ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایکبوونی شێرکۆ بێکەسە: ٢ مایس

لەلایەن ستاندار Posted on 457 جار بینراوە

مه‌ریوان وریا قانع

ڕۆژی لەدایکبوونی یەکێک لە شاعیرە ھەرە گرنگەکانی میلەتی ئێمە و یەکێک لە دەنگە شیعرییە ھەرە دەگمەنەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە. شێرکۆ بێکەس شاعیری دارستانێکە ناوی مێژووی کوردستانە، دارستانێک پڕ لە درەخت و باڵندە و سەدا و تاوان و کەوتن و ھەستانەوە و شۆڕش و خیانەت و غەدر و بەرگرییکردن و مردن و سوتان و شەھدیبوون و لەدایکبوونەوەی تازە و بەردەوام. کەم شاعیر ھەیە ھێندەی شێرکۆ بێکەس ھەموو ئەزموونە ئەدەبییەکەی تەرخانکردبێت بۆ باسکردنی دیوە ڕووناک و تاریک و ناسک و کوشندەکانی ئەو دارستانە، ئەو دارستانە کە ناوی کوربوون و مێژووی کوردبوونە. ئەم پیاوە لە ”داستانی ھەڵۆی سور“ەوە بۆ ”دەربەندی پەپولە“ و بۆ ”ئێستا کچێک نیشتیمانە“، سەردەکات بەناو جەھەنەمە جیاوازەکانی ناو ئەم دارستانەدا، بەناو تونە گڕاویەکانی ئەم دارستانەدا تێدەپەڕێت، کارەسات و ئیرادەگەرییەکانی ناوی دەبینێت، لەم دارستانەدا ھەم خۆی دەسوتێت و ھەم زمانەکەی، ھەم شیعر و ھەم ھاوڕێ و دۆستەکانی، ھەم یاداوەریی و ھەم چاوەڕوانییەکانی. کە لەو سەریشەوە بە کۆڵێک بیماریی و دەریایەک دڵشکان و باوەشێک پیربوونەوە دەگەڕێتەوە، ھەموومان دەباتە ناو وردەکارییەکانی ئەم سەفەرە جەھەنەمییەوە لە تێکست. ھەموومان دەکات بە شایەت و بینەری ئەو سەفەرە ئەفسانەییە ترسناکە و دەمانکات بە بەشێک لەو زمانەی کە خەریکی نووسینەوەی خۆی و نووسینەوەی ئەو جیھانەیە کە تیایدا ئامادەیە.
کەم شاعیر ھەیە وەک شێرکۆ بێکەس دەستی میلەتێک بگرێت و بەردەوام بیبابەتەوە ناو وردەکارییەکانی ئەو جیھانەوە کە تیایدا دەکەوێت و ھەڵدەستێتەوە، لە خەمی ئەوەدابێت ھەڵقە سەرەکییەکانی ئەو جیھانە لەیادنەکرێن و ئەو برین و تاوانانە لە یاداوەریدا نەسڕێنەوە کە مرۆڤی ئەم جیھانەی کردوە بە مرۆڤێکی تایبەت، بە تێکەڵێکی ئاڵۆز لە برین و وەڕسبوون و خەون. مرۆڤێک ھەمیشە ھەندێک ئاسۆی تایبەت ئەدۆزێتەوە و ھەمیشەش چەندان ئاسۆی بەسەردا دەڕوخێت و لەژێر وێرانەی تەپوتۆزەکانییەوە دێتەدەر. شیعری شێرکۆ بێکەس شیعری مرۆڤێکە بە تەنھا لە ڕمانی گەورە و بەربەریەریەتی گەورە و خیانەتی گەورە دەڕوانێت، بەتەنھا لە مردن و لەدایکبوونەوەی خۆی دەڕوانێت، بەتەنھاش بە دیارچاوی خۆی و بەدیارچاوی جیھانەوە دەمرێت و دەکوژرێت.
ئەم شاعیرە لە ”داستانی ھەڵۆی سور”دا وردەکارییەکانی ئەو ئیرادە ناوەکییە دەنووسێتەوە کە مرۆڤی تێکشکاو دەگۆڕێت بۆ ”بوونەوەرێکی بەرگریکەر“، بۆ بوونەوەرێک واز لە خەونی گۆڕانی دونیا و گۆڕانی خود و دزۆینەوەی ئایدیالی گەورە ناھێنێت. لە ”دەربەندی پەپولە“دا حیکایەتی شکانێکی گەورە و لەدەستدانێکی ھەمەلایەنی ھەمووشتێک و برینداربوونێکی سەرتاسەریی مرۆڤبوونی ئەم مرۆڤە دەنووسێتەوە. حیکایەتی خەمباری گۆڕانی ”مرۆڤی بەرگریکار“ بۆ ”مرۆڤی مەنفا“، مرۆڤێک کە تەنھا یەک ئەگەری بۆ مانەوە و پاراستنی مرۆڤبوونی خۆی لەبەردەمدا ماوەتەوە: تەنھایی. لە دواھەمین بەرھەمی گرنگیشیدا، ”ئێستا کچێک نیشتیمانمە“، ئیتر ئەو تەنھاییە کە لە دەرەندی پەپولەدا ئاکارێکی کۆیی و دەستەجەمعی ھەیە، تەنھایی میلەتێک لەناو میلەتانی دونیادا، دەگۆڕێت بۆ تەنھاییەکی تاکەکەسیی و گیرخواردنە بەدەست ھەمووشتێکەوە، لە پێش ھەمووانیشەوە گریخواردن بەدەستی نیشتیمانەکەی خۆیەوە.
سەفەری شێرکۆ بێکەس بەناو شیعر و مێژوو و شوێنە جیاوازەکانی دونیادا، سەفەرێکی تراژیدییە. بە بەرگریی دەستپێدەکات و بە تەنھایی کۆتاییدێت، لە شۆڕشەوە دەمانگوازێتەوە بۆناو گەڕان بەدوای ئافەرتێکدا ھەموو خۆشەویستی خۆمانی پێببەخشین. لە نیشتیمانەوە دەستپێدەکات بە مەنفا کۆتاییدێت، مەنفا لەناو نیشتیمان خۆیدا.
لە ڕۆژی لەدایکبوونی ئەم شاعیرە دەگمەنەدا وەک خوێنەرێک لە بەردەم تێکستەکانیدا ھەست بە خەزان و پایزێکی زەردە دەکەم کە ھەم سەرمایەتکی تایبەتمان پیائەدات و ھەم لە دارستانێکدا نیشتەجێمان دەکات کە لە شیعر و ئازارێکی زۆر دروستکراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.