تیمی یەكێتی لە حكومەت وەڵامی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەت دەدەنەوە و بەناڕەوا وەسفی دەكەن

لەلایەن ستاندار Posted on 267 جار بینراوە

ستاندەر

لە راگەیەنراوێكدا تیمی یەكێتی لە حكومەت رەخنە لە پەیامەكەی ئەمرۆی سەرۆكی حكومەت دەگرن دەلێن هێرشی نارەوای كردۆتە سەر یەكێتی.

لە بەشێكی پەیامەكەی تیمی یەكێتی لە حكومەت هاتووە “یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تاقم و دەستە نیە، حزبێکی تێکۆشەری خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و ئایندەیەکی گەشە، تیمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، نوێنەرایەتی دید و ستراتیژ و تێڕوانینە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات”.

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتووە” لەم بارەیەوە تیمەکەمان نامەیەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە”.

دەقی پەیامەكە بخوێنەوە

پەیامێک لە تیمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان

بەشدارکردنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کابینەی نۆیەمینی حکومەت لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی سیاسی بوو، لەسەر بنەمای هاوبەشی لە بڕیار و بەڕێوەبردن و لە پێناو سەقامگیری سیاسی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێڕامان پەیامەکەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە، کە تیایدا هێرشێکی ناڕەوای کردووەتە سەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تاقم و دەستە نیە، حزبێکی تێکۆشەری خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و ئایندەیەکی گەشە، تیمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، نوێنەرایەتی دید و ستراتیژ و تێڕوانینە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات، لەو بارەیەوە یەکێتی هاوبەشی هەموو دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان حزبێکی کوردستانی سەرتاسەریە و دژی دوو ئیدارەییە و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیمان لە کابینەی رابردوو و ئێستاشدا سەلمێنەری ئەو راستییەیە.

تیمی یەکێتی لە حکومەت لەسەر بنەمای دەوڵەتداری ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکات لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتییاندا، بەڵام بە شانازییشەوە نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەین و لە چوارچێوەی بەرنامەی پەسەندکراوی حکومەت لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کار دەکەین. بۆیە لەم بارودۆخە ناهەموارەدا، پێویستە حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکانی تەرخان بکرێن بۆ خزمەتی هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان نەک ببن بەبەشێک لە کێشە سیاسیەکان.

لەم بارەیەوە تیمەکەمان نامەیەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

تیمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.