حەتمیەتی جەنگێکی سارد لە نێوان چین و ئەمریکا

لەلایەن ستاندار Posted on 600 جار بینراوە

موحەمەد ئەحمەد

شەڕی نێوان ھێزەکان شەڕی سەپاندنی بەھا و پرەنسیپەکانە بەسەر لاوازەکان. وەنەبێ ئەو بەھا و پرەنسیپانەش ئەوەندە کوێر و بێ ئامانج بن بەڵکو بەھێزەکان بەجۆرێک بەھا و پرەنسیپ و رێساکان دادەڕێژین کە زامنی بەردەوامی بەھێزبوونی خۆیان و لاوازبوونی لاوازەکان بکات. ئەمەش دروستە بۆ ھەموو ئاستەکانی تاکی و گروپی و دەولەت و نێودەولەتی…

قسەیەک ھەیە دەڵێ (مێژوو سەرکەوتووەکان دەینووسنەوە) راستی ئەم قسەیە لەوەدایە چونکە ھەمیشە سەرکەوتووەکان و زاڵەکان بەھاکانی خۆیان باو زاڵ دەکەن و رەوایەتی پێدەبەخشن، ھاوکات بەھای بەرامبەرەکانیان ناشرین و دزێو دەکەن، ئەگەر لە دووەم جەنگی جیھانی بەرەی نازی ئەڵمانی و فاشی ئیتاڵی سەرکەوتوو بوانە بەسەر بەرەی سەرمایەداری لیبراڵی یاخود جەنگی سارد بە سەرکەوتنی کۆمۆنیزم کۆتاییھاتبایە ئێستا بەھا و پرەنسیپە نێودەولەتی وجیھانیەکان زۆر جیاوازبوون لەوەی ئێستا.

ھەرچەندە ھەوڵی و ئامانجی ھەموو دەوڵەتەکان بەھێزکردنی لایەنی ئابووریانە چونکە ئابووری داینەمۆی گەشەکردنی ھەموو کەرت و ھێزەکانیتری دەوڵەتە بەڵام ململانێ ئابووریەکان کاتێک دەگۆرێن بۆ جەنگێکی سارد یان گەرم کە بەھاکان جیاوازبن، بۆیە کاتێک دەوڵەتی یابان یان ئەلمانیا یاخود یەکێتیەکی وەک یەکێتی ئەوروپا لەڕووی ئابووریەوە بەھێز دەبن ناکەونە ناو جەنگێکی ساردەوە لەگەڵ ئەمریکا چونکە بەھاکانیان یەکن، بەمانایەکیتر ئەم ھێزانە ھەرچەند بەھێزبن مەترسی دروست ناکەن بۆ سیستەمی جیھانی و یاسای نێودەولەتی و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان چونکە ئەمانەش بەھەمان شێوەی ئەمریکا پەیرەوکاری بەھا و پرەنسیپەکانی لیبراڵی سەرمایەدارین واتە پشتگیریکاری جیھانی پانی ئەمریکان یاخود ئەو جیھانگیریەی کە لەسەر بەھا و پرەنسیپەکانی سەرمایەداری لیبراڵی دامەزراوە . بەڵام کاتێک ھێزێکی وەکو چین سەرھەڵدەدات و گەشەدەکات لەڕووی ئابووریەوە ئەوا عەرشی ئەمریکا دەکەوێتە لەرزە، چونکە چین بە کۆمەلێک بەھا و پرەنسیپی نوێ و جیاواز لە بەھا و پرەنسیپەکانی سەرمایەداری لیبراڵی دێتە مەیدانی نێودەولەتی.

