عەلی قەڵادزەیی
لە دونیای خۆرهەڵاتی لەمەڕ خۆمان ساڵانێکە واباوە کە هەمیشە دەسەڵاتە سیاسیە حکومڕانە مۆدێل ستالینیەکان بۆ ئەوەی بەئاسانی درێژە بدەن بە کلتوری مانەوەیان و بەردەوامیش بدەن بە عەقڵیەتی نەخۆشی تاڵانکاری سەرخان و ژێرخانی نیشتمانێک ، ڕۆشنە کە پێویستیان بە کلتوری بێدەنگکردنی خەڵک هەیە لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی سێ لایەنی زۆر کاریگەری کۆمەڵگەوهکە بریتین لە :
١- ڕوناکبیران : دەسەڵاتە سیاسیە خۆرهەڵاتیەکان بەردەوام لە هەگبەیاندا جۆرێک لە ئەجێندای کۆنترۆڵکردن و سەپاندنی هەژمون بەسەر توێژێکی زۆر کاریگەری وەک ڕۆشنبیران و عەقڵمەندانی کۆمەڵگە هەیە ، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بەئاسانی سانسۆڕ بخەنە سەر خامەکانیان و قفڵێک بدەن لە زمانیان ، بە ئامانجی کوشتنی ڕۆحیەتی پرسیارکردن لەناخیاندا لە بەرامبەر پرسە ناشەفافەکان و هەروەها بەمەبەستی نەهێشتنی کلتوری ڕەخنەگرتن لایان لە بەرامبەر دۆسێ گەندەڵ و پێشێلکاریە یاسایی و مرۆییەکان ، بێگومان جێبەجێکردنی ئەم ئەجێندە ماکیاڤێلیەش زۆر جار لەڕێگەی هەڕەشەی تیرۆرکردن و هەندێ جار ئەنجامدانیشیەتی بە تەقاندنی چەند دەمانچەیەک لەناو دەمدا وەک ئاماژەیەک بۆ کوشتنی ئازادی ڕادەربڕین و خواستی بێدەنگکردن هاوشێوەی تیرۆری سەردەشت عوسمان ، یاخود بەهۆی هەڕەشەی نانبڕین و بەخشینەوەی پارەو ئیمتیازات و کلتوری دەم چەورکردن ، چونکە لە کۆتاییدا بێدەنگکردنی زۆرینەی چینی ڕۆشنبیران کاریگەری دەبێت لەسەر مەیاندن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگەیەک لەبەرامبەر پرسە شێواوەکان .
٢- ئاین : سەرباری بانگەشەی شوناسی عەلمانیەت لەلایەن زۆرینەی هێزە سیاسیەکان لە دونیای خۆرهەڵات ، لە کاتێکدا عەلمانیەت بە پێناسە عەقڵانیەکەی بریتیە لە سەربەخۆیی بەخشین بە ئاین و دامەزراوەکانی و لەگەڵ پاراستنی ئەم دامەزراوەیە لە پرسی بە ئایدیۆلۆژیا کردن ، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەم هێزە خۆرهەڵاتیانەی لای خۆمان نەک هەر ئۆتۆنۆمیان بە ئاین نەداوە بەڵکو هەمیشە لە خولیای بێدەنگکردنی مەلاکان و کۆنتڕۆڵکردنی ئاین و دامەزراوەکانیدان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایانەوە ، بە پشت بەستن بە عەقڵی بەراوردکاریانە لێرەوە ئەم پرسە زیاتر خۆی ڕۆشندەکاتەوە لەو سۆنگەوەی هەموو ئەو مەلاو وتارخوێنانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ ئازارەکانی خەڵک دەژیان و خاوەن هەڵوێست بوون و قسەی دڵیان دەکرد لە مینبەرەکانەوە ، لەپڕ بە دەسیسەیەک لە وتار خوێنی لادەبرێن و کەسانی تر کەزیانیان بۆ پەزەکانی دەسەڵات نیە لە جێگەیان دادەنرێن ، دواتریش بۆ شەرعاندنی ئەم پرسە دۆسێیەکی گوماناویان بۆ دروست دەکرێت ، مەخابن ئەم غەریزە نەخۆشە لە زۆنی زەردی ئەولا کێرڤەکەی بەرزترە بەبەراورد بە زۆنی ئەملا ، چونکە دیتمان لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە هەولێری پایتەخت بە بیانویەکەوە پۆلێک لە مەلای ئازاو ئازاد لە میمبەرەکانیان دور خرانەوە و سزای هەڵوێستەکانیان وەرگرت .
دەسەڵات باش دەرکی ئەو ڕاستیە کردوە و دەزانێت هەمیشە ڕەخنە و سەرنجی مەلاکان زوو کاریگەری لەناخی خەڵک دروستدەکات بەجۆرێ مەلاکان بە ئاسانی دەتوانن خەڵک بجوڵێنن و ڕای گشتی لەسەر دۆسیەیەک دروست بکەن بەبەراورد بە گوتاری سیاسیەکان و ڕێکخراوەکان و ڕۆشنبیران و موریدانی فەیسبوک .
هەمیشە دەسەڵاتە کورسی پەرست و پیسخۆرە خۆرهەڵاتیەکان لەبەر ئەوەی دۆسێکانیان پاک نیە ، بۆیە بەردەوام ئەو ئەجێندە لەباخەڵیاندایە کە ناوەڕۆکی وتاری مەلاکان لە زیندویەتی داببڕن بە هۆی دورکەوتنەوە لە ئاماژەدان بە ئازارو مەعاناتەکانی ڕۆژانەی خەڵک ، لە جێگەی ئەمە دەسەڵات پێی باشە مەلا خاوەنی گوتارێکی مێژویی و تەقلیدی دابڕاو لە زەمەن بێت بە بیانوی دورکەوتنەوە لە بە سیاسی کردنی مینبەرو مزگەوت .
دەسەڵات لەڕێگەی مومارەسەکردنی سیاسەتی ماکیاڤێلیەوە ( الغاية تبرر الوسيلة ) هەمیشە شەیدای ئەوەیە کە باسکردنی ڕوداوەکانی ڕۆژ لەمینبەرەکانەوە باسکردن بێت لە پیاهەڵدان بە شانو باڵ و پیاوەتی سیاسیەکان و جار جاریش لە شوێنی پێویستدا هەنگاو و فتوا سیاسیەکانی حکومڕانان بشەرعێنرێت لە یادەوەری خەڵکدا ، دور ناڕۆین و ئەو فتوایە بە نمونە وەردەگرین کە لە ڕۆژگاری قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمدا لە لایەن ڕەمزێکی سەلەفیەتەوە لەکوردستان درا کاتێک گوتی : ( سەرۆکی هەرێم وەلی ئەمرە و بە گوێکردنی واجبە ) ، بەداخەوە ناوەڕۆکی ئەم فتوایە دەلالەتە لە خەونی بێدەنگکردنی خەڵک لە ئاست بە زۆر مانەوەی سیاسیەکی ماوە بەسەرچوو لەسەر کورسی دەسەڵات .
٣- ئۆپۆزسیۆن : ئەم هێزە کە لە هەناوی مۆدێرنەی سیاسی لەدایک بووە ، ستراتیژیەتی ڕاستەقینەی لەدونیادا بریتیە لە چاودێری وردی گوتارو بەڵێن و پڕۆژەکانی دەسەڵات ، لەگەڵ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە ئاست پیسخۆری و نادادیەکانی پارتە حکومڕانەکان و هاوکات ئۆپۆزسیۆنی ڕاستگۆ کاری جیدی دەکات لەسەر کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازیەکانی خەڵک و ئاراستەکردنیان بۆ هەڵبژاردن و ئەنجامدانی ناڕەزایەتیە مەدەنیەکانی لەجۆری خۆپیشاندان و مانگرتن ، بیرمان نەچێ هەندێ جار ئۆپۆزسیۆن ئازایەتی و دڵسۆزی بۆ خەڵک بەجۆرێکە کە هەڵدەستێ بە دروستکردنی حکومەتی سێبەر لەبەرامبەر سوڵتەی بێباکدا بە ئامانجی دروستکردنی فشاری مەدەنیانە لەسەر دەسەڵاتێک بەئاراستەی بەئاگا هاتنەوەی ، بۆیە لەم ڕوانگەوە کۆنتڕۆڵکردن و بێدەنگکردنی ئەم هێزە زۆر گرنگە بۆ دەسەڵاتدارانی لای خۆمان ، چونکە بەمانای خەساندنی کۆمەڵگەیەک دێت و ئەم کایەش بەتەواوی بە دڵی دەسەڵاتە مۆدێل ستالینیە پیسخۆرەکانە ، چونکە بەئاسانی دەتوانن لەم کایە لێڵەدا تاڵانی بکەن و موچە کەرت بکەن و مانگی خواش لە سی ڕۆژەوە بکەن بە شەست ڕۆژ بۆ موچەخۆران ، خۆ لەوانەیە تاکە تاکە لێرەو لەوێ ناڕەزایەتیەک لە فەیسبوک و ڕاگەیاندنەکان ببیسترێت بەڵام لەبەر ئەوەی خاسیەتی کۆی وەرنەگرتووە بۆیە دەرمانی دەردی مڕومۆنی دەسەڵات ناکات .
دەسەڵاتی جوت حزب لە هەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەم تەواو سەرکەوتو بوون لە کۆنتڕۆڵکردنی ئۆپۆزسیۆن و پەلکێشکردنی بەناوی چاکسازیەوە بۆ ناو حکومەتێکی دەستپیس ، لە کاتێکدا هەموان دەزانین کە چاکسازی لە سیستمی حکومڕانی ئەمرۆی کوردستان کارێکی تەواو مەحاڵە و کات کوشتنە ، بەجۆرێک ئەو پڕۆژانەی بەناوی چاکسازیشەوە لە پەڕلەمان تێدەپەڕێنرێن سەرباری کرچ و کاڵیان ، بەڵام لەولاوە لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ ناکرێن ، هاوشێوەی تێپەڕاندنی ئەو یاسا چاکسازیەی کە بە ئامانجی نەهێشتنی موچە خۆری نایاسایی و بندیوار لەژێرفشاری لایەنەکانی دەرەوەی جوت حزب تێپەڕێنرا ، ئەمەش چ وەک دەسیسەیەکی دەسەڵات بێت و چ وەک بێ ئیرادەیی ئەم جوت حزبە بێت لە سەپاندنی یاساکە بۆ لێدان لە ئیمتیازاتی خاوەن نفوزەکانی حزب ، بۆیە دوای چەند مانگ لە دەرچونی ئەم یاسایە تاکو هێشتا هەر مەرەکەبی سەر پەڕە ، بێگومان ئەم گەمەیەش دروستکردنی کایەیەکی ئەرێیە بۆ دەسەڵات و لەولاشەوە کایەیەکی نەرێیە بۆ میسداقیەتی ئۆپۆزسیۆنی جاران ، لەبەر ئەوەی هێدی هێدی پڕۆسەی بێ هیواکردنی دەنگە ناڕازیەکانە و کۆنەبونەوەیانە جارێکی تر لە سەنگەرێکدا ، ئەم بارەش لە کۆتاییدا لەبەرژەوەندی ئەو هێزانە نیە کە دەنگە ناڕازیەکان جەماوەریانە .
بینیمان خەڵکی ناڕازی کوردستان وەک سزادان و بێ هیوابوونێک لەم هێزانە جارێکی تر بە کۆمەڵ دەنگیان نەدایەوە بەم حزبانەی دەرەوەی جوت حزب لەپڕۆسەی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ و واتا بەلێشاو بایکۆتیان کرد ، لەئەنجامدا بەتەنیشت کلتوری تەزویری جوت حزبەوە ئەم بایکۆتەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دروستکرد و ڕێژەی کورسیەکانی پارتی و یەکێتی زیادی کردو دەنگی ئەوانی تریش بەتایبەت (گۆڕان و یەکگرتوو) دابەزی بۆ کەمتریش لەنیوە ، گەر حاڵ واش بڕوات و ئەم سەرکێشیەی گۆڕانخوازان بەردەوام بێ و عەقڵمەندانی ناو گۆڕان ئیرادەی نەمانەوە لەناو حکومەتێک نەسەپێنن بەسەر ئیرادەی خاوەنانی بەرژەوەندی مانەوە بە باش و بەخراپ لەناو حکومەتێک کە ئیرادەی چاکسازی نیە ، گەر وانەکەن ئەوا با چاوەڕوانی بایکۆتی گەورەتریش بن لە دەنگە ناڕازیەکان بۆ هەڵبژاردنی ئایندە ، چونکە ناڕازیبون ئەمێستاکە لە کوردستان بۆتە عەسایەکی دوو سەرە ، سەرێکیان ناڕازیبونە باوەکەیە لە سیاسەتی دزی و جەردەیی پارتی و یەکێتی و ئەو سەریشی بریتیە لە ناڕازیبونە تازەکە لە بەرامبەر سیاسەتی ئەمڕۆی ژمارەیەک لە دەستڕۆیشتوانی بزوتنەوەی گۆڕان ، چونکە ئەم جوڵانەوەیان لە مەبادیئە سەرەتاییەکانی خۆی لایداوەو لەبزاڤێکی ڕادیکاڵەوە کردیانە جوڵانەوەیەکی بێدەنگی عاقڵ (بە گوتەی پارتی ) ، ئەم لادانەش بە هەموو پێوەرەکان سەرکێشیەکی ناعەقڵانیە و دۆڕاندنی بەڵێ ی زیاتری خەڵکە لە هەڵبژاردندا .