حزب و کەلتوری جوێندان

لەلایەن ستاندار Posted on 305 جار بینراوە

بەیار عومەر عەبدوڵا

یەکێک لە کەلتورە ناشرینەکانی سیاسەت لەم وڵاتەدا بریتیە لە جوێندان و تۆمەت و سوکایەتی لە ڕێی پەیجی ساختەوە.

وەختێک کە گۆڕان دروستبوو، لە جیاتی ھەوڵبدات کەلتوری جوێندان و تەخوینکردن تێپەڕێنێت، بەڵام ھەمان کەلتوری پارتی و یەکێتی بەخراپترەوە دووبارەکردەوە.

دروشمەکەیان ئەمەیە (ھەتا لەگەڵمدابیت کوڕی چاکیت، کە لەگەڵم نەمایت دەبیت بە پیاوخراپ و تۆمەتی ناڕەوات بۆ ھەڵدەبەستم).

لای من حزب و سەرکردە موقەدەس نین و شایەنی ڕەخنەن. لای من حزب وەسیلەیەکە بۆ خزمەتی کۆمەڵگا. کە حزب وەزیفەی لەخزمەتی کۆمەڵگاوە بوو بە پارەپەیداکردن و پۆست دۆزینەوە بۆ چەند کەسێکی دیاریکراو، لە حزبەوە دەبێت بە دوکانی سیاسی (کاک نەوشیروان خۆشی لەسەر ئەم بنەمایە یەکێتی جێھێشت و دەیوت حزب پیرۆز نیە و کە نەیتوانی خزمەتی کۆمەڵگا بکات دەبێت جێبھێڵدرێت و وەک مردوو بنێژرێت).

وەک چۆن ڕەخنەم لە یەکێتی و پارتی گرتوە، ئێستا ڕەخنە لە سیاسەتەکانی گۆڕان دەگرم و پێموایە ڕێکەوتنیان لەگەڵ پارتی و چونە حکومەتیان ھەڵەبوو. ئەگەر یەکێتی و پارتی موقەدەس نەبن، گۆڕانیش موقەدەس نیە و لە سەروو ڕەخنەوە نیە.

کاک نەوشیروان لە ئاخر کۆبونەوەیدا پێش کۆچی دواییەکەی وتی خەباتی پەرلەمانی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، بە واتایەکی تر گۆڕانکاری لە ھەولێرەوە ناکرێت، کەواتە باشترین چارەسەر جێبەجێکردنی فیدرالیەتی پارێزگاکانە، کە بژاردەیەکی مامناوەند و گونجاوە بۆ ئەوەی لە تەسلیمبون بە پارتی یان شەڕی ناوخۆ ڕزگارمان بکات. چونکە مەنتیق نیە دوای ئیزندانی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان، بچیت ڕێکبکەویتەوە لەگەڵی، چونکە ئەو دەیەوێت لە ناو خەلکدا شکۆت بشکێنێت.

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان پێیانوایە من ھەڵەم، و ڕێکەوتنیان لەگەڵ پارتی و بەشداریکردنیان لە حکومەتدا پێباشە، دەکرێت بە موناقەشەی سیاسی و گفتوگۆی مەنتیقی وەڵامم بدەنەوە، نەک لە ڕێی ھەندێک پەیجی ساختەوە بکەونە سوکایەتی و قسەھەڵبەستن.

لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە کە یەکەم ساڵی زانکۆم بوو (دواناوەندی هەڵکەوتی کوڕانم تەواوکرد و چومە کۆلیژی ئەندازیاری لە زانکۆی سلێمانی). لەو کاتەوە ھاتوچۆی کاک نەوشیروانم کردوە و وەک خۆبەخشێک و بێ ویستنی پلە و پۆست کارم بۆ ئەو رەوتە کردوە و یەکێک بوم لەوانەی لە کۆمیتەی زانکۆ لە باڵی ڕیفۆرم بووم. ئەوکات کوڕەکانی کاک نەوشیروان و ھاوڕێکانیان لە ئەوروپا نەھاتبونەوە. پاداشتی چەندین ساڵ خزمەت و کاری خۆبەخشیەکەم بە جوێن و سوکایەتی و تەشھیر لە پەیجی ساختەوە وەرگرتەوە.

