هەندێ زانیاری دڵتەزێن لەسەر فڕێدان و بەهەدەردانی خۆراک لە جیهان..!

لەلایەن ستاندار Posted on 532 جار بینراوە

لوقمان حەوێز/ تێکساس
ئەگەر بونەوەرێکی سەر لێ شێواو هەبێت لەم گەردوونە ئەوا ئەو بونەوەرە ئێمەی مرۆڤین، لە سەردەمێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەژین چونکە ڕۆژانە پتر لە 1000 مرۆڤ بەهۆی برسیەتی و بەد خۆراکی دەمرن لە هەموو جیهان، هەروەها ژمارەی هەموو برسیەکان لە جیهان یان ئەوانەی ڕۆژانە لەبەر هەژاری خواردنی پێویستیان دەست ناکەوێت لە ئێستادا پترە لە 840 ملیۆن کەس، بەڵام ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ساڵانە بڕی پتر لە 30% لە تێکڕای ئەو هەموو خواردنەی بەرهەم دەهێنرێت لەسەرانسەری جیهان ناخورێت، بەڵکو لەجیاتی ئەوە فڕێدەدرێت، بڕی زۆری فڕیدەرێتە نێو زەریاکان، بڕێکیشی دەخرێتە ژێر زەوی، بڕەکەی تریشی لەڕێگەی سەبەتەی خاشاکی بازاڕەکان و چێشتخانەکان و ماڵەکان لەگەڵ خاشاکی تر فڕێدەرێتە سەر گوفەکەکان و بۆگەن دەکات، ئەو بەرهەمە خۆراکیانەی دەبن بە خاشاک و فڕیدەدرێن گازی میثان بەرهەم دەهێنن کە گازێکی ژەهراویە و لەگەڵ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زۆر کاریگەرە و بەشدارە لە دروستبوونی گۆڕانی کەش و هەوای گۆی زەوی..!

بەپێی زانیاریەکانی ڕێکخڕاوی FAO ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە بای پتر لە 7.5 ترلیۆن دۆلار خۆراک لەسەرانسەری جیهان فڕێدەدرێت، ئەمەش واتە حەوت هەزار و پێنج سەد ملیار دۆلار..!

زۆرترین ڕێژەی خۆراکی فڕێدراویش لە جیهان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، جۆر و بڕی ئەو بەرهەمە خۆراکیانەی کە لە ئەمەریکا فڕێدەدرێن بریتین لە نزیکەی 39% ی هەموو سەوزە و میوە بەرهەمهێنراوەکان، نزیکەی 17% شیر و بەرهەمەکانی، نزیکەی 14% ی گۆشتەکان بەهەموو جۆرەکانی، هەروەها بڕێکی زۆر لە دانەوێڵەکان، بەهای هەموو ئەو خۆراکە فڕێدراوانەش ساڵانە تەنیا لە ئەمەریکا دەگاتە پتر لە 440 ملیار دۆلار..!

بەر لەدەیەها هەزار ساڵ کاتێک مرۆڤەکان بەگروپی بچوک بچوک لەئەشکەوتەکان ژیاون ئەو ڕۆژانە لە ژیانیان ئاهەنگ بووە کە تێریان خواردوە و خواردنی پێوستیان هەبووە، ئایا دەزانن چەندە ئاوی سازگار پێوستە بۆ بەرهەم هێنانی هەموو ئەو خۆراکانە؟ ئێوە دەزانن چەندە وزە بەکاردەهێنرێت لەبەرهەم هێنانیان؟ یان چەندە دارستانمان بڕیوە بۆ ئەوەی بیانگۆڕین بە بەکێڵگەکانی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەرە خۆماڵیەکان بۆ بەرهەمهێنانی ئەو خۆراکانە؟

فڕێدان و بەهەدەردانی خۆراک ئەگەر بە مەبەست ئەنجام بدرێت تاوانێکە بەرانبەر بە ژینگە و هەژارانی جیهان و بەرانبەر بە ژیان دەکرێت، ئێمەی مرۆڤ نابین بە خاوەنی شارستانیەتیەکی ڕاستەقینە ئەگەرهەژاری و برسیەتی بەو شێوەیەی ئێستا هەبێت و بمێنێت، ئەگەر ژیاندۆست و ژینگەدۆست نەبین..!

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.