هەردی ئەحمەد
لە دوانیادا سێ جۆر لە پڕۆسەی دیموكراسی بوونی هەیە كە وڵاتان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پیادەی دەكەن، ئەوانیش بریتین لە دیموكراسی (ڕاستەوخۆ، نیمچە ڕاستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ)، لە دیموكراسی ڕاستەوخۆدا گەل خۆی دەبێتە نوێنەر و هەر خۆشی بڕیار دەردەكات و جێ بەجێی دەكات، وەك ئەوەی كە لە بەشێك لە كانتۆنەكانی وڵاتی(سویسرا) پیادە دەكرێت
دیموكراسی ناڕاستەوخۆش یان دیموكراسی نوێنەرایەتی، گەل نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت، ئەو نوێنەرانە دەبنە نوێنەری حەقیقی گەل و خزمەتكاری هاونیشتمانیان لە ڕایكردنی كاروبارەكان و بەجێگەیاندنی ئەرك و فەرمانەكانیان، ئەم جۆرە پڕۆسەیە لە وڵاتانی پێشكەوتوو پیادە دەكرێت، پیادەكردنی ئەم پڕۆسەیەش دابەش دەبێت بەسەر دوو ئاستدا كە سیستمی(سەرۆكایەتی و پەرلەمانی)یە
هەرچی دیموكراسی تەوافقی یان حكومەتی شەراكەتە كەمتر لە ئەدەبیاتی دونیای پێشكەوتوودا جێگەی كراوەتەوە، لە ئەگەری مانەوە و پیادەكردنی بە ماوەیەكی كەم تیان پەڕاندووە وەك هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپی و ئاسیاوی، ئەم شێوازە ئێستا زیاتر لەوڵاتە دواكەوتووەكان پیادە دەكرێت و بەردەوامی هەیە بە ئامانجی هاوپەیمانێتی و هاوبەشی گشتی لە پڕۆسەی بڕیاردان و حوكمڕانیدا
بەڵام لە ڕاستیدا پیادەكردنی ئەم نەهجە سەرباری زۆری كەموكوڕی و لێكەوتەكانی، خراپترین جۆرە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، چونكە پشت دەبەستێت بە بەشداری زۆرینەی ڕەها و تەوافق و هاوبەشیكردنی لایەنەكان بۆ تەواوكردنی ژمارەی یاسایی كورسیەكانی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی شەراكەتی زۆرینە، وەك ئەوەی ئێستا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت و پەیڕەو دەكرێت
عێراق لە دوای پڕۆسەی ئازادی و ڕوخانی ڕژێمی بەعس، كار بەم سیستمە دەكات، ئەوەی لەماوەی ئەم دەیەو نیوەدا لە پڕۆسەی حوكمڕانی عێراق بە بەشداری زۆرینەی لایەنەكان بینرا، سەرباری پڕاكتیزە نەكردنی حوكمێكی ڕەشید، لە توانایدا نەبوو چارەسەری كێشەكان و ڕەوینەوەی گرژییەكان و پاراستنی هاوسەنگی هێز بكات لە ناوچەكەدا، لەگەڵ ئەوەشدا گروپ و تاقمی مافیایی و چەكداری زۆری دروست كرد، ئەوەش وەك فەشەل هەژمار دەكرێت لە شیوازی بەڕیوەبردنی وڵاتدا
هەرچی هەرێمی كوردستانیشە حاڵی لە عێراق خراپتر و لەماوەی (٢٩) ساڵی تەمەنی حكومڕانی و پیادەكردنی ئەم بەناو دیموكراسی تەوافقی و حكومەتی شەراكەتەدا كە لە ساڵی (١٩٩٢) بە فیفتی بە فیفتی دەست پێدەكات، بەهۆی نەسازانی (یەكێتی نیشتمانی، پارتی دیموكرات) دەرئەنجامەكەی لە ساڵی (١٩٩٦) شەڕی ناوخۆی لێدەكەوێتەوە، دوای (٢٥) ساڵ بەردەوامی ئەم نەهجە، پەك خستنی پەرلەمان و سڕكردنی پەرلەمانتاران و كردنە دەرەوەی (بزوتنەوەی گۆڕان) لە كابینەی هەشتی حكومەتی بەدوادا دێت، تا دەگاتە ئەمڕۆش پیادەكردنی ئەم شێوازە، نەیتوانیوە بەر بە لێشاوی گرژی و ئاڵۆزی لایەنەكان و توڕەی و بێ ئومێد بوون و بێ متمانەی هاوڵاتیان بگرێت، لە هەمان كاتیشدا وەك پێویست لەئاست تموح و داواكاری هاوڵاتیانی هەرێم نەبووە و نیە، سەرباری ئەوەش حیزبە بەشداربووەكانی حكومەت بەردەوام یەكتریان تۆمەتباركردووە لە خراپ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، ئەم دژایەتی و تۆمەتبار كردنەش ڕۆژ دوای ڕۆژ لە پەرەسەندن و زیاد بوندایە
بۆیە بۆ دۆخی ئێستا و داهاتووی هەرێمی كوردستان، دەكرێت دوو بژاردەی گونجاو پیادە بكرێت:
١. یان پیادەكردنی تاك لایەنی حوكمڕان و بە ئۆپۆزیسیۆن بوونی لایەنەكانی تر، كە ئەمە باشترین بژاردەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم، چونكە هەم حكومەت باشتر ئامادە دەبێت لە ڕای كردنی كاروبارەكانی، هەمیش باشتر و زیاتر دەتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بكات، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانریت ئاسانتر پایەكانی دەوڵەتداری بونیاد بنرێت، بەڵام بەمەرجێك هەموو دامەزراوەكان لە ژێر ڕكێڤ و هەیمەنەی حكومەتدا بن بەبێ دەستێوەردانی حیزب، ئۆپۆزیسیۆنێكی كاراش هەبێت بۆ ڕەخنە و چاودێری، نەك وەك ئەوەی كە ئێستا هەیە
٢. یان هەرچی زووە كاربكرێت لەسەر سەربەخۆكردن و جێ بەجێ كردنی پڕۆسەی لامەركەزیەتی كارگێڕی و دارایی پارێزگا و قەزاكان وەك ئەوەی كە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم هەیە