چین ھەر لە سەرەتاوە کاتێک لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی رابردوو دەستیکرد بە ھەنگاونان بۆ گەشەسەندنی ئابووری رێگایەکی جیاوازی تاقیکردەوە. چونکە لە دوای دووەم جەنگی جیھانی بنیادنانی دامەزراوە نێودەولەتیەکان و سیستەمی ئابووری و بازرگانی نێودەولەتی بەپێی خواست و ویستی ئەمریکا و سەرمایەداری لیبراڵیەوە دامەزرا، بە جۆرێک کە بابەتی گەشەپێدانی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانیان پەیوەستکرد بە پەیرەوکردنی دیموکراسی و بازاری ئازاد و پرەنسیپەکانی سەرمایەداری ئەوەی کە پێیان دەگوت (بە مۆدێرنکردن). واتە گەشەپێدانی ئابووریان پەیوەستکرد بە گۆرانی سیاسیەوە. بەلام چین ئەم رێچکەیەی تێپەراند ئەویش ھەنگاونان بەرەو گەشەپێدانی ئابووری بەبێ گۆرانی سیاسی و دیموکراسی، کە تیایدا سەرکەوتووش بوو، دەشیەوێت ئەم شێوازە تایبەتەی خۆی بگوازێتەوە بۆ وڵاتانیتری تازە پێگەیشتوو، ئەمە سەرەرای ئەوەی زۆربەی ولاتانی تازە پێگەیشتوو شکستیان ھێنا لە گەشەپێدانی ئابووری لەسەر رێچکەی بە مۆدێرنکردن و گەشەپێدان بە رێگای رۆژئاوایی و سەرمایەداری ئەمریکی.

یەکێک لەو ستراتیژیەتانەی کە چین پەیرەوی دەکات بۆ گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی بریتیە لە پەیرەویکردنی رێچکەی ھەنگاو بە ھەنگاوی خۆیی نەک شۆکی دەرەکی، مەبەست لەوەدا ئەوەیە چین دەیەوێت بە ھێواشی ھەنگاو بە ھەنگاو گۆرانی ئابووری تاقیبکاتەوە ئەویش بە شێوازی چینی، بە پێچەوانەوەی شۆکی دەرەکی واتە رێک سیستەمێکی کۆپیکراوی رۆژئاوایی بێنیت و لاسایی بکەیتەوە و بە تەواوی پەیرەوی لێبکەیت، وەک ئەوەی روسیا کردی لە دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەت بەمەش تووشی داروخانی زیاتری ئابووری ھات و چەندین کێشەی ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا ھێنا.

چین دەیەوێت مۆدێلێکی تایبەت بە خۆی دابھێنێت کە تێکەڵەیەک بێت لە نێوان بازاری ئازاد و ئابووری ھەرەوەزی، کە خۆی لە سەرمایەداری دەوڵەتی دەبینێتەوە کە بەجۆرێکە کۆمپانیاکان لەژێر دەسەلاتی دەولەتن نەک دەوڵەت بکەوێتە ژێر دەسەلاتی کۆمپانیاکان ، بە مانایەکیتر بازاری ئازاد ھەبێت بەلام ھاوکات دامەزراوەی کۆمەلایەتیش ھەبێت بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی. بەمەش نە ئەو سیستەمە سۆسیالیستە کۆنەکەیە کە پەیرەویان لێدەکرد نە سەرمایەداری لیبراڵیشە.

