عومەر عەلی
بێ توانایی حکومەت لە چارەسەری قەیرانەکان و بێ باکی لە ئاست خراپ بوونی گوزەرانی هاوڵاتیان و گوێگرتن بۆ کێشەکانیان ،وایکردوە کە ڕۆژ بەڕۆژ ناڕەزایەتی چین و توێژە جۆر بەجۆرەکان لەهەرێمی کوردوستان زیاد بکات و حوکمڕانەکان وەک گروپێکی بێ تواناو کەمتەر خەم و دور لە خەمی هاونیشتیمانیان دەربکەون ،چونکە لە ئێستادا ئەوان لە دۆڵێکدان و هاوڵاتیانیش لە دۆڵێکی تر ،حوکمڕانەکانی هەرێمی کوردوستان هەروەک ئەوەی گروپێک بن ئاو لایدابن ،نە هەست بەنەهامەتیەکانی خەڵک دەکەن نە ئامادەی چاکسازیەکی ڕاستەقینەن نە دەسەڵاتیش بەجێ دەهێڵن ،لەبەر ئەوە ئێستا هەمو جەماوەر هەستی بە بێ باکی ئەم گروپە حوکمڕانە کردوەو گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە لە ئێستاوە دەبێت کارێک بکات کە دەسەڵات لە خەو بەخەبەر بهێنێ و لە نزیکەوە پەیامێکی گرنگ و مەترسیداری پێ بدات ،هەرچەند لە کوردوستان کۆمەڵێک پارتی سیاسی هەیە، بەڵام زۆرینەیان نەیانتوانیوە پێشڕەوی خەڵک بکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵات بەشێوازی خەباتی مەدەنی لەوانەش خۆپیشاندان .کە لەڕێگەی ڕاگەیاندن و چالاکیە جەماوەریەکانیەوە پێشەنگی جەماوەر بێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی وخەباتی مەدەنیش باشترین هۆکارە کە یەکێکیان خۆپیشاندانە ،لێدوانەکانی بەرپرسانی پارتی لە بەرامبەر خۆپیشاندانی مامۆستایان و ئەو شڵەژانە گەورەش کە توشی بو ون،مانای ئەوەیە کە ئەمانە ئامادەنین هیچ بنەمایەکی دیموکراسی جێبەجێ بکەن و بڕوایان بەدەسەڵاتی گەل نیەو نایانەوێت بۆ ساتێکیش گوێ لەخەڵک بگرن ،چونکە هیچ مانای نیە ناوت پارتێکی دیموکراتی بێت و لە پڕۆگرامی حیزبەکەت داوای چەسپاندنی دیموکراسی و بەهێزکردنی پێگەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەیت ،بەڵام تەنها بۆداواکردنی مافێکی ڕەوای خۆیان شەق لە مامۆستا هەڵبدەیت و کەلەبچە بکەیتە دەستیان و لە 150کەس 100کەسیان زیندانی بکەیت،ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆپیشاندان مافێکی ڕەوای خەڵکە بۆ داواکانی مافەکانی و لە هەمو دەستوری وڵاتە دیموکراتەکان دانپێدانراوەو پێویستە دەسەڵات گوێیان بۆ بگرێت ،بەڵام کەم چیکڵدانەی پارتی لە دهۆک ،بوە هۆی ئەوەی کە بەرپرسەکان و پەڕلەمانتارو تەنانەت پارێزگاریش کۆمەڵێک لێدوانیاندا کەهەموی تەشهیرو ناوزڕاندن و هەڕەشەو چاوترساندن و تێنەگەیشتن بوو لە بنەماو سەرەتاکانی دیموکراسی ،لە کوردوستاندا بەشێوەیەکی گشتی ترسێکی زۆر هەیە لە خۆپیشاندان و بۆهەر خۆپیشاندانێکیش هەزاران کەس لە هێزی ئاسایش و پۆلیس بانگ دەکەن ،ترسی ئەمانە لە خۆپیشاندان بەهۆی ئەو پەرێزەپیسەوەیە کە لە درێژەی 29ساڵی ڕابردوودا ئەنجامیان داوە ،هەمو خەڵکی کوردوستان و خۆشیان ئەوە باش دەزانن کە ئەمانە لە جەماوەر دابڕاون و ناتوانن تێکەڵاوی خەڵک ببنەوەو گوێ لە داواکانیان بگرن ،لە بەرئەوە دەسەڵات لە جیاتی گەڕانەوە بۆ بنەماکانی دیموکراسی ،ڕێگە چارەی ئەمنیان هەڵبژاردوە کە ئەمەش مانای ئەوەیە دەسەڵات ڕوەو تاکڕەوی و پشتکردن لە دیموکراسی و خەڵک هەنگاوی ناوە ،کە ئەمەش پێشینەیەکی خراپە بۆ ڕۆژانی داهاتو ،چونکە ئەم هەنگاوە خەڵک توڕەتردەکات و وادەکات بەلێشاوێکی زۆرتر بێنە سەرشەقام و ئەو کاتەش پارتە حوکمڕانەکان کاڵەک بە ئەژنۆی خۆیان دەشکێنن.