سەلاح خدر
سەرچەتە تەها عەبدولڕەحیم عەبدوڵا بەکر غەسانی ناسراو بە حاجی عەبدولناسر قەرداش یان ئەبو محەمەد کە ئەمڕۆ لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی عێراقەوە دەستگیرکردنی ڕاگەیەندرا، بەڕەگەز تورکمانی شارۆچکەی تەلەعفەری عێراقە چەند کەس لە بنەماڵەکەی لەناو داعشدان.
قارداش جیاواز لە هەندێک سەرچەتەی داعش و ئەلقاعیدە باڵی تورکیا بوون لەناو داعش دا و ڕاستەوخۆ ڕێنمایی لە دەزگای میتی تورکی وەرگرتووە.
لەهەمان کاتدا ناوبراو پەیوەندی ڕێکخستنی پتەوی لەگەڵ تاریق هاشمی جێگری سەرۆکۆماری پێشووی عێراق هەبووە کە بەتۆمەتی تیرۆر دادگای بەغداد بڕیاری سێدارەی داوە، پاش ئەوەی هەڵهات بۆ هەولێر لەڕێی پارتیەوە ڕەوانەی تورکیا کرا و ئێستا لە ئیستەمبوڵ نیشتەجێیە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێشووتری ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگیور پۆڵەتیدا قارداش ماوەیەکی زۆر لە پایتەختی تورکیا ئەنقەرە و شاری غازی عەنتاب لەژیر چاودیری میتی تورکدا ژیاوە و بەردەوام دیداریشی لەگەڵ عادل سەلبی برای ئەبو عەبدوڵا کارداشی قورەیشی خەلیفەی داعش کەلەهەمان کاتدا نوێنەرانی بەرەی تورکمانی عێراقە لە تورکیا هەبووە و لەوێوە و چوارچێوەی ئەجەنداکانی دەوڵەتی تورک ڕێنمایی داعشەکانی عێراق و بەشێکی سوریایی کردووە.
بەهۆی ئەوەی تێکەڵاویەکی نزیکی لەگەڵ ئەبو عەبدوڵای خەلیفەی داعش هەبووە و هەردووکیان لە تورکمانەکانی تەلەعفەرن، جێ متمانەی خەلیفە و تورکیا بووە، یەکێک بووە لەو ١٣ کەسە باڵایانەی داعش کە بەشداری کۆبوونەوەی ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ ی شاری عەنتابی تورکیای کردووە بەسەرپەرشتی خەلیفەی نوێی داعش کەتیایدا بڕیاری بەرفراوانکردنی هێرشە تیرۆریستیەکانیان دا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا بەهاوکاری کەتیبە چەتەکانی سەربەتورکیا، لە عێراقیش بەتایبەت لە ناوچەی جزیرە لە هەرێمەکانی سەلاحەدین و نەینەوا و ئەنبار شانەکانیان ڕێکبخەنەوە و لە ڕێی تورکیاوە ژمارەیەک چەتە لە سوریا و ئەوروپاوە بگەڕێننەوە بۆ عێراق.
حاجی عەبدولناسر قاراداشی دەستگیرکراو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠ دەبێتە جێگری والی شام و پیاوی یەکەمی ئەبو عومەر بەغدادی، ئیدی لەدوای ئەوە تورکیا لەڕێی ناوبراوەوە هەژموونی خۆی لەسەر داعش زیاتر بەهێز دەکات.
ناوبراو لەچوارچێوەی پیلانەکانی تورکیادا بۆ لەناوبردنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەڕێی چەتەکانی داعشەوە لەسەرەتای مانگی تەمووزی ٢٠١٤ دا سەرپەرشتی هێرشی سەر کۆبانێ دەکات و لە سێی ئابی هەمان ساڵیشدا لە داگیرکردنی شەنگالەوە هێرش بۆ سەر هەولێر دەکەن و بەهەمان مەبەست بەردەوام هێرشەکانیان بۆ داگیرکردنی کەرکوک چڕ دەکەنەوە.
پێگەی هەواڵی ئەلمەیادین نوسیویەتی قارداشی دەستگیرکراو لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ دا سەرپەرشتیاری دانوسانەکانی نێوان داعش و تورکیای کردووە لەمەڕ کارمەنداکانی کۆنسوڵخانەی تورکیای موسڵ و بەدەستی خۆی کارمەندەکانی تەسلیمی تورکیا کردوەتەوە.
قارداش و خەلیفەی ئێستای داعش بەهۆی پیادەکردنی سیاسەتەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا بەردەوام لەڕێی میتی تورکەوە بەرهەڵستکارانی خۆیان لەناو داعش دا کوشتووە یان دەستگیر و زیندانی کردووە لەوانە سەرچەتە ئیسماعیل علوان ئەلعیساوی ناسراو بە ئەبو زەیدی عێراقی کە هاریکارێکی سەرەکی بەغدادی بووە تورکیا دەستگیری کرد و تەسلیمی عێراقی کردەوە.
بەپێی زانیاری هەندێک لە میدیاکانی عێراق هەفتەیەک بەر لەکوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرچەتەی داعش قارداش لە ناوچەی قزلئای ئەنقەرە بینراوە، پەیوەندی بەردەوامیشی لەگەڵ سامی جاسم محەمەد ئەلجبوری ناسراو بە حاجی حامید هەبووە کە وەزیری مالیەی داعشەوە و ئێستا لە تورکیا دەژی.
هەربۆیە دەستگیرکردنی ناوبراو لەم کاتەدا کە داعش بەنیازی خۆڕێکخستنەوەیە لە عێراق و سوریا جگە لەوەی زەبرێکی گەورەیان لێدەدات، نیشانەی پرسیارگەلێکیش دروست دەکات.