مەلەفی نەوتی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 398 جار بینراوە

بەیار عومەر عەبدوڵا

بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەندەری جەیهانی تورکی کە دەست فراکسیۆنە کوردیەکان لە پەرلەمانی عێراق کەوتووە، داھاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم ٧٩٥ ملیۆن دۆلارە. لە ٥٦% ی بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوە دەچێت، کە کولفەیەکی زۆرە، بەڵام هێشتا ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری دەمێنێتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کە سەر بە پارتیە مانگانە لەو ٣٥٠ ملیۆن دۆلارە، نزیکەی ٢٩٠ ملیۆن دۆلاری دەدات بە وەزارەتی دارایی و ٦٠ ملیۆن دۆلاری تەسلیمی بنەماڵە دەکات.

بەپێی خەمڵاندنەکان کە زۆرد دەقیق نین، مانگانە نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلاری دیکەیان دەستدەکەوێت لە گواستنەوەی نەوت کە بە بۆری دەچێت بۆ تورکیا و٤٠%ی هی (پارتی و کۆمپانیای کار)ە لەگەڵ تەسفیەکردنی نەوتیش لەناوخۆدا کە دیسان زۆرینەی هی خۆیانە،. کەواتە پارتی و بنەماڵە مانگانە لە مەلەفی نەوت ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەبەن بۆ خۆیان. ئەگەر نرخی نەوت دانەبەزێت، هەرگیز ئامادەنین مەلەفی نەوت تەسلیمی بەغدا بکەن.

بە کوردیەکەی ئەوەی ناویانناوە سەربەخۆیی ئابوری یەکسانە بە دەوڵەمەندی پارتی و هەژاری کۆمەڵگا. ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ڕەخساندون بۆ کڕینی ویژدانی هاوڵاتیان و قایمکردنی پێگەی خۆیان.
هەروەها پارتی پشکی لە زۆربەی کۆمپانیاکانی دەرهێنای نەوتی کوردستاندا کڕیوە بۆ ئەوەی لەو ٥٦% ەی بۆ کولفەی دەرهێنان دەچێت سودمەند بن.

هەر کۆمپانیایەکی نەوت کە بیری نوێ دەدۆزێتەوە نرخی پشکەکانی بەرزدەبێتەوە. ئەو کەس و لایەنەی پێشتر پشک بکڕێت، دوای دۆزینەوەی بیرە نەوتەکە بە سەدەها ملیۆن دۆلار قازانج دەکات. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێش ئەوەی بیرە نەوتیەکان بدات بە هەریەک لە کۆمپانیاکان، پشکی لێکڕیونەتەوە بەڵام بۆ حکومەتی هەرێم و هاوڵاتیان نا، بەڵکو بۆ پارتی و بنەماڵە. سادەترین پێناسەی گەندەڵی واتای خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی گشتیە بۆ قازانجی تایبەتی و شەخسی.

ئەمە جگە لە شیرینی نەوت، کە لێرە و لەوێ دەردەکەوێت کە ژێربەژێر بە ملیارەها دۆلاریان دەستکەوتوە لێی.

حکومەت کۆمپانیای دیلۆیتیان هێنا گوایە بۆ شەفافکردنی داهاتی نەوت، کەچی لە مانگی ١١ ی ساڵی پارەوە حکومەت ڕاپۆرتەکانی دیلۆیتی ڕاگرتوە.

دزیەکە زۆر زەقە؛ بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی، کە داهاتی نەوتی سێ مانگی جیاوازی بڵاوکردۆتەوە؛ داهاتی هەر سێ مانگەکە بەقەد یەکە، و یەک سەنت فەرقی نیە، لە کاتێکدا نرخی نەوت بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە و بەرهەمی نەوتیش لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی تر دەگۆڕێت. کەواتە دەبوایە داهاتی نەوت هەموو مانگێک بگۆڕایە هاوشێوەی عێراق و وڵاتانی تری پشت بەستو بە داهاتی نەوت. واتە پارتی مانگانە ڕێژەیەکی نەگۆڕی دەدات بە وەزارەتی دارایی و باقیەکەی دەبات بۆ خۆی.
بەپێی ڕاپۆرتێک بە ناوی (نەفرەتی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا-ئیرین بانکۆ-ئەمریکا)، کە لە ساڵی ٢٠١٧ لە ئینگلیزیەوە وەرمگێڕایە سەر زمانی کوردی. لوئەی خەتیب، ڕاوێژکاری پێشوی حکومەتی عێراق بۆ سیاسەتی نەوت و وزە دەڵێت، دەڵێت بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە تا ٢٠١٧ نزیکەی ٤٠ بۆ ٤٥ ملیار دۆلاری نەوتی هەرێم دیار نەماوە. بێگومان ڕێژەی ئەم پارە دزراوە ئێستا زیاتری چۆتەسەر.

