“كارنامەی عەبادی و مالیكی كە كورد ئەزمونی تاڵی لەگەلیان هەبو لە كارنامەكەی كازمی بۆ حكومەتی نوێ باشتربوون”

لەلایەن ستاندار Posted on 247 جار بینراوە

ستاندەر

بەگوێرەی بۆچونی چاودێرێك  بەبەراورد بە كارنامەكەی مالیكی و عەبادی بۆ حكومەتەكانیان كە كورد ئەزمونی خراپی لەگەلیان هەبوە، كارنامەكەی كازمی زۆر خراپترە.

هاوكار عزەت لەمبارەیەوە دەلێت کازمی لە کارنامەیەکی 7 پەڕەیی و لە 7 تەوەری گرنگی کارنامەکەدا بە تەنها یەک وشەش ئاماژەی بە هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەو قەوارەی کوردستان نەکردوە.

دەقی سەرنجەكە بخوێنەوە:

کارنامەکەی “مستەفا کازمی” و چەند سەرنجێک

هاوکار عزت
کاتێک کارنامەکەی مستەفا کازمیم خوێندەوە کە ئاراستەی پەرلەمانی کردوە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، هەر بەراستی توشی سەرسوڕمان بووم و هەستم دەکرد ئەم کارنامەیە بۆ عێراقێکی بێ هەرێم و نا فیدڕاڵ ئامادەکراوە.

هەر ئەمشەو سەیری کارنامەی کابینەکانی “مالکی و عەبادی” م کرد کە ئێمەی کورد تاڵترین ئەزمونمان لەگەڵ ئەو دوو سەرۆکوەزیرانەدا هەیە، بەڵام هەردوو کارنامەکە لەمەی کازمی باشتربوون.

کازمی لە کارنامەیەکی 7 پەڕەیی و لە 7 تەوەری گرنگی کارنامەکەدا بە تەنها یەک وشەش ئاماژەی بە هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەو قەوارەی کوردستان نەکردوە.

لەڕووی سەربازییەوە ئاماژەی بەوە کردوە کە پارێزەری سنوری وڵات تەنها سوپای عێراقە و باسی ئەوەی نەکردوە کە هێزێک هەیە لە دەستوردا بە هێزی پاراستنی هەرێم ناسراوە کە پێشمەرگەیە، لەگەڵ ئەوەش باس لە پەرەدان بە توانا سەربازیەکانی دەزگا هەواڵگری و سەربازی و ئەمنییەکان کراوەو لەو چوار چێوەیەدا باس لە حەشدی شەعبی کراوەو بە تەنها یەک پیتیش باسی پێشمەرگەی تیا نییە.
لە باسکردنی دارایی و ئابوریدا دیسان بەلای هەرێمدا نەهاتوەو هەمووی باسی یەک سەرچاوەیی دەکات کە عێراقی عەزیمە.

کاتێک باسی پەیوەندیەکان هاتوە باس لە رێکخستنی پەیوەندییەکان لە چوارچێوەیەکی تۆکمەدا کراوە بە چەند رێگەیەک و پاراستنی سیادەی وڵاتیش باسکراوە کە ئەمە وەها لێکدەدرێتەوە کە هیچ پەیوەندیەکی تر لە دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەو لایەنی پەیوەنیداری عێراقی ڕێپێدراو نییە!.

ئەمە دەیسەلمێنێت کە کازمی نیەتێکی باشی نییە لەگەڵ کورد و کوردستان، لە کاتێکدا یەکەم لایەن کە پاڵشتی کرد لایەنی کوردی بوو لەسەر ئاستی بەرزترین دەسەڵاتی خۆی کە سەرۆکی هەرێمە،هاوکات بە دۆستێکی باشی کورد باودەبرا چونکە ماڵی لە سلێمانی بوەو سەردەمێک لە یەکێک لە دەزگا دیارەکانی کوردستان وەک ڕۆژنامەنووس کاری کردوە.
بەداخەوە سیاسیەکانی ئێمە وەهایان لە دۆزی کورد کردوە لەوپەڕی خاوەن مافییەوە هاتوینەتە سەر ئەوەی کە بە تەنها وشەیەک باسی هەرێم نەکرێت لە کارنامەدا.
پێویستە بە جدی قسەیەک بکەین وخاڵێک لەسەر پیتەکان دابنێین و هەڵوێستێکی جدیمان هەبێت کە دڵنیام ئەو هەڵوێستە جدیە لای هەریەکەمان و لێکدانەوەیەکی بۆدەکرێت!.
“ئەم نوسینە نابێتە پاکانە بۆ ئەو پێشێلکردنەی دەستور کە لەبواری نەوت و داهات و موچەدا هەرێم لە ساڵانی ڕابردوو کردویەتی”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.