هەڵوەستەیەک لەسەر پەیامە تەلەفۆنیەکەی (ئۆجالان)

لەلایەن ستاندار Posted on 221 جار بینراوە

هیوا سه‌ید سه‌لیم

دەوڵەتی تورکیا یەکەمین جارە دەرفەت بۆ (ئۆجالان) و زیندانیەکی هاوڕێی دەرخسێنێت، تا لە زیندانی ئیمڕالیەوە لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن.
یەکێک لە پارێزەرانی ئۆجالان لە تویتەر دەڵێت:
ئۆجالان (٢٠-٢٥) دەقیقە لەگەڵ (موحەمەد ئۆجالان) برای قسەی کردووە، گرنگترین ئەو تەوەرەی کە ئۆجالان قسەی لەبارەیەوە کردووە رەوشی باشوری کوردستان، و ئاڵۆزیەکانی نێوان پارتی و پەکەکە بووە.
ئۆجالان، لەو پەیامەیدا باسی لە رێکەوتنێکی نێوان پارتی و پەکەکە کردووە کە لە سالانی هەشتاکان لە نێوان ئەو دوو لایەنە ئەنجام درواە، کە ئەوسا (پارتی و پەکەکە) لەسەر ١٠ خاڵ رێککەوتوون، هەروەها باس لە رۆڵی گرنگی (ئیدریس بارزانی) دەکات سەبارەت بەو ریکەوتنە.
ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەی (ئۆجالان) لەو کاتەدا لە بواری سیاسی و تەنانەت تەندرووستیش زۆر گرنگە.
لە بواری سیاسی گرنگیەکەی لەوەدایە، دەوڵەتی تورکیا دەروازەیەک دەکاتەوە کە (ئۆجالان) وەک کارەکتەرێکی گرنگ بۆ ئاشتی رۆڵی خۆی ببینێت، جا تورکیا ئەوەی پێخۆشە یان نا ئەوەیان شتێکی دیکەیە.

لە باری تەندروستیش دوای دەنگۆیی بلابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکانی تورکیا، ئەوەیان دلنیایەکی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان بە تایبەتی و کەسوکاری (ئۆجالان) لەوەی تەندروستی (ئۆجالان) لە زیندان باشە.
هئچ گومانی تێدا نیە کە (ئۆجالان) لە زیندانیش دەتوانێت ببێتە فریادڕەسی ئاشتی ناوچەکە، کە پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٤ ئەو رۆڵەی لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی بینی، بەڵام بە هۆکاری جۆراو و جۆر کە تا ئەمرۆشی لەگەڵ دابێت بەرپرسانی تورکیا و کورد یەکتری پێ تۆمەتباردەکەن، ئەو پرۆسەیە پەکخراو.

دوای پەکخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئیمڕالی، شەڕی شارەکان دەستی پێکرد، و بە هەزاران کەس کە لەنێویاندا هاوسەرۆکانی هەدەپە و دەیان پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی هەلبژێردراو خارانە زیندانەکانەوە، هەروەها (ئۆجالان) خرایە دۆخئ گۆشەگیریەکی توند، تا ٣٠ ئاداری ئەمساڵ لە ژێر فشاری جەماوەری، بە تایبەت مانگرتنی زیندانیان، ئەو گۆشەگیریەی سەر (ئۆجالان) هەڵگیرا و رێگا بە کەسوکاری درا لە زیندانی ئیمڕالی سەردانی بکەن.
ئومێد دەکەین قەناعەتێک لای دەوڵەتی تورکیا درووست بووبێت، کە لە جیاتی شەڕ و داگیرکاری کە لە ئێستادا بە فراوانی دەستی داوەتێ، بگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و سوود لە توانا و هەڵوێستەکانی (ئۆجالان) وەرگرێت.
ئەگەر حکومەتی تورکیاش بەو کارە هەڵنەستا، حەق وایە لایەنە کوردستانیەکان، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە ئێستادا لە شەڕێکی سارددایە لەگەڵ پەکەکە، پەیامەکەی (ئۆجالان) بۆ ئاشتی و یەکڕیزی کوردستانی بەهەند وەرگرن، وەلامێکی ئەرێنیان هەبێت بۆ (ئۆجالان)، تا دۆخی ئاڵۆزی کوردستان بە هیمەتی هەموو لایەک هێوربکرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.