکەکە، بەتایبەت لە بەهار و هاویندا، کۆنترۆڵ بکات چونکە لەو وەرزەدا گەڵای دارەکان هاوکاریی گەریلا دەکەن بۆ ئەوەی چالاکیی ئەنجام بدەن و درۆنەکان نەتوانن شوێنیان هەڵبگرن.
بونی پەکەکە لە قەندیل تەنها پەیوەست نییە بە پەکەکەوە، بەڵکو کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش بە بونی پەکەکە لە قەندیل رازییە هەرچەندە چاوپۆشییش دەکات لە پێشێلکارییەکانی تورکیا بەرانبەر سەروەریی خاکی عێڕاق. ئەگەر پەکەکە لە قەندیل نەبێت، ئەوا هێزی ئیسلامیستی تیرۆریستی لە وێنەی داعش و ئەل-قاعیدە، جێیان دەگرنەوە چونکە نە عێڕاق، نە پارتیی و نە یەکێتییش ناتوانن قەندیل بپارێزن. یەکێتیی لە سەرەتای دوهەزارەکان نەیتوانی گروپێکی ئیسلامیی کوردیی بچوک لە سنوری هەڵەبجە کۆنترۆڵ بکا، چ جای ئەوەی ئەگەر هێزێکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی قەندیل کۆنترۆڵ بکات. هێزەکانی هاوپەیمانان، عێڕاق و پێشمەرگەی پارتیی و یەکێتییش، نەیانتوانیوە چیای قەرەچوغ لەناو جەرگەی عێڕاق کۆنترۆڵ بکەن و لە داعشی پاکبکەنەوە، چۆن دەتوانن لە داهاتودا قەندیل کۆنترۆڵ بکەن ئەگەر پەکەکە لێ نەبێت؟
هەرچەندە ئێران و تورکیا لێکنزیکبونەوەیەکیان هەیە، بەڵام ئەگەر ئێران ببێتە بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی سەر پەکەکە، ئەوا ئەو لێکتێگەییشتنە کۆتایی دێت کە لەنێوان پەکەکە و ئێران لە ٢٠١١ەوە تا رادەیەک هەردولا هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر راگرتون. ئێران خۆیشی دۆخی ئابوریی، سیاسیی و سەربازیی لە ناوخۆیی و بونی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی هێندە جێگیر نییە بتوانێت شەڕێکی چەکداریی لەسەر سنورەکانیەوە، یان ئەگەر جموجۆڵەکان لەناو شارەکانیش دەستپێبکەن، پێی کۆنترۆڵ بکرێت.
یەکێتیی تا ئێستاش، هێزێک نەبوە بۆ تورکیا گرنگییەکی ستراتیژیی هەبێت لە روبەڕوبونەوەی پەکەکەدا چونکە سنورەکانی لەگەڵ تورکیا نین و کاریگەریی یەکێتییش لە رۆژئاڤا و باکوری کوردستان وەک پارتیی نییە. هەروەها، حکومەتی هەرێم، تەنانەت وەزارەتی پێشمەرگەش کە یەکێتییەک وەزیریەتی، لەلایەن پارتییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەمە جگە لەوەی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا پارتیی وەک هێزی حوکمڕانی سەرەکیی لە هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. کۆنتراکتەکانی نەوت و ئابوریی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانیش، هەر لەلایەن سەرکردەکانی پارتییەوە ئەنجامدراون. پارتی، لەڕوی مێژویییشەوە، لەگەڵ تورکیا لە رابردودا شەڕێکی هاوبەشیان لەگەڵ پەکەکەدا کردوە. تا ئێستاش نزیکەی ٣٠ بنکەی سەربازیی تورکیا لە زۆنی پارتییدا هەن. ئەمانە وا دەکەن یەکێتیی گرنگییەکی ئەوتۆی نەبێت، هەرچەندە یەکێتیی ساویلکانە هەوڵدەدات خۆی لە تورکیا نزیکبکاتەوە، ئەوەی لەبیرچوە کە یەکێتیی تا ئەو کاتە لای تورکیا نرخی هەبو کە لە پەکەکە نزیک بو، کاتێک پەیوەندییەکانی پەکەکە و یەکێتیی تێکدەچن، یەکێتی نرخێکی لای تورکیا نامێنێت چونکە هێزێکی وەک پارتیی لە هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بەسە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت.
ئێستا سێ هێز بەرانبەر یەکتر وەستاون. پەکەکە ئامنجیەتی هیچ بنکەیەکی سەربازیی لەوێ نەبێت. پارتیی دەیەوێت ئەو بنکە سەربازییە جێگیربکات، یەکێتییش بە هەمان شێوە.
ئەو نەخشەیە ئەو بنکانە نیشاندەدات کە پارتی لە دەڤەری باڵەکایەتیی و برادۆست زیادیکردون کە وەک ئامادەکاریی دەبینرێن بۆ هاوکارییکردنی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە لە قەندیل و برادۆست.
ئەو ململانێیە ئەگەری هەیە سەربکێشێت بۆ پێکدادانی چەکداریی، تورکیا ئەمەی دەوێت بۆ ئەوەی شەرعییەت بداتە خۆی بۆ ئەوەی زیاتر بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، وەک داگیرکردنی عەفرین. ئەگەر ململانێکە روبدات، دیار نییە جۆری هاوپەیمانێتییەکان چۆن دەبێت، بەڵام ئەوە رونە کە هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی شەڕی ناوخۆ کە لە مێژودا وێنەی نەبوە. پارتی بیر لەوە دەکاتەوە کە پشتیوانیی تورکیای هەیە، یەکێتیی پێیوایە براوەی ئەو شەڕە خۆیان دەبن چونکە وەک ناوبژیوان خۆیان دەردەخەن و لەسەر حیسابی پارتیی خۆیان بەهێز دەکەن، پەکەکەش، سەرەڕای بەهێزیی خۆی لەڕوی شەڕی چەکداریی و شەڕی ناو شارەوە، دەزانێت کە پارتیی هێند لاوازە و خەڵکی هەرێمی کوردستان هێند توڕەن کە زەرەرمەندی هەرە گەورە پارتیی دەبێت.
پەکەکە نایەوێت ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە دروستببێت، هەروەک چۆن لە ١٠ ساڵی رابردودا هەمو فشارێکی پارتیی قبوڵکردوە و تەنازولی گەورەیان بۆ پارتیی کردوە، بەڵام پەکەکە لە ئێستادا لە قۆناغێکی هەستیار دایە. ئەگەر بێتو ئەو فشارانە بەردەوام بن، پەکەکە هەڵوێستی توندی دەبێت کە ئەگەری هەیە ببێتە شەڕێکی ماڵوێرانکەر.
ئەگەر شەڕ روبدا، تەواوی کورد زەرەرمەند دەبێت. ئیدارەی رۆژئاڤا و حکومەتی هەرێم دەکەونە مەترسییەوە. کورد لە دونیادا ئێستا بە شەڕڤانی ئازادیی ناسراوە، بە پێشمەرگەشەوە وێنەیەکی باشیان لە دونیا هەیە، دەگەڕێنەوە خاڵی سەرەتا کە شەرعییەت دەدەن تورکیا زیاتر پەلبهاوێت.
چارەسەر چییە؟
چارەسەری سەرەتایی ئەوەیە کە خەڵکی وەرتێ و دۆڵی شاورێ داوایان کردوە. هەرسێ بنکە سەربازییەکە لاببرێن. بەڵام ئەو چارەسەرییە تەنها چارەسەرییەکی کورتمەودا دەبێت. حکومەتی هەرێم، یەکێتیی و پارتیی نابێت ببنە لایەنێکی شەڕی پەکەکە لەگەڵ تورکیا. ئێستا حکومەتی هەرێم و پارتیی هاوبەشی تورکیان لەدژی پەکەکە. هێزەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم نابێت ببنە لایەنێک لە کێشەی نێوان پەکەکە و تورکیا، تەنها دەتوانن داوای ئاشتیی و چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن.
زینێ وەرتێ لە ستراتیژی نوێی تورکیادا گرنگییەکەی لە دروستکردنی پێکدادانێکی ناوخۆیی کوردییە. جا چ ئێستا بێت لە زینی وەرتێ، یان لە داهاتو بێت لە زینێکی تر یان لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان. تورکیا هەرچەندە توانیویەتی بەشێكی رۆژئاڤای کوردستان داگیربکات و جموجۆڵی سیاسیی، چەکداریی و جڤاکیی پەکەکە لە باکوری کوردستان سنوردار بکات، بەڵام پرسی کورد لە هەر رۆژێک زیاتر بەنێودەوڵەتیی بوە، بۆیە؛ هێزە کوردییەکان دەبێت ئاگاداری ئەو پیلانەی تورکیا بن و نەکەونە ناو شەڕێکی ماڵوێرانکەرەوە.
لینكی وتارهكه له كوردستان تایمز