سەری بەرزمان بۆ موچە نەوی ناکەین!

لەلایەن ستاندار Posted on 354 جار بینراوە

حوسێن عەلی شەریف

ئەو ڕۆژەی کە بایەعی تەحالوفەکە ئەگەشت، تەواوی کارمەندانی فەرمانگەکانی شار لە چالاکی و جوڵەدا بون، لە سەر سیمای هەر فەرمانبەرێک خۆشحاڵی و لەسەر لێوەکانیشیان خەندەت ئەبینی.
کاک جەمیل ئەگەرچی لە قاتی نۆیەمی ویستگەی کەهرۆمائیەکەش کاری ئەکرد، بەڵام ئەو ڕۆژە لانی کەم یانزە جا ر قادرمەی هەر نۆ قاتەکەی ئەبڕی و ئەیپرسی ئەرە بایەعیەکە نەگەشت.
بایەعیەکە بریتی بو لە پێنج کیلۆ ئارد و نیو کیلۆ شەکر و دەبەیەک زەیت و دوو سابونی ڕەقی.
کەچی ئەو ئێوارە لە تەواوی ماڵە فەرمەنبارەکاندا خۆشیەکی بێ وینە بە دی ئەکرا.

ژنی فەرمانبەرەکان لە ڕۆژی وەرگرتنی بایەعیکەی تەحالوفدا حەمامیان ئەکرد و توکی گیانیان لێ ئەکردەوە.
پیاوەکانیش هەر سەر لە ئێوارە منداڵەکانیان ئەخەواند و تراکسوتە ئێرانیەکەیان لە پێ ئەکرد کە لە پێشەوە فەتحەیەکی تێدا بو.
ئەو ماڵانەشی کە فەرمانبەری حکومیان نەبو، بە ڕۆژ ئەکەوتنە ئەو دەشتانەی شارەزور و گەرمیان و ئەوبەری سیروان.
لە دوای هەر دەڕاسەیەکەوە دەیان ژن و پیاو، ڕێیان ئەکردو گوڵە گەنمی بەجێماوی دوای دەڕاسەیان کۆ ئەکردەوە.
لای ئێوارەش لە کاتی خەرمان هەڵگرتندا، خاوەن خەلە هەر لەوێدا زەکاتی گەنمەکەی دەرئەکرد و هەر کەسێک تەنەکەیەک گەنمی خەیری بەر ئەکەوت.
خەڵکەکە بە تەنەکەیەک گەنمی سەرشانەوە ڕێگای چوار سەعاتی ئەبڕی تائەگەشتە سەر جادەی قیر، بەڵام هەتا باری گەنمەکە قورستر بایە باری شانی کەسەکە سوکتر بو!

دانیشتوانی ئۆردوگا زۆرە ملێکان بە پاچ و خاکەناز خانوەکانی خۆیان تێک دا و بلۆک و دارەکانیان بۆ گوندەکانیان گواستەوە . دووبارە لە سەر کەلاوەی ڕوخاوی گوندەکان دەستیان کردەوە بە دروستکردنی خانو.
بە درێژایی نۆ دانە ساڵ میلەتی کورد تەختەی ئەهاڕی و تێکەڵی گەنمی زەکاتی ئەکرد.
بە درێژایی نۆ ساڵ زۆرینەی میلەت ساڵی جارێک لە جەژنی قورباندا تامی گۆشتی ئەکرد ، ئەویش خەیری رابیتەی ئیسلامی بو.
ئا لەو سەردەمەدا کە فەرمانبەرانی کوردستان ژمارەیان هیندە کەم بو کە تەکلیفی یەک ڕۆژی شەڕی براکوژی بەشی موچەی یەک مانگی هەمویانی ئەکرد، بەڵام ئەو دەسەلاتە جەردە و ڕاوڕوت چیە ، موچەیان پێ نەئەدان.
سەرەڕای بونی پارە و داهاتی دزی ناوخۆ و یارمەتی دەرەکیش ، بەڵام میلەت شیعاری سەری بەرزمان بۆ موچە نەوی ناکەینی بەرز کردبویەوە.
میلەت بە سکی برسی ئەژیا و لە ژێر خیتابی نەتەوایەتی و تەخدیری کوردایەتیدا داوای هیچی نەئەکرد.
میلەت سەرەڕای نەبونی، ئەوەی هەشیبو ئەیدا بە حیزبەکان، حیزبەکانییش پارە وشۆفڵ و سیمی تەلەفۆنەکانی میراتی بەعسیان ئاودیو ئەکرد و لەسەر شەڕی داهات، کوڕی ئەو عالەمەشیان لە کەپکی حەمەد ئاغا و کڵاو قاسم بە کوشت ئەدا.
میلەت بەرگەی ئەو هەمو نەهامەتیەی گرت کە بە دەستی ئەم جەللادانەوە چەشتی، بەڵام لە پێناوی کورد بون و لە ژێر بەنجی هاتو هاواری( بێژەرە حەماسیەکانی هەردوو ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان و دەنگی کوردستان)دا، وایان تەخدیر کردبون کە جگە لە کوردایەتی هیچی تر داوا نەکەن.
ئێستاش هەمان چەشن ئەیانەوێت ئەو خەڵکە وەک زەمەنی نەوەدەکان بەبێ موچە سکی خۆی ومناڵی بگوشێت و قسە نەکات.
ئیستاش وائەزانن زەمانی مەتارە و ڕومانە و ڕەبایە گرتنە و ئەبێت میلەت تەحەمول بکات.
ئیستا خۆیان لە نەعیما ئەژینو داوا ئەکەن خەلکی بەرگەی جەحیم بگرێت،
کۆمەڵێک کاسە لێسی بندیواری حیزبی لە کوردستان و کۆمەڵێک بەڵتەچی قەومی بە ناو نوسەر و ڕۆشنبیری ئەوروپا نشینیان، بەرداوەتە ئەم عالەمە و هەرکەس داوای موچە بکات بە خائینو تێکدەر و عەرەب پەرست تەخوینی ئەکەن.
پەندێکی عەرەبی هەیە ئەڵێت قطع الاعناق ولا قطع الارزاق، واتا بڕینی گەردن بەڵام نا بۆ بڕینی خواردن.
ئەو میلەتەی کە نۆ ساڵ سەری بەرزی بۆ موچە نەوی نەکرد ئیستا هەمان میلەت نیە، چونکە ئەم میلەتەی ئەمڕۆ جارێکی تر بە شیعاراتی موزەیەفی کوردایەتیتان ناخەڵەتێت، جارێکی تر بە گوێگرتن لە داستانی دە هەلیکۆپتەر و ئاوی ئاراس ڕەبایە گرتنتان حەماس نایگرێ.

ئەوەی بردوتانە یەک ملیۆن جار لەوە زیاترە کە کردوتانە. ئەوی دزیوتانە یەک ملیۆن بار لە حەقی ئەو چەن ساڵ بەناو شۆڕشەتان زیاترە.
شۆڕشگێڕەکان زۆرینەیان خۆیان کردە قوربانی. سنگی خۆیان نا بە گولەوە و ملی خۆیان بردە بەر پەتی سێدارە.

زۆرینەی هەر زۆری ئەوانەتان ئێستا سواری بەرهەمی خوێنو فرمێسکی ئەم گەلە بون، جگە لە کۆمەڵێک پاتاڵ هیچی تر نین.

گلەیی لەو خەلکە مەکەن، گلەیی لە خۆتان بکەن کە لە میلەتتان لە دۆخی سەری بەرزم بۆ موچە نەوی ناکەم، گەیاندە ئەو دۆخەی کە ڕەحمەت بۆ گۆڕی جەللادە مێژویەکەی بنێرێت.
نمونەی وەک ئێوە لە خراپیدا لە هیچ جێگایەکی ئەم دونیا نیە.ئیستا میلەت هەمان ئەو گۆرانیە ئەڵێتەوە کە لەشەڕی براکوژیدا بە یەکتان ئەوت.

بارکەن بڕۆن شۆڕش بەرنەوە هەندەران، نەفرەت لە بیرو ڕاتان، لە دروشمو لە ناوتان.
میلەت کاتێک ئێوە ئەبینێت کە لەسەر حسابی ڕەنجی خەڵکی بونەتە خاوەنی هەمو شتێک، ئیتر بیانوی نامێنێت بۆ ئەوەی بەرگەی برسێتی بگرێت.

دووبارە نەفرەت لە بیر و ڕاتان … لە دروشم و لە ناوتان .

هەر کوردێکی ئەوروپا نشینیش ئەگەر دەمی چەور نەکرابێت دیفاع لە بڕینی قوتی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی ناکات بە بیانوی کوردایەتی و نەتەوایەتیەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.