ئەمە جگە لەوەی باوکم هاوڕێی ٥٠ ساڵەی کاک نەوشیروان و دایکی ڕەحمەتیم هاوڕێی سەردەمی شاخی شوعلە خانی ڕەحمەتی بوو. ئێستا کۆمەڵێک پۆست و پارەپەرست هاتون و لە پاڵ گردەکەدا قسەمان پێدەڵێن.

لێرەدا دوو پرسیار دێنەکایەوە

١-ئایا ئەمانە وەفایان بۆ کەس ھەیە؟!

٢-ئایا ئەمانە دروستبون بۆ گۆڕانکاری یان چەواشەکاری و ڕێگرتن لە گۆڕانکاری؟!

من پێشتر ھەموو پۆستێکی حزبی و حکومیم ڕەتکردۆتەوە و باوەڕم بە لامەرکەزیەت و فیدرالیەتی پارێزگاکان ھەیە و بە جدی کاری بۆ دەکەم. بەو پێوەرە بێت لە ناو گۆڕاندا پۆست وەربگریت کوڕی چاکیت، بەڵام ئەگەر وەرگرتنی پۆستی حزبی و حکومی ڕەتکەیتەوە و دوای پرۆژە و بەرنامەی سیاسی و مەبدەئ بکەویت، پیاوی خراپیت.

جیاوازی من لەگەڵ برادەرانی گۆڕاندا لە دوو خاڵی سەرەکیدا خۆیدەبینێتەوە.

١-ئێمە چەند ساڵ لە ناو یەکێتیدا دژی تەوریسی سیاسی و گواستنەوەی سەرمایەی مادی و مەعنەوی سەرکردە بوین لە باوکەوە بۆ کوڕ، ھەمان شت لە ناو گۆڕاندا دوبارەکرایەوە، کە خەلکێکی زۆری لە گۆڕان زویر و بێئومێد کرد.

شەخسی خۆم ١٠٠٪‏ دژی بەبنەماڵەکردنی هەموو حزبەکانم بە گۆڕانیشەوە؛ هەروەها دژی تاپۆکردنی گردی زەرگەتە و بینای چاودێری دارایی و کارگەی چیمەنتۆ بووم. بەڵام لەبەر ٥٠ ساڵ ھاوڕێیەتی باوکم و کاک نەوشیروان، بەبێدەنگی وازم لە گۆڕان ھێنا و لە ماڵەوە دانیشتم.

٢-تەسلیمبون بە ئەجێندای پارتی لە پێناوی چەند پۆستێکی بێدەسەڵات و کارتۆنیدا.

لێرەوە ڕایدەگەیم شێوازی کارکردنی من جیاوازە و دوورە لە جوێن و تەشھیر و پەیجی ساختە. من ھەر کاتێک ڕەخنەم لە کەسێک ھەبوبێت بەناوی خۆم و لە پەیجی خۆمەوە بە زمانێکی ئەکادیمی جوان و دوور لە تەشھیر ڕەخنەم لێگرتون.

بەڵێن بە هاونیشتیمانیانی خۆم دەدەم کە هیچ درۆ و بوختانێک ساردمان ناکاتەوە و لە جیاتی کەلتوری تۆڵەکردنەوە و تەشهیر، دوور لە حزب، هەوڵەدەم لەگەڵ هاوڕێکانمدا بەم دوو کارە هەڵستین:

١-جێبەجێکردنی فیدرالیەتی پارێزگاکان بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و گەڕانەوەی داهات و دەسەڵات و شکۆ بۆ خەڵک و خاکەکەی.

٢-پەرەدان بە ژێرخانی ئابوری و کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لەم سنورە ستەملێکراوەدا.

لەگەڵ هاورێکانمدا ھەوڵەدەم لەمەودوا پەرە بە کەلتورێکی سیاسی نوێ بدەین کە بریتی بێت لە گفتوگۆی ئەکادیمی و خزمەتی وڵاتەکەمان. واتە دونیابینی و ئاراستەی کاری ئێمە جیاوازە لەوان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.