حکومەت لە نێوان کۆرۆنا و متمانەبوندا.

لەلایەن ستاندار Posted on 262 جار بینراوە

بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز
متمانە و دڵنیایی و باوەڕبون ئەو سێ پردەیە کە لە نێوان دولایەن یان دو کەسدا پەیوەندی دروست دەکات ، ئەڵبەت بە درێژایی مێژو متمانەبون بەشێک بوە لە کلتوری گەوەریی و خاوەن هەڵوێست ، ئەم چەمکە وای کردوە لە نێوان تاکەکان و لە نێوان پەیوەندییەکاندا کە مرۆڤ تا بەخشینی خوێنی خۆی و مەرگی خۆی ڕۆیوە ئەم پەیمانە بسەلمێنێ ، بەتایبەت لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی متمانە ئەو گرێبەستە ئەخلاقیەیە کە مرۆڤەکان لە ڕووی باوەڕەوە پابەند دەکات بەم گرێبەستەوە ، لەسەر ئاستی شۆڕشەکان دەتوانین بڵێین چەمکی متمانە و دڵنیایی بون جوڵێنەری سەرەکی متمانە بوە لە ڕێگەی شۆڕشەکانەوە ، کاتێکیش هەناوی شۆڕش و حکومداریەکان خاڵی بویەوە لە متمانە ئەوا ئەو شۆڕشە یان حکومڕانی بەرە و کەوتن و داخوران ڕۆشتوە .
ئا لێرەوە ئەگەر ئەم چەمکە بکەینە پێوەر بۆ ئەم دۆخەی ئێستا لە باشوری کوردستاندا و بڵابونەوەی کۆرۆنا ئەوا دەبینین ئەم چەمکی متمانە و دڵنییاییە لای تاکی ئەم هەرێمە غایبە ، ئەو گرێبەستەی نێوان هاوڵاتی کە ڕەگی مێژووی هەیە لەگەڵ شۆڕشگێڕەکان تا ئاستی گاڵتە کردن و باوەڕ نەبونێکی گەورە ڕۆشتوە ، ئەمەی ئێستا ڕودەدا کە خەڵک باوەڕی بەم دەستەڵاتە نەماوە تا بگاتە مەرگی خۆشی ڕەگی مێژویی و دوور و درێژی هەیە ، بە تێپەڕبونی کات و کەڵەکەک بونی دروشمەکان و بەتاڵ بونەوەی دروشمەکان لە ئاستی کرداریدا وای کردوە ئەم دەستەڵاتی خۆماڵییە هیچ گرنگیەکی نەمێنێ و تەنها بە هێزی دەرەکی خۆی ڕاگرتبێ ، با بپرسین چۆن..؟؟؟
کە شۆڕش دەست پێدەکان لە کوردستاندا دنیای ئێمەی دابەش کرد بۆ دو ڕەنگ ڕەش و سپی ، واتا داگیرکار و خاون ماف ، دوژمن و دۆست ، پێشمەرگە و جاش ، کە شۆڕش لەسەر ئەم بنەمایانە دروست بو هەڵگری کۆمەڵێک دروشم بون ، کە ئەم دروشمانە خەونی بەبەهەشت و بون و بە خۆماڵی بونی لای تاک دروست کرد ، خەونی دەرکردنی داگیرکار و نیشتمان پەروەری دروست کرد ، بەڵام بە تێپەڕبونی کات بە هۆی نەبونی ئەقڵی ئیداری و حکومڕانی وردە وردە دروشمەکان وەک سەرابیان لێهات و لای هاوڵاتی و هیچ متمانەیەکیان بەم دەستەڵاتە نەما بەجۆرێک گاڵتەیان بە دروشمەکانی شۆڕش دێت ، تا ئەو ئاستەی زۆرێک لە شۆڕشگێڕەکانی شاخ پەشیمانن لەو هەمو ساڵەی خەباتی خۆیان ، نەک هەر ئەمە تا ئاستی خێزانی شەهیدەکان ڕۆشتوە کە خوێنیان بەخشیوە .
با هەر زۆر بەسادەیی ئاوڕێک لە مێژو بدەینەوە ، هەر لە میرنشینەکانەوە تا دەگاتە شۆڕشی نوێ سەرەڕای قوربانی دان ، دوا جار شۆڕشەکان کە دەگەنە دەستەڵات وێنەیەکی تر بەرهەم دێنن کە جیاواز لەو وێنەیەی کە دروشمی شۆڕشەکان و پێشنەکانیاندا بونی هەیە ، لە ٧٦ دا شۆڕشێکی گەورە هەرەس دێنێ ، لە شۆڕشی نوێدا و لە کاتی حکومڕانیدا لە ١٩٩١ و تا ئێستا دنیاک دروشمی ڕەنگا و ڕەنگیان بڵاو کردوەتەوە کە نەک هەر دروشمەکان بەڵکو گوتاری سیاسی و دەوڵەتدارەکان دنیایەک بەڵینی درۆی تێدایە و بەردەوامیشن هیچ گۆڕانکاریەک لە بەڵێن و دڵنیایی و متمانەدا ناکەن ، تا ئەو ئاستەی هاوڵاتی ئاوات بە حکومداریە ڕەشەکەی جاران بخوازێ ، کە ئەمەش شۆڕ بوەتەوە بۆ ناو پێشمەرگە و کارئەرکتەرەکانی سەر شانۆی شۆڕشی شاخ بە جۆرێک ئێستا پێشمەرگە دێرینەکان سەیری ڕابردو وەک ئەو ستەیجی شانۆیە دەکەن وا هەست دەکەن شانۆیەکی گاڵتەجاڕ بوە.
ئێستە کە کۆرۆنا هەیە و ترسناکیشە ئەگەر چی دامودەزگای حکومی بەرپرسن لە ڕێنمایی و بەدوادا چون بۆ کێشە تەندروستیەکان ، بەڵام بە هۆی ئەم ڕەگە مێژوییە بێ متمانەییەوە کە ئەم کارگەی حکومڕانیە بەرهەمی هێناوە و ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە نێوