کابینەکه‌ی کازمی و پەرتەوازەیی کورد

لەلایەن ستاندار Posted on 238 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

دواجار کابینەکەی مستەفا کازمی ئامادەکرا بۆ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدات، بەڵام هەر لە نیوەی ڕێگا بەشێک لە کوتلە شیعیەکان لە ناویاندا دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی و کوتلەکەی ئەیاد عەلاوی لێی پەشیمان بوونەوە، و بڕیاریاندا دەنگ بە کابینەکەی نەدەن، هیشتاش ماوە تا بزانین ئیدیکەش لێی هەڵدەگەڕێنەوە یان نا؟
کازمی، کە سێیەمین راسپێردراوە بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی رادەسپێردرێت، شانی داوەتە بەر ئەرکێکی قورس، ململانێ نێوخۆیەکانی عێراق لە نێوان شیعە و سوونە لەلایەک و کوردو بەغدا لە لایەکی دیکەوە، دەستوەردان و هەژموونی وڵاتان بەسەرعێراق، بە تایبەت ململانێی باڵادەستی و دەستوەردانی ئێران و ئەمەریکا، و پرسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆرستانی داعش و قەیرانی ئابووری، کە لێکەوتەی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنایە بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت، کە لە ئێستادا کۆڵەکەی سەرەکی ئابووری عێراقە، هەموو ئەو ئاڵنکاریانەن کە ڕووبەڕووی کابینەکەی مستەفا کازمی دەبنەوە.
بەدەر لە هەموو ئەوانەی باسمان لێوەکردن، کورد کێشەیەکی دیکەیە لەبەردەم ئەو کابینەیە، چونکە هێشتا یەکلانەبۆتەوە کە تەواوی پەرلەمانتارە کوردەکان دەنگ بەو کابینەیە دەدەن یان نا؟ ئایا پەرتەوازەیی نێو لایەنە کوردستانییەکان کاریگەری لەسەر یەکهەڵوێستیان دەبێت بەرامبەر ئەو کابینەیەش یان هەموویان لە بەغدا یەک قسەیان دەبێت؟
ئاماژەکان ئەوەمان پیدەڵێن کە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و زەقبوونەوەی کێشەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کاریگەریان لەسەر ئەو یەکهەڵوێستییە دەبێت، بە تایبەت پرسی نامەرکەزی لە نێوان پارێزگاکانی ئەولا لەگەڵ هەولێر، و شەڕی ساردی نێوان پارتی و یەکێتی، دواجاریش پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چەند پەرلەمانتارێکی کوتلە جیاجیاکان لە پەرلەمانی کوردستان، هێندەی دیکە نێوماڵی کوردی بەرەوە ترازان بردووە.
لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەشدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە سێ پێکهێنەرە سەرەکیەکەی حکومەتی هەرێم پێکهاتووە، بەڵام ئەو شاندە هیچ کاریگەری لەسەر دەنگی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا نابێت.
دوای راسپاردنی مستەفا کازمی لەلایەن سەرۆک کۆمار، پارتی و یەکێتی لە زاری بەرپرسە باڵاکانیان بەر لەهەر لایەنێک پیرۆزبایی خۆیان لەکازمی کرد.
ئەو پەلەپەلی ئەوان لە پشتیوانیکردن لەکازمی، وایکرد لەدوا ساتەکانی دەسەڵاتی کابینە کاربەڕێکەرەکەی دۆستە کوردەکەمان (عادل عەبدولمەهدی)، مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان ڕاگرێت.
هەموو ئەوانە پێمان دەڵێت کە سیاسەتی پارتی و یەکێتی لە پیرۆزبایی پێشوەختە لەکازمی، هەڵەیەکی زەقبوو، باجەکەشی خەڵکی کوردستان دایان، جا بیانووی دیکەی بۆ دێنەوە، ئەوە زەمەن ساغی دەکاتەوە، کە ئایا پاتریۆت مووچەی راگرت یان ئەو هەڵەیەی کە پارتی و یەکێتی کردیان؟
دواجار دەڵێین بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان گرینگ بوو بەیەكهەڵوێستی مامەڵە لەگەڵ ئەو کابینە تازەیە بکات، بۆیە نەدەبوو ئەو هەموو کێشانە درووست بکرێن، بە تایبەت پرسی لێسەندنەوەی متمانە لەپەرلەمانتارەکانی کوردستان، کە هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش دەکات، کە بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر پەرتەوازەیی کورد لە بەغدا دەبێت.
سەرنجام ئەو پەرتەوازەیە دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنی بەرامبەر بە لاوازیەوە مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، و بیقۆزێتەوە بۆ سەپاندنی مەرجی زیاتری ناوەند بەسەر هەرێمی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.