ئايا هه‌ولێر شارێكى توركمانيه‌ ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 346 جار بینراوە

نوسينى : شێرزاد شێخانى

به‌حوكمى داگييركارى ئيمپراتۆريه‌تى عوسمانى كه‌ زياتر له‌چوارسه‌د ساڵ رووبه‌رێكى فراوانى ناوچه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى خسته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆيه‌وه‌ ، زمان و كلتورى تورك به‌زه‌برى هێز فه‌رزكرايه‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌كانيه‌وه‌ . كوردستانيش كه‌ به‌شێك بووه‌ له‌ ويلايه‌تى موسڵى عوسمانيه‌كان ، ئه‌ويش كه‌وته‌ به‌ر ئه‌م شاڵاوه‌وه‌ . هه‌ڵبه‌ت ئاساييه‌ ميلله‌تانى ژێرده‌سته‌ بكه‌ونه‌ به‌ر كاريگه‌رى زمانى داگييركه‌رانه‌وه‌ به‌حوكمى ئه‌وه‌ى زمانى داگييركه‌ر ، زمانى فه‌رمى ده‌وڵه‌ت بووه‌ .
له‌دواى رووخانى ئيمپراتۆرييه‌تى عوسمانى و كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانيان له‌زۆربه‌ى وڵاته‌ داگييركراوه‌كان ، هه‌ندێ پاشماوه‌ى سوپاكه‌يان له‌سه‌ر خاكى وڵاته‌ داگييركراوه‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌‌ به‌مه‌ش بوونه‌ پێكهاته‌يه‌كى ره‌سه‌نى ئه‌م وڵاتانه‌ ، وه‌كو توركمانه‌كانى عيراق وسوريا و عه‌جه‌مه‌كانى ئێران كه‌ هاوسنوورى توركياى خيلافه‌ت بوون . به‌ درێژايى حوكمى عوسمانيه‌كانيش له‌ويلايه‌تى موسڵ كه‌ كوردستانيش به‌شێك بووه‌ له‌پێكهاته جوگرافيه‌‌كه‌ى ، كلتوورو زمانى توركى زاڵ بووه‌ به‌سه‌ر شارى هه‌ولێردا ، به‌تايبه‌ت كه‌ هه‌ولێريش بووه‌ته‌ وێستگه‌يه‌كى پشوودانى ئه‌م سوپايه‌ له‌سه‌ر هێلى گواستنه‌وه‌ى سو‌پاى عوسمانى له‌توركياوه‌ بۆ ويلايه‌ته‌كانى ترى خوارووى عيراق .
كورد له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌كوردستانى خۆيدا ژياوه‌ وكلتوورو زمانى تايبه‌تى خۆى هه‌بووه‌ .، به‌ڵام له‌هه‌ولێر زياتر له‌ناوچه‌كانى ده‌وروپشتى شاره‌كه‌دا‌ ژياون ، مه‌گه‌ر بۆ كارى بازرگانى هاتبنه‌ ناو شاره‌كه‌ كه‌ پێشتر ته‌نها قه‌ڵايه‌ك بووه‌ ، به‌ڵام وا پێده‌چێ ورده‌ ورده‌ خه‌ڵكى گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى به‌تاك وبه‌كۆمه‌ڵ روويان له‌م شاره‌ كردبێ بۆ نيشته‌جێ بوون .
تا ساڵانى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو ، زمانى توركمانى به‌سه‌ر ئه‌م شاره‌دا زاڵ بووه‌ . ته‌نانه‌ت كاتێك هه‌ندێ خێزانى قه‌ڵاتيش به‌هۆى كاريگه‌رى چڕى دانيشتوانه‌كه‌ى ، ياخود بۆ كه‌سابه‌ت‌ هاتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌و له‌ده‌وروبه‌رى قه‌ڵاكه‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێك دروست بووه‌ وه‌كو ( ته‌عجيل و عاره‌ب و خانه‌قا ) له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وانيش له‌ئه‌ساسدا به‌توركمانى قسه‌يان كردووه‌ ، بۆيه‌ زمانه‌كه‌شيان له‌گه‌ڵ خۆياندا گواستۆته‌وه‌ خوار قه‌ڵاكه‌وه‌‌ .
له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى رابردوو پێده‌چێ شه‌پۆلێكى تازه‌ى كۆچى گوندنشينان رووى له‌هه‌ولێر كردبێ ، به‌مه‌ش هه‌ندێ گه‌ڕه‌كى تازه‌ دامه‌زران وه‌كو ( ته‌يراوه‌و سه‌يداوه‌ وسێتاقان وكوران ) كه‌ زياتر مۆركێكى كوردانه‌يان وه‌رگرت و دانيشتوانه‌كانى به‌زمانى كوردى قسه‌يان ده‌كرد . سه‌يرنيه‌ ئه‌گه‌ر بڵێين هه‌تا ساڵانى حه‌فتاو هه‌شتاكانيش زۆر به‌ده‌گمه‌ن خێزانێكى توركمانت له‌م گه‌ڕه‌كه‌ كوردنيشيينانه‌ بتديبايه‌ ، چونكه‌ چڕى بڵاوبوونه‌وه‌ى توركمانه‌‌كان زياتر له‌گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانى ده‌وروبه‌رى قه‌ڵات بووه‌ .
له‌دواى هه‌ڵگيرسانى شۆڕشى ئه‌يلول و له‌ژێر كاريگه‌رى هه‌ڵكشانى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌يى كو‌رد ، به‌تايبه‌تيش دواى ده‌رچوونى به‌يانى 11 ئازار كه‌ بۆيه‌كه‌مجار بوو رژێمى عيراق دانى به‌مافى‌ كورد ناو زمانى كورديش بووه‌ زمانى دووه‌مى فه‌رمى له‌عيراق ، به‌هۆى ئه‌و ئارامييه‌ى كه‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانى كوردستانى گرته‌وه‌و ترسى كورد بوونيش نه‌ما ، ئيدى زمانى كوردى شوێنى به‌ زمانى توركمانى‌ له‌قكرد ، هاتنى شه‌پۆلێكى نوێى كۆچى گوندنشينانيش بۆ هه‌وڵێر يارمه‌تيده‌رێكيتر‌ بوو بۆ زاڵبوونى زمان و هه‌ستى نه‌ته‌وه‌يى كورد به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا .
له‌دواى راپه‌ڕينى به‌هارى كوردستان له‌ساڵى 1991 به‌ سوودوه‌رگرتن له‌كه‌شى‌ نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆو ئازادى ‌كوردستان و دواتريش ده‌ركه‌وتنى كاريگه‌رى رژێمى توركيا به‌سه‌ر وه‌زعى سياسى له‌كوردستاندا ، چه‌ند حزبێكى توركمانى هاتنه‌ مه‌يدانه‌كه‌وه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌م حزبانه‌ كه‌وتنه‌ داوى تۆڕانچييه‌تيه‌وه‌ ئه‌ويش له‌ژێر ‌كاريگه‌رى نفووزى توركيا له‌كوردستاندا .
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج وپرسياره‌ ، بۆچى توركمانه‌كان نه‌يانتوانى به‌درێژايى ته‌مه‌نى شۆڕشه‌كانى كورد كه‌ له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ سه‌ريانهه‌ڵدا ، حزبێكى سياسى بۆ خۆيان دروست بكه‌ن ؟؟!!. هه‌ڵبه‌ت توركمانيش وه‌كو هه‌ر پێكهاته‌يه‌كى نه‌ته‌وه‌يى له‌عێراقدا ئه‌وانيش بێبه‌ش بوون له‌هه‌موو مافه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كانيان ، هه‌ر نه‌بوايه‌ ئه‌بوو حزبێكى توركمانيش وجوودى هه‌بوايه‌ وشان به‌شانى شۆڕشى ئه‌يلول خه‌باتى بۆ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى خۆيان بكردايه‌ !! . به‌ڵام ئه‌وه‌ رووينه‌دا و له‌جياتى ئه‌وه‌ چه‌ند رێكخراوێكى بچووك هه‌بوون بۆ ته‌عبيركردن له‌ تايبه‌تمه‌ندى توركمانه‌كانى ‌هه‌ولێر وه‌كو ( ئۆجاغى توركمان ) جگه‌ له‌كردنه‌وه‌ى به‌شى توركمانى له‌ته‌له‌فزيۆن و پێشتريش له‌ئيزگه‌ى كوردى به‌غدا . به‌ڵام هيچ حزبێكى توركمانى بوونى له‌سه‌ر گۆره‌پانى سياسيدا نه‌بوو .
له‌ساڵانى دواى راپه‌ڕينه‌وه‌ چه‌ندين حزبى توركمانى دامه‌زران ، له‌حزبه‌كه‌ى مزه‌فه‌ر ئه‌رسه‌لانه‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ى ئێستا ، به‌ڵام زۆربه‌يان كه‌وتنه‌ ‌ژير هه‌ژموونى توركيا ، بۆيه‌ ئێستا خزمه‌ت به‌ ‌سياسه‌ته‌كانى توركيا ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ كوردو ئه‌زموونه‌كه‌ى زياتر له‌وه‌ى به‌ رووحيه‌تى برايه‌تى وپێكه‌وه‌ ژيان له‌گه‌ڵ كورددا هه‌ڵكه‌ن !!.
هيچ گومانێك له‌وه‌دانيه‌ كه‌وا توركمانيش پێكهاته‌يه‌كن ‌ تايبه‌تمه‌ندى خۆيان هه‌يه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌ نيه‌ كه‌سانێك ده‌ركه‌ون بڵێن هه‌ولێر شارێكى توركمانييه‌ !!. يان لايه‌نێكى سياسى پشتگييرى توركيا بكات له‌چاوبڕينى به‌ ويلايه‌تى موسڵ كه‌‌ ناوچه‌كانى سلێمانيش ده‌گرێته‌وه‌ ، جا نازانم به‌چ هه‌قێك توركيا ده‌يه‌وێ حوكمى ناوچه‌يه‌كى خاليسه‌نى كوردى وه‌كو سڵيمانى وهه‌ڵه‌بجه‌ و شارباژێر پێنجوێن وهه‌ورامان بكاو بيخاته‌ ژێر ركێفى خۆيه‌وه‌ !! .
راسته‌ هه‌ولێر تا ساڵانى شێسته‌كان به‌زمانى توركمانى ده‌ئاخافت ، به‌ڵام زمان به‌ته‌نها ته‌عبير له‌ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌ك ناكات ، زمان به‌شێكه‌ له‌ سيماو بوونى نه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌موو شت نيه‌ ، چونكه‌ ناكرێ بڵێين ئه‌مريكا شارێكى ئينگليزييه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌زمانى ئينگليزى قسه‌ ئه‌كه‌ن ! يان بڵێين كه‌نه‌داو سويسرا دوو ويلايه‌تى سه‌ر به‌فه‌ره‌نسان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نيوه‌يان به‌ زمانى فه‌ره‌نسى قسه‌ ئه‌كه‌ن ، يان ئيسپانيا داواى هه‌موو كيشوه‌رى ئه‌مريكاى باشوور بكا چونكه‌ ‌زمانى ئيسپانى ، زمانى فه‌رمى وڵاته‌كانيانه‌ !!. يان نكوڵى له‌كوردبوونى سه‌لاحه‌دينى ئه‌يوبى سوڵتانى ميسرو ئه‌ميرى شاعيره‌كانى عه‌ره‌ب ئه‌حمه‌د شه‌وقى و ئيبن خوله‌كانى هه‌ولێر ‌بكه‌ين چونكه‌ به‌عه‌ره‌بى قسه‌يان كردووه‌ و به‌عه‌ره‌بى نوسيويانه‌ .
ماوه‌ته‌و‌ه‌ بلێين كه‌وا زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى خۆيان به‌توركمان داده‌نێن ، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێينه‌وه‌ سه‌ر ره‌چه‌ڵه‌كى باوك و باپرانيان زۆربه‌يان له‌ئه‌سڵدا كورد بوونه‌ و له‌ناوچه‌كانى ده‌وروپشتى هه‌ولێره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو شاره‌كه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر سه‌رنجيش بده‌ين ده‌بينين كورد به‌گشتى له‌رێگه‌ى عه‌شيره‌ت و خێله‌كانيان هه‌ندێ جاريش به‌ناوچه‌كانيانه‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌ ، به‌ڵام توركمان عاده‌ته‌ن به‌پييشه‌كانيان ده‌ناسرێنه‌وه‌ وه‌كو ( دۆغره‌مه‌چى ، دامرچى ، ئۆتره‌قچى ، چه‌خماخچى ، قه‌هوه‌چى ، قاورمه‌چى ، ئالتونچى ، نه‌جاڕو حه‌داد.. هتد ) . ره‌نگه‌ زۆر به‌ده‌گمه‌ن كه‌سيان هه‌بێت به‌عه‌شره‌ت‌ بناسرێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌يه‌كى تره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى توركمانانى هه‌ولێر له‌ئه‌سڵدا كوردن و توركمانيش زۆرتر زمانه‌ .ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.