شێواوی ژمارە و زانیاری لە هەرێم

لەلایەن ستاندار Posted on 274 جار بینراوە

ڕاهی ڕابه‌ر

لە هەرێمی کوردستان شێواوی ژمارە و زانیاری گەیشتۆتە ئاستێک کە ئیدی راستیەکان ون دەبن و ناراستیەکانیش، سزای بەدواوە نایەت. هەمیشەش هاوڵاتیان و دامەزراوەکان باجەکەی دەدەن. ژمارەی قەبەو و سەرسورهێنەر باس دەکرێت لە هەواڵی رۆژانەی تۆرە کۆمەڵاتیەکان و ماڵپەرە راگەیاندنەکان بۆ کۆمەڵێک دەستکەوتی لاوەکی. بەداخەوە، شێواوی ژمارە و زانیاری لەوەش تێپەریوە و بە جۆرێکە کە گەندەڵی بێکەس و بێپشت بۆتە شێرپەنجەی میللەتێک!

دیارە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت گەندەڵی بە رێکارێک کرابێت کە خودی یاسا هێز و توانای روبەروبونەوەی نیە چونکە گەندەڵی تەشەنەی کردوە بۆ نەخۆشیەکی ترسناکی ئەم هەرێمە. بە نمونە، لە ساڵی ۲٠۱۹ زیاتر لە (۱٠) ملیۆن بەرمیل بەناوی دابینکردنی سوتەمەنی لە ناو هەرێم سەرفکراوە. ئەگەر گەندەڵی تێدا بێت، رێکارەکە بە جۆرێک کراوە یاساش توانای روبەربونەوەی نیە. یان لە وەرگرتنەوەی پارە بە چەکی بانق کە بایی (۳-٤) ملیار دۆلار وەرگیراوەتەوە و ئەوەی توانا و پاڵپشتی نەبوە لە بازاڕ بە زۆر هەرزانتر فرۆشتوێتی. ئەگەر گەندەڵی تێدا بێت بە هەمان شێوە رێکارەکە بە جۆرێک کراوە یاساش توانای روبەربونەوەی نیە. جگە لەوەش، بەشێکی زۆری بکەرەکانی پشتی پەردە هەرگیز لە رێی رێکارە یاساکان باجەکەی نادەن چونکە لە رێی گروپی چەوتی و مافیایی بە زۆر دەبنە هاوبەشی پرۆژە بە یاسایی کە دەتوانین بلێین بەرتیل خۆر و سەرانە وەرگری یاساپێدراون. ئەمەش میللەتێک بێئومێد دەکات لە سەرجەم دامەزراوە یاساکان.

هەڵبەت، سەرۆکی حکومەت هەرێم ناراستەوخۆ ئەوەی دوپاتکردەوە کە ئەم هەرێمی کوردستانە، رەنگبێت ئاسانترین قەوارەی حکومڕانی بێت بۆ دزی و گەندەڵی. سەرەرای تەخشان و پەخشان لە کەرتی کارەبا و وەبەرهێنان و غاز و نەوت، سەرەرای زیاتر لە (۱۷٠) ملیار دۆڵار بودجەی هەرێم لە ساڵی (۲٠٠۳)ەوە، هێشتا (۲۷) ملیار دۆلار قەرزارین! ئەمە لە کاتێکدا، کە بە پێی یاسای (۷)ی ساڵی (۲٠۱٥) نابێت قەرزی مایە لە (٥) ملیار دۆلار تێپەرێ. ژمارە و زانیارەکان وا بە شێواوی باس دەکرێت کە تەنانەت سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە قەرزی دانانێت بەڵکو بە نەدانی شیاستە دارایی دایدەنێت. سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانیش، دەڵێت قەرزەکە (۷) ملیار دۆلارە نەک (۲۷). هەرچەندە وروژاندنی باسی قەرز لە لایەن سەرۆکی حکومەت، پەیوەندی بە کۆمەڵێک ململانەی کەسی و سیاسی هەیە، بەڵام دەبێت رون بکرێتەوە لە پەرلەمان و ئیتر کۆتایی بە شێواوی ژمارە و زانیاری بهێنین لەم بابەتەدا.

لە راستیدا، ئەم شێواوی ژمارەو زانیارییە و یەکنەگرتنەوەیان و نەبونی سزا و کەس لە بەرەی گەندەڵی، بە کۆمەڵێک بڕیار و یاسا و رێکخستنەوە لە بن نایەت. شەفاقی و عەدالەتی بەو جۆرە بەرهەم نایەت. بەڵکو دەبێت سەرۆکی حکومەت زۆر وردتر و راستگۆیانەتر درک بە دۆخی شێواوی داراییو سیاسی و یاسایی هەرێم و گەندەڵیەکەی بکات. دەبێت لە کاریگەری سەرەکی حزبەکەی و خۆی بگات لەسەر ئەو دۆخەی کە خەڵکی بێ-هیوا و بێئومێد کردوە لە نەهێشتنی گەندەڵی و قۆرغکاری لە هەرێم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.