ئایا هێزە سەرەکیەکانی ئەم سنورە تاکەی بێدەنگ دەبن؟!

لەوانەیە زۆر کەس بڵێن ئەوانیش شەریکن. ئەم قسەیە دەکرێت ڕاست بێت، بەڵام شەراکەتیش جۆری ھەیە. گریمان شەریکن، بەڵام شەراکەتەکەیان ٥٠ بە ٥٠ نیە. ئەگەر وابوایە لەو ١٠٠ ملیۆنە، مانگی ٥٠ ملیۆنیان وەردەگرت. بە پارەی ٨ مانگ دەیانتوانی شەقامی ١٠٠ مەتری جێبەجێبکەن لە سلێمانی (کە ٣٩١ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت) و دواتر دەیانتوانی دەستبکەن بە پرۆژەی ستراتیژی لە پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و ھەلی کار بۆھەزارەھا گەنجی بێکار و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕەخسێنن و خۆشەویستی جەماوەر بەدەستبھێننەوە.

ئێستا ئەگەر شەریکیش بن، پارتی وەک شەریکێکی لاواز، بە ڕێژەیەکی کەم ڕازیکردون. پارتی وەک کەمیشیان دەداتێ، بە جیاجیا دەیانداتێ، بۆ ئەوەی ھەر کەسەو بەجیا چاوبەرەوژێری پارتی و بنەماڵە بێت و خۆی بە قەرزاری ئەوان بزانێت و سەربەخۆیی و ئازایەتی لەدەستبدات و نەوێرێت ڕوبەڕویانبێتەوە؛ بگرە وەلائی بۆ پارتی زیاتر بێت وەک لە حزبەکەی خۆی.

هەروەها بەجیا بەخشینی پارەکە بۆ ئەوەیە کە هەمووی لە دەستی یەک کەس و لایەندا کۆنەبێتەوە و نەبێت بە مەبلەغێکی زۆر گەورە و نەتوانرێت پرۆژەی زەبەلاح و ستراتیژی پێدروست بکرێت و سەرەنجام ئەم دەڤەرە نەبێت بە خاوەنی ژێرخانی ئابوری بەهێز و هەر بە هەژاری و لاوازی بمێنێتەوە و نائارامی ڕویتێبکات.

هاوکات لە ڕێی کەناڵەکانی ڕووداو و K24 ەوە کە بە پارەی نەوت بەڕێوەدەچن، دێن و ڕوماڵی ئەو نائارامیانە دەکەن بۆ ئەوەی پشێوی و دڵەڕاوکێی زیاتر لەم سنورە بڵاوبکەنەوە.

پارتی بڕی ئەو پارەیەی دەیدات بە ھەر یەک لە بەرپرسەکان بەجۆرێکە کە بەرپرسەکە و بنەماڵەکەی دەوڵەمەند و خۆشگوزەران دەکات بەڵام بەشی ئەوە ناکات پرۆژەی گەورە و ستراتیژی لەم سنورە پێجێبەجێبکرێت.

دابەشکردنی بودجە سەردەمی دوو ئیدارەیی ٥٣ بە ٤٧ بوو؛ ئەو کاتە دۆخی ھاوڵاتیانی ئەم سنورە زۆر لە ئێستا باشتر بوو. کەواتە تەنها چارەسەر ئەوەیە کە هێزەکانی ئەم دەڤەرە فریای هاوڵاتیان بکەون و چیتر باجی سیاسەتە هەڵەکانی پارتی نەدەن و داهات ودەسەڵات بگێڕنەوە بۆ ئەم دەڤەرە و موچە و گوزەرانی هاوڵاتیانی پێدابینبکەن و پرۆژەی ستراتیژی پێبنیادبنێن.

تێبینی: سودم لە زانیاریەکانی برای ئازیزم کاک ئەحمەدی حاجی ڕەشید وەرگرت (پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق).

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.