لەرووی سیاسیشەوە ھەر لەسەر بنەمای ستراتیژیەتی ھەنگاو بەھەنگاو بیرمەندان و سیاسەتمەدارانی چین خەریکی داھێنان و تاقیکردنەوەی شێوازی تازە و تایبەتن بە چین کە تێکەڵەیەک بێت لە دیکتاتۆری و دیموکراسی. بۆ ئەمەش ھەوڵی تاقیکردنەوەی جۆرێک لە دیموکراسیەتی راوێژکاری دەدەن بەڵام لەلایەن تاکە حیزبێک، بەمەش لە زۆرێک لە ھەرێمەکان بەرپرسەکان پێش ئەوەی بریارێک بدەن دەیخەنەروو بۆ رای گشتی تا بۆ چوونی خۆیان لەسەر بدەن ئینجا دواتر بریاری لەسەر دەدەن بۆ ئەمەش سوودیان لە ئینتەرنێت و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا وەرگرتووە. چونکە ئەوان پێیانوایە بۆ پێشکەوتن و بە ھێزبوون و بۆ سوودی گشتیش دەوڵەتی یاسا و تەکنۆکرات باشترە نەک دیموکراسیەتی پۆپۆلیستی، بەو مانایەی لە یەکەمیان دەوڵەت بە ئارەزووی خۆی کەسانی شیاو و تەکنۆکرات لە شوێنی شیاو دادەنێت بەلام لە دووەمیان خەلک بریاری لەسەر دەدات خەلکیش زۆربەی جار کەسانی پۆپۆلیستی ھەلدەبژێرن.

جگە لەسەر ئاستی ناوەخۆ کە ھەم لە رووی ئابووریەوە ھەم لەرووی سیاسیەوە چین مۆدێلی تایبەت بەخۆی دادەھێنێت و ناچێتە ژێرباری مۆدێلی لیبرالیزمی رۆژئاوایی، بە ھەمان شێوە لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەکیش شێوازی تایبەت و جیای لەوەی ئەمریکا و رۆژئاوای گرتۆتەبەر کە ئەمەش دیسان ھەرەشەیە لە جیھانگیری ئەمریکی و بە یونیڤێرسالکردنی بەھا و پرەنسیپەکانی سەرمایەداری لیبرالی.

بە پێچەوانەوەی ئەمریکا کە سیاسەتێکی تەدەخولی پەیرەو دەکات و بەرووی ئەو وڵاتانە دەوەستێتەوە کە پەیرەو لە بەھاو پرەنسیپەکانی لیبرالی ناکەن ھەم لەرووی ئابووری ھەم لەرووی سیاسی و کۆمەڵایەتی، چین زیاتر جەخت لەسەر رێزگرتن لە سەروەری تەواوەتی تەدەخول نەکردن دەکاتەوە. ئەمەش لەلایەک چین بەخۆی وڵاتێکی نا دیموکراتە و رێز لە مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکان ناگرێت بۆیە ناشکرێت داوا لە ولاتانیتر بکات کە دیموکراسیبن بەلکو بە پێچەوانەوە گەشەکردنی دیموکراسی لەسەر ئاستی جیھان ھەرەشەیە بۆ خودی چین چونکە خواستی دیموکراسی زیاتر دەبێت لە نێو چینیش، لەلایەکیتر دەویەوێت سیاسەتێکی دبلۆماسی فرەرەھەند بگرێتەبەر کە کێشەی نەبێت لەگەل سیستەمی سیاسی وڵاتەکان کە دیموکراسی بن یا دیکتاتۆری … بەلکو بەبێ فشار و دەستێوەردان و مەرجدانان لەگەڵ ھەموویان ھەڵبکات بەمەش دەتوانێت سەرنجی زۆربەی رژێمە تاکرە و دیکتاتۆرەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت و لاگیریان بکات، ئەمە لە کاتێکدا کە لە زۆربەی ولاتانی تازە پێگەیشتووی دەوڵەمەند بە سامان و کانزا و سەرچاوەی سروشتی رژێمە تاکرەو دیکتاتۆرەکان لەسەر دەسەڵاتن.

جگە لەمە بە پێچەوانەوە سیاسەتەکانی سندوقی نێودەولەتی دراو و بانکی جیھانی کە دوو دامەزراوەی نێودەولەتی داردەستی سیاسەتەکانی سەرمایەداری رۆژئاوایین، چین قەرز بە ولاتە تازە پێگەیشتووەکان دەدات. ئاشکرایە سندوقی نێودەولەتی دراو و بانکی جیھانی بەپێی کۆمەلێک مەرج و شەرایتە قەرز بە وڵاتان دەدەن وەک چاکسازی پەیکەری ئابووری، کەمکردنەوە و نەھێشتنی باج لەسەر کاڵای دەرەکی، کرنەوەی دەرگا بەرووی وەبەرھێنانی دەرەکی و کۆمپانیاکان بێ ناسنامەکان، بە تایبەتکردنی کەرتی گشتی، کەمکردنەوە خەرجی گشتی و خزمەتگوزاریە گشتیەکان، بە دیموکراسی بوون و … ھتد جگە لە سوودی قەرزەکە. کە ئەم مەرجانەش زۆر قورس دەبن بۆ ئەو ولاتانە زۆربەی جاریش ئابووریان دادەروخێت بە ھۆی مەرجەکانی ئەو قەرزانە و کەلەکەبوونیان. بەڵام چین بەبێ ھیچ یەک لەم مەرجانە قەرز بە ولاتان دەدات بە تایبەتی ولاتانی کیشوەری ئەفریقیا، زۆربەی جاریش بەبێ سوود پێیان دەدات. بەمەش ئەو ولاتانە چیتر ناچارنین گوێ لە مەرج و راوێژی سندوقی نێودەولەتی دراو بگرن یاخود ئەوەی پێی دەگوترێ کۆدەنگی واشنتۆن.

ھەموو ئەوانە دەرخەری ئەوەن کە چین لە ئامادەکاریە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بە کۆمەلێک بەھا و پرەنسیپی نوێ و جیاواز بەشداربێت لە لە دارشتنەوەی سیستەمی نێودەولەتی. گەر بەم شێوەیە بروات و چین بەو خێراییە لەرووی ئابووریەوە گەشەبکات و گەشەکردنەکەش بواری تەکنەلۆجیای جەنگ و لەشکری بگرێتەوە ئەوا ولاتانی رۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا ناچاردەبن گوێی بۆ بگرن لە پرسە جیھانیەکان و بەھا و پرەنسیپە ئابووری و سیاسیە نێودەولەتیەکان.

ھەر بۆیە ئەمریکا لە ھەوڵی زۆردایە بۆ ئەوەی پێش بەم گەشەکردنەی چین بگرێت و تەگەرەی بۆ دروست بکات یان ھیچ نەبێت بیخاتە چوارچێوەی بەھا و پرەنسیپەکانی لیبرالیزمی سەرمایەداری تاوەکو ئەم سیستەمە نێودەولەتیەی کە لەسەر بەرژەوەندی وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری دامەزراوە بەردەوام بێت و درێژە بە ژیانی بدات. چونکە مانەوەی ئەمریکا بە زلھێزی پەیوەستە بە بەجیھانیکردنی سەرمایە و وەبەرھێنان ئازادی بازرگانی و بازاری کراوە و گشتاندنی بەھا و پرەنسیپەکانی لیبرالیزمی سەرمایەداری تا لەم رێگەیەوە سامانی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو ھەڵلوشێت. بە مانایەکیتر کێشەی سەرەکی بریتیە لە سەرکردایەتیکردنی سیستەمی جیھانی.

بۆ ئەمەش تا دێ پەیوەندێ نێوان ئەو دوو وڵاتە دەچێتە دۆخی گرژیەوە، بە تایبەتی دوای ھاتنە سەر حوکمی ترەمپ لە ئەمریکا، چونکە بۆیان دەرکەوت کە پەیوەندی بازرگانی نێوانیان پەیوەندیەکی نابەرامبەرە و لە بەرژەوەندی چین دایە، واتە ئەمریکا تووشی کورتھێنان بووە لە پەیوەندی و ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ چین. ھەر بۆیە سەرۆک ترەمپ بریاریدا بە سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر کاڵای ھاوردەکراوی چینی. یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەو نابەرامبەریەش ئەوەیە چین کەرەستەی خاو لە ولاتانی تازە پێگەیشتوو دەکرێت و کاڵای دروستکراویش ھەناردەی ئەمریکا دەکات.

ئەمە سەرەرای ئەوەی کە ئەمریکا رەخنەی زۆری لە سیستەمی ئابووری چین ھەیە کە کۆسپ و تەگەرە زۆر دەخاتە بەردەم وەبەرھێنانی دەرەکی و کۆمپانیا بیانیەکان، بە جۆرێک یەکێک لەو مەرجانە بۆ وەبەرھێنانی دەرەکی و ھاتنی کۆمپانیاکانی بیانی ئەوەیە کە دەبێت ھاوشان لەگەڵ کۆمپانیاکانی لۆکاڵی چین کاربکەن بەیەکەوە، وە بە سیاسەتەکانی زۆرێک لە وەبەرھێنەرانی ناچارکردووە کە تەکنەلۆجیا بھێننە نێو چین.

ھەوڵە سیاسیەکانی ئەمریکاش بۆ دژایەتیکردنی چین لە دوو رێگایەوەیە:

یەکەمیان ھەوڵدەدات چاکسازی و گۆرانکاری لە سیستەمی سیاسی و ئابووری چین بکات بە جۆرێک بیکاتە بازارێکی تەواو ئازاد و کراوە و بێ مەرج بۆ وەبەرھێنانی دەرەکی و کۆمپانیا بیانیەکان. واتە چاکسازیەکی ریشەیی و خێرا بکات لە پەیکەری ئابووریەکەی. بەمەش ھەم ئابووریەکەی لاواز دەکات ھەم بەھا و پرەنسیپەکانی لیبرالیزمی سەرمایەداری بەسەردا دەسەپێنێت. کە ئەمە زۆر زەحمەتە و نزیکە لە مەحاڵ چونکە وەک پێشتر باسمانکرد چین ستراتیژیەتی ھەنگاو بە ھەنگاوی خۆیی پەیرەو دەکات واتە دەیەوێت سیستەمێکی ئابووری تایبەت بە خودی خۆی بھێنێتە کایەوە و لاسایی ھیچ سیستەمێکی دەرەکی و رۆژئاوایی نەکاتەوە، ئەمەش ھەنگاو بە ھەنگاو جێبەجێببێ دەکات نەک لە شێوەی شۆک و کتوپڕ.

دووەمیان ئەگەرێکی مەترسیدارترە، ئەویش بە کارھێنانی سیاسەتی دەورەدانی چین و دابراندنیەتی لە بازرگانی نێودەولەتی بەلام بۆ ئەمە ئەمریکا بە تەنھا ناتوانێت بیکات بەلکو دەبێت زۆربەی وولاتان پالپشتی بکەن، ئەمەش زۆر زەحمەتە چونکە چین بۆ زۆربەی وڵاتان ناوەندێکی گەورەی ئابووری و بازرگانیە. لەلایەکیتریش چوونە ژێرباری سیاسەتێکی لەو جۆرە مەترسیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەولەتی ھەم لەرووی ئابووریەوە ھەم لەرووی سیاسیەوە. بە جۆرێک وا دەکات دیسان ببێتە ھۆی گەلەکۆمەکی و جەمسەربەندی نێودەولەتی.

ھەموو ئەمانەش دەرخەری ئەوەن کە ئەم دوو وڵاتە دەکەونە نێو ململانێ و جەنگێکی ساردەوە ئەویش بەھۆی جیاوازی ئەو بەھا و پرەنسیپەکانەی کە دەیانەوێت سیستەمی جیھانی پێ بەرێوەببەن. ھەروەھا بەپێی رێسای (تەڵەی سیوسیدیدس – The Thucydides Trap) ھەرکاتێک ھێزێک سەرھەڵبدات و ھەوڵبدات شوێنی ھێزێکی زاڵ بگرێتەوە ئەوا جەنگ لە نێوان ئەم دوو ھێزە شتێکی حەتمیە ھەر روودەدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.