رق لەسەردەمی کۆرۆنادا

لەلایەن ستاندار Posted on 248 جار بینراوە

مەجید ساڵح

(1)

هەرچەندە پێش کۆرۆناش کۆمەڵگای کوردی پڕبووە لە رق و قین بەرامبەر بەیەکتر و هەر ئەوەش وای کردوە تا ئێستا ‘کورد نەگا بە مەقسەد’. بەڵام لەسەردەمی کۆرۆنادا کە ئابوری کوردستان داتەپینی گەورەی بەخۆیەوە بینی و هێزە سیاسییەکان شیروتیر لەیەک رادەکێشن، ئەم رق و قینە بەشێوەیەکی ترسناک لە کۆمەڵگاکەماندا بڵاوبووەتەوە و گەیشتوەتە ئاستێک کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان هەڕەشەی جیدی لەسەرە..

جاران، ئەوانەی دووبەرەکی کۆمەڵایەتیان دروست دەکرد، ئەوانەی رق و قینیان لەدڵ و دەرونی خەڵکدا دەچاند، کەرەستەکانی بەردەستیان سنوردار و کەم بوون، بەڵام لە ئێستادا تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەوەندە کارئاسانی بۆ کردوون لە چاوتروکانێکدا گرای خۆیان دادەنێن و هەر زۆر زوویش دەیتروکێنن و کۆرۆنا ئاسا بە ناو خەڵکدا پەخش و بڵاوی دەکەنەوە.. کۆمەڵگاکەشمان وەک هەمیشە لەبەرامبەر فایرۆسی رق و قین و ناکۆکیدا هیچ مەناعەی نییە و یەکسەر توشی دەبێت و دەیگوازێتەوە، بەجۆرێک ئێستا کەم کەسێک هەیە پەتای رق و قین لە دڵیدا مۆڵگەی دانەکوتا بێت..

(2)

دەکرێت بڵێین بەدرێژایی سەد ساڵی رابووردو ئەو بەری رەنجەی ئەدیب و نوسەر و هونەرمەند و سیاسەتمەدار و پیاوانی ئاینی راستگۆ و پاکەکانەوە بونیاد نرابوو بۆ کەمکردنەوەی رق و قین لە ناو کۆمەڵگاکەماندا، ئێمە لەم چەند ساڵەو بەتایبەتی لەم یەک دوو مانگەی سەردەمی کۆرۆنادا بە باماندا و دڵی دوژمن و نەیارەکانمان خۆش کرد..

ئاخر ئەمە ئەوپەڕی داڕزان نییە بە ناوی نوێنەرایەتی خەڵکەوە داوای گەڕانەوەی دامودەزگای بەغدا بکەیت بۆ وڵاتەکەی خۆت.. شەرم و عار نییە بۆ سیاسییەکان، ژێر زەمینەکانیان پڕ بێت لە پارە و خەڵکیش چاوەڕێی دەزگا خێرخوازییەکانی حزبەکانیان بێت خێریان پێ بکات…

بەڵێ، کۆمەڵگای ئێمە گیرۆدە و ئالودەی رق و قین کراوە چونکە هەندێ حزب و سیاسەتمەدار بەوە دەژین، دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان کۆنترۆڵ کردوە، چونکە لە ریگەیانە گەرای دووبەرەکی بڵاو دەکەنەوە..

(3)

دەیانەوڕ بەم کارەیان بگەن بە چی؟!؟

هەموو ئیمارەتە کوردیەکان، حکومەتەکەی شیخ مەحمود، کۆماری کوردستان، شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێ بەر لەوەی دوژمن بیانڕوخێنێت و لاوازیان بکات، رق و قین و دووبەرەکی هەرەسی پێهێنان … دڵنیابن گەر لەسەر ئەم نەهجە بەردەوام بن چارەنوستان هەر ئەوەی ئەوان دەبێ…

بۆیە منیش دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی حسێن نازم سەرنووسەری ئومێدی ئیستیقلال کە پێش ٩٥ ساڵ نووسیویەتی “..وەرن بۆ خاتری خودا با لەم ئەخلاقی جانەوەریە واز بهێنین، رەحم بە ئەحواڵی یەکتری بکەین بە ناحەق هەر بە خاتری ئارەزوو، مەملەکەتەکەمان خراپ، مەملەکەتەکەمان مەحوو نەکەینەوە، ئیتر بەسە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.