لامەرکەزیەت و حیبری ئەعزەم

لەلایەن ستاندار Posted on 197 جار بینراوە

هونەر تۆفیق

لە تەموزی ١٩٩١ دا دەوڵەتی عێراق ، دەزگا ئیداریەکانی لە سنووری ئێستای هەرێمی کوردستان کشانەوە ، بۆشایی ئیداری بەمەبەستی خولقاندنی فەوزا لەناوچەکەدا دروستکرد .
بەرەی کوردستانی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیداریە بڕیاری هەڵبژاردنی مەجلیسی تەشریعی – پارلەمان – دا . ساڵی ١٩٩٢ بە پێکهێنانی مەجلیسی تەنفیزی -حکومەت – ئەو بۆشاییە پڕکرایەوە .
لەوکاتەوە جیاوازی لەسەر چۆنیەتی داڕشتنی سیستەمی ئیداری هەرێم بەردەوامە . تا ئاستی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ ، ناکۆکی و ململانێ لەسەر چۆنیەتی سیستەمی بەڕێوەبردن جیاوازی لەنێوان بۆچوونەکاندا هەیە .
هەر لەسەرەتاوە ئەو سیستەمە ئیدارەیە بەجۆرێک لە ئیدارەی تەفویچی ( دەستەڵاتی تەخویلکردن ) بەڕێوەچووە . سەرۆکی حکومەت – پارتی ، تەفویچی جێگرەکەی – یەکێتی کردووە ، بڕیاری ئیداری لەسەر ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی حیزبەکەی بەدەستەوەبێت ، ئیدارەی تەفویچی لە وەزیرەوە تا پلەکانی خوارتریش پەیڕەوکراوە .
ئەم جۆرە ئیدارە ( نەمەرکەزی و نەلامەرکەزیەی ) یە ، لەهەرێمی کوردستاندا هەبووە ، تا کۆچی دوایی تاڵەبانی وەک خۆی مایەوە .
پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجامی بردنەوەی زۆرینەی دەنگی ناو پارلەمان لە ٢٠١٨ دا ، هەروەها غیابی ڕەمزەکانی ململانێ لەسەر چۆنیەتی ئیدارەی هەرێم ، سیاسەتی بەڕێوەبردنی بەرەو شێوازی ئیدارەی حیبری ئەعزەمان pontifex دەبات . کەهەنوتیانە بارەگای بارزانی دەکاتە مەرجەعی باڵا . قۆناغی ئیدارەی تەفویچی بەرەو کۆتایی دەبات . لێرەوە ئیشکالیەتی داواکاری لامەرکەزیەت سەرهەڵدەدات .
داواکاری لامەرکەزی لەخۆیدا هەڵگری نەزعەیەکی شۆرشگێڕانەیە لەهەر شوێن و وڵاتێکدابێت . لە دیدی هەموو دەستەڵاتە مەرکەزیەکانەوە پەیامی ڕوخێنەر و تێکدەرانە لەناو ئیدارەی لامەرکەزیدا هەیە . بۆیە بەچاوی گومانەوە لێ ی دەڕوانن .
بەپێ ی مادەی ١١٦ ی دەستوری هەمیشەیی عێراق ، ئیقلیم و پارێزگاکان دەبێت لامەرکەزی بن . ئۆتۆنۆمی ئیداری و مالی خۆیان دەبێت . لێرەوە ئەو دوو بۆچوونەی کە لەناو هەرێمدا هەیە ، بەریەکدەکەونەوە . بۆچوونی لامەرکەزی پێ ی وایە ، لەبەرئەوەی لامەرکەزی پارێزگاکان بەپێ ی دەستور ڕێگەپێدراوە ، دەبێت لەناو هەرێمی فیدرالیشدا هەمان لامەرکەزیەت پەیڕەو بکرێتەوە . بەڵام بۆچوونێکی حیبر ئەعزەمانەش هەیە کە ئەو لامەرکەزیەتەی دەستوری عێراقی بۆ ئیقلیم ناکاتە لامەرکەزی پارێزگاکان . چونکە ئەگەر پارێزگاکانی هەرێم لەناو خۆدا لامەرکەزی بن یەکڕیزی نەتەوەیەیی لەبەین دەچێت . لەمەوە بۆچوونی سیاسی بۆ یەکڕیزی زاڵ دەکرێت بەسەر بۆچوونی ئیداری و مالیدا . بەرزکردنەوەی دیدێکی سیاسی بەسەر دەقێکی دەستوریدا بۆهەردوو بۆچوونە سیاسیەکە مایەی ناکۆکیە .
لەبۆچوونی داخوازی لامەرکەزیدا پرسی یەکڕیزی توشی سڵەمینەوە و ناڕوونیان دەکات لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی لامەرکەزیەتدا ، ئایا داوای تەفویچ ( دەستەڵاتی مخەوەل ) دەکەن ؟ یان وردکردنەوەی کۆی دەستەڵاتی ئیداری لە وەزارەتی مەرکەزیەوە بەسەر یەکە ئیداریەکانی خوارەوەدا ؟ یان ئەو دەستەڵاتەی دەستوری عێراق بۆی دیاری کردوون ؟ لە گوتاری داخوازی لامەرکەزیدا ڕوونیە کامیان دەوێت ، ئەمەش خاڵی لاوازی داخوازیەکەیانە .
لەبۆچوونی دژە لامەرکەزیەتیشدا هەرکامێک لەو سێ ئەگەرە جێبەجێ بکات یەکەم لە پرۆژەی دەستەڵاتی کەهەنوتی حیبر ئەعزەم کەمدەبێتەوە ، دووەمیشیان پێ ی وایە بە ڕازیبوون بەو داخوازیە لە پێگەی سیاسی حیزبەکەیان لە ناوهەرێم و بەغدا کەمدەکاتەوە . دەستەڵات و پێگە لە ئایدیۆلۆژیای ئەو حیزبەوە لە سەردەمی ناکۆکی مەکتەب سیاسی و سەرۆکی حیزبەوە بایەخی مان و نەمان بووە بەلایانەوە . مەلا مستەفا بەڕوونی بە مەکتەب سیاسی گوتووە : من نامەوێت وەک پادشای بەریتانیا ، مەلیکێکی ڕەمزی و بێدەستەڵات بم .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.