سەروەری یاسا دواتر لابردنی پارێزبەندی!

لەلایەن ستاندار Posted on 345 جار بینراوە

شوان سەید عەلی

هەرچەندە قەدەر منی خستە کۆلێژی یاساو ئەو کۆلێژەم بە نمرەیەکی باش تەواوکرد، بەڵام پێش چونیشم بۆ زانکۆ لەوە گەیشتبوم لەم وڵاتە ئەوەی حوکم دەکات “هێزی یاسا نیەو بەڵکو یاسای هێزە کار دەکات”. لەگەڵ ئەوشدا هیچ کەمتەرخەمیەکم نەکرد لە خوێندن و خوێندنەوە بۆ فێربون و کۆکردنەوەی زانیاری لەبواری یاسا. دوای ئەوەی بەشێوازە ئەکادیمیەکەش شارەزابوم لە یاساو مادەو بڕگە جۆربەجۆرەکانی، بەتەواوی بۆم دەرکەوت ئەو تێگەیشتنەم خودی نەبوە، بەڵکو حەقیقەتێکی بەرجەستەی گشتیە لە کایەی سیاسی و قەزایی و تەنفیزی و ژیانی کۆمەڵایەتیش بەتەواوی هەستی پێدەکرێ.

ئەوکاتەی خوێنکاری زانکۆبووم لە کۆلێژی یاسا دەمخوێند؛ هەمان ئەوڕۆژەی تاقیکردنەوەمان دەکرد لە یاسای سزادان، کە باسی لە مەترسی دزی و قورسی سزای تاوانی دزی دەکرد، لە شوێنی دانانی مۆبایلەکان(کە نابوایە ببرێنەهۆڵی تاقیکردنەوە) لەنێوان سەدان مۆبایل لەژێر چاودێریەکی چڕی کامێڕاکانی چاودێریکردن، لە کۆلێژی یاسا مۆبایلەکەم دزرا!
ئەمە بۆمن جێگای هەڵوێستەبوو، بەتەواوی نیگەرانی کردم! پەرۆشیم بۆ مۆبایلەکەم نا، بەڵکو بیرم دەکردەوە بەیانی ئەمانە دەبنە حاکم و دادوەری کۆمەڵگا، چۆن دەتوانن دادوەری بکەن و بێ لایەنبن؟! وە ئەگەر لەنێو چینەکی بەناو ڕۆشنبیری بەرزی ئاوا، کە شارەزای یاسان و دوارۆژ ئەوانەن چاوەڕێ دەکرێت دادپەروریان لەسەر دەست بەرقەرار بێت دزی بکرێت، چاوەڕێی چ لە خەڵکیتر بکەین؟

لەم وڵاتە ئەو یاسایەی وەک مەرەکەبی ڕژاوی سەر کاغەز بوونی هەیە” جیاوازە لەو یاسایەی لە ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک پیادە دەکرێت.

لەسەر کاغەز خاوەنی کۆمەڵێ یاسای باشو سەردەمیانەین کە دەستەبەری مافو ئازادی هەمو چینەکانی کردووە، بەجۆرێک لەوە نزیکە بڵێین: هەمو پیشەکانی ڕێکخستوە. وەها دەرەکەوێ دەوڵەت بە یاسا پارێزگاریکردنی لەهەمو تاکەکانی زامن کردووە. یاسادانەر یەکسانیەکی تەواوی بەرقەرار کردوەو تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە لە لوتکەی هەڕەمەکەوە بۆ خواری خوارەوە لەبەرامبە یاسا یاکسان کردون. هەر چینەو بە یاسا ئەرکو مافی دیاریکراوە.
پارێزەران و پزیشکان و ڕۆژنامەنوسان و کرێکاران و..هتد خاوەنی یاسای تەیبەت بەخۆیانن و لەچوارچێوەی کارەکانیان ئەرکو مافیان دیاری کراوە..

بەڵام کەدێتە سەر ئەرزی واقع شتێکی جیاواز دەرەکەوێ، بەجۆرێک هەندێ جار دژیەکیەکی وەها دەبینی هەمو ئەو مەرەکەبەی بەناوی یاسا ڕژاوە پێچەوانەی بکەوە دەبێت بە حەقیقەت!
بۆیە دەبینین عەوام نازانێت: نەبونی یاسا چ جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ جێبەجێ نەکردنی یاسا؟

تاوانبار دەبینی دوای کوشتنی چەند مرۆڤێک بە ئازادانە دەسوڕێتەوە کەسیش پێی ناڵێت پشتی چاوت کلی پێوەیە، بۆ؟ چونکە هێزی فلان شێخو عەشیرەتی لەپشتە یان پیاوی فلان حزب و مەسولە..

مامۆستاو هاوڵاتی ماف خوراو دێتە سەر شەقام و تەنها گوڵێکی بەدەستەویە دەیدات بە هێزە چەکدارەکان و داوای نانو موچە لە دەسڵات دەکات؛ ئەگەر نەکەوێتە بەر دەستڕێژی چەند گولەیەک ئەوا دواتر دەیگرن و بەیاسای تیرۆر یان زیان گەیاندن بە ئەمنی قەومی دادگایی دەکەن!
لەولاشەوە یاسای خۆپیشاندانمان هەیەو کاری پێناکرێت!

ڕۆژنامەنوسیش ئەگەر پشتو پەنای نەبو لەسەر چەند ڕستەیەک نوسینی حەق، کە نەدەبوایە لەبەر دڵی فڵان بینوسیبایە، ئەگەر تیرۆر نەکرێت بە یاسای تیرۆر و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دادگایی دەکرێت و دەخرێتە ژێر قەرز یان غرامەیەکی وەها کە دەبێ دەزگاکەشی دابخات و مۆبایلەکەشی بفرۆشێت تاوەکو نەجاتی بێت. ئیتر بەیەکجاری قەڵەمەکەی دەشکێنن و دەمی دادەخەن!
کەچی یاسای ڕۆژنامەگەری نیشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەدەن و پێیان دەڵێن: ئێمە لە دەسەڵاتە هەرە مۆدێرنەکانی جیهانین و ڕێز لە ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانی دەگرین.

سلکی قەزاو دەسەڵاتی دادوەری لە هەر دەوڵەتێکدا کاتێک متمانەی کۆمەڵگا لەدەست دەدەن، تاکەکانی ئەو دەوڵەتە چیتر دادگاکان بەشوێنی هێنانەدی دادپەروەری و گێڕانەوەی مافەکانیان نازانن؛ بەڵکو لە دیدگای هاونیشتمانیان دادگاکان ڕۆڵیان دەگۆڕێ و دەبنە دامەزراوەی مەترسیدارو کاریان دەبێتە چەوساندنەوەو تۆقاندنی هاونیشتیمانیە بێ پشتو پەناکان. ئیتر دادگاکان دەبن بە شوێنی سزادانی هەژاران و پارێزگاریکردن لە تاوانبارو ستەمکاران.

لە هەرێمی کوردستان ئەگەرچی دەسەڵاتی دادوەری بە یاسا سەربەخۆیەو دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە، بەڵام دادوەرەکانیش بەدەر نین لە لایەنگری حزب و بنەماڵەکان. هەمویان نا(هەندێکیان خەڵکی بە ویژدان و سەر راستن) بەڵام بەشی زۆری دادوەرەکان لە دیوەخانی بنەماڵە فەرمانڕەواکان و بە تەسکیەی حزبەکان دیاری دەکرێن. داواکاری گشتیش نەک هەر نەیتوانیوە کاری خۆی بکات، بەڵکو لەو هەزاران دزی و تاڵانیەی کە لەم هەرێمە کراوە، کە ملیارەها دۆلاری تیا بەهەدەر چووە؛ نەی توانیوە تاکە گەندەڵیەکی گەورە بدەنە دادگا!
بۆیە دەبینین لە پرسە هەرە هەستیارو گرنگەکان دادگاکان ناتوانن بێلایەنبنوو سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن. هەمیشە دادگاو دادوەرەکان لە سیناریۆی سیاسی پەنایان بۆ بردراوە، هەر لە سزادانی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان و چاڵاکوانان و ئەندام پەرلەمانەکانەوە تا گەیشتن بە دەرکردنی فرمانی دەسگیرکردن بۆ (ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا).

بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەڕوی یاساییەوە بابەتێکی دروست و یاساییە. ئەگەر تێڕوانینی لایەنەکان گۆڕابێت لەبڕی ئەوەی ناکۆکیەکانیان بە چەک و هێزو سەنگەرگرتن لەیەکتر بەلادابخەن؛ لەمەو دوا پەنا ببەنە بەر دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکانیان ئەمە پەرەسەندنێکی گرنگ و باشە، بەڵام ئەگەر ئامانج لێی بەکارهێنانی دادگاکانبێت بۆ کپکردنی دەنگی ئازدو یان سنوردارکردنی ئەرکو ڕۆڵی پەرلەمانتارانبێت وئامرازێکی تری ترساندن و تۆقاندن بێت(وەک ئەوەی چاوەڕێدەکرێت)، ئەوە پێشهاتێکی یەکجار مەترسیدارەو کۆتایی هاتنە بە ئەرکی دادگاو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری!
لەبەر ئەوە جارێکیتر دادگاکان کەوتونەت ژێر تاقیکردنەوەیەکی قورس!

بۆیە خاڵی جەوهەری دژایەتیکردنی هەڵگرتنی پارێزبەندی نیە، بەڵکو کڕۆکی بابەتەکە سەربەخۆ نەبونی دادگاکانە؛ لەبەر ئەوە پێویستە، کاری جدی بکرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی دادگاکان بەرز بنرخێندرێت و دەسەڵاتی دادوەری سەبەخۆ بێت و لەژێر هەژمونی حزب دەربازیبێت. تاوەکو چیتر خەڵک بە ترس و گومانەوە لە کاری دادگاکان نەڕوانێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.