پەیامێكی توند لە سەرۆكی حكومەتەوە ” ئەوەی ڕوودەدات یاخیبونی تاقمێكە نەك ململانێی حیزبی”

لەلایەن ستاندار Posted on 471 جار بینراوە

ستاندەر

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی رووداوه‌كانی زینی وه‌رتێ پەیامێكی بڵاو كردەوە و لە بەشێكی هاتووە “تاقمێکی دیاریکراو بە مەبەست و بە نەفەسی حیزبیانە، هێزی حیزبییان بەرامبەر بە هێزی حکومەت جووڵاند و بە ئاشکرا دژی حکومەت وەستانەوە، بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئەم سنوورە هی حیزبێکی دیاریکراوە و حکومەتی هەرێم ناتوانێت هێزە هاوبەشەکانی تێدا جێگیر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش کەوتوونەتە تۆمەت هەڵبەستن وتێکەڵکردنی بابەتی نابەجێ و ناپەیوەندیدار”.

دەشلێت:” ئەمەی ئێستا ڕوودەدات یاخیبوونی تاقمێکی دیاریکراوە بەرامبەر بە حکومەت، نەک ململانێی حیزبی. هیوادارین ئەو لایەنانە بە وریاییە مامەڵە لەگەڵ ئەم گرژییە بکەن و رۆڵی خێر و کاریگەرییان بەو شێوەیە دەردەکەوێت”.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

حکومەتی هەرێم حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستانە

دوابەدوای هەوڵە سەرکەوتووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەدانی قەیرانە یەک لە دوا یەکەکان، بە تایبەت لە ئیدارەدان و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵێکی ئاراستەکراو لە دژی حکومەت دەستی پێکردووە، کە دڵنیام ناتوانێت ڕێگە لە خواستی حکومەت و خەڵک بگرێت.

پێویست دەکات لە سەر ئەو گرژییانەی لە بارەی زینی وەرتێ لە لایەن کەسانێکی نامەسئولەوە هاتوونەتە ئاراوە، ڕوونکردنەوە بدەین.

لە دەستپێکی رێکارەکانی کۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەکان بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ژمارەیەک قاچاخچی هەوڵی هێنان و بردنی چەندین کەسیان لەو سنوورە داوە، کە پێچەوانەی ڕینماییە تەندروستییەکانی حکومەت بووە.

بۆ رێگریکردن لە سەرپێچییەکان، وەک زۆرێک لە ناوچە سنوورییەکانی دیکە، وەزارەتی پێشمەرگە هێزێکی یەکگرتوو و هاوبەشی بۆ زینی وەرتێ ڕەوانە کرد، بەڵام بەداخەوە لە کاتێکدا چاوەڕوانی پاڵپشتیی هەموو لایەنەکان لە حکومەت بووین، تاقمێکی دیاریکراو بە مەبەست و بە نەفەسی حیزبیانە، هێزی حیزبییان بەرامبەر بە هێزی حکومەت جووڵاند و بە ئاشکرا دژی حکومەت وەستانەوە، بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئەم سنوورە هی حیزبێکی دیاریکراوە و حکومەتی هەرێم ناتوانێت هێزە هاوبەشەکانی تێدا جێگیر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش کەوتوونەتە تۆمەت هەڵبەستن وتێکەڵکردنی بابەتی نابەجێ و ناپەیوەندیدار.

هێزە هاوبەش و یەکگرتووەکان هێزی حکومەتن و حکومەت خۆی بڕیار دەدات لە چ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان جێگیرییان بکات. ئەو هێزە هاوبەشانە بە بێ هیچ هەستیارییەک لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمدا بڵاوەیان پێ کراوە. بۆیە لێرەدا ئەم پرسیارە دەخەینە بەردەم ڕای گشتیی کورستان کە بۆچی و بە چ مەبەستێک تەنیا دژایەتی چوونی هێزی حکومەت بۆ زینی وەرتێ دەکرێت؟

لێرەدا بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دووپاتی دەکەمە کە بێجگە لە هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ هێزێکی حیزبیی دیکە لە زینی وەرتێ جێگیر نەکراوە. هەروەها لە کاتێکدا سوپاسی ئەو هێزە سیاسییانە دەکەین کە نیگەرانیی و پەرۆشی خۆیان بەرامبەر بەم دۆخە نەخوازراوە دەربڕیوە، داوایان لێ دەکەین بڕیار و دەسەڵاتەکانی حکومەت لەگەڵ هی حیزبێک بەراورد نەکەن، چاوەڕیی ئەوەیان لێ دەکەین پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەت بن بۆ جێبەجێکردنی یاسا و نەهێشتنی دەسەڵاتی نابەرپرس و گرووپە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی شەخسی. داویان لێ دەکەم بڕیارەکانی حکومەت بە بڕیارەکانی حیزبی نەزانن و چەسپاندنی یاسا بە ململانێی حیزبی هەژمار نەکەن.

باسکردنی دوو ئیدارەیی و تۆمەتبارکردنی یەکتری، خزمەت بەو بارودۆخە ناکات، ئەمەی ئێستا ڕوودەدات یاخیبوونی تاقمێکی دیاریکراوە بەرامبەر بە حکومەت، نەک ململانێی حیزبی. هیوادارین ئەو لایەنانە بە وریاییە مامەڵە لەگەڵ ئەم گرژییە بکەن و رۆڵی خێر و کاریگەرییان بەو شێوەیە دەردەکەوێت، کە بەرامبەر بە ناحەقی و پێشێلکارییەکان بوەستنەوە، نەک چاک و خراپ بە یەک چاو سەیر بکەن.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان لەم کابینەیەدا بەڵێنی راستگۆیی و خزمەت و چەسپاندنی گیانی یەک ئیدارەییمان بە هاووڵاتییانی خۆشەویست داوە. بە هیچ شێوەیەک قبول ناکەین بە ڕوالەت حکومەتی یەکگرتوو هەبێت و، لە بەشێکی هەرێم دەسەڵاتداریی دیکە هەبێت و دژایەتی حکومەت بکەن.

وەزیرە بەڕێزەکان، وەزیری هەموو حکومەتی هەرێمی کوردستانن و رێنماییەکانیان لە حکومەت وەردەگرن نەک حیزبەکان، ئەمەش خواست و ئاواتی هەموو خەڵکی کوردستان بووە.

ئێمە لە کاتێکدا کە نوێنەرایەتی هەموو ناوچەکانی کوردستان دەکەین، ئاوهاش بەرپرسیارین لە چەسپاندنی یاسا و رێنماییەکان لە هەموو ناوچەکان بە بێ فەرق و جیاوازی. بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین لە هەرێمی کوردستاندا چەندین حوکومڕانیی جیاواز لە دەرەوەی یاسا سەر هەڵبدەن و رێگری لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی حکومەت بکەن.

*هاوولاتیانی خۆشەویست*:

من پشت بە خوا و ئێوەی دڵسۆزی نیشتمان، ئەم ئەرکە قورسەم قبوڵ کردووە. ئێستاش بە پشت بەستن بە خوا و ئێوە، لە چەسپاندنی یاسا و خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان، بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبین.

*مەسرور بارزانی*

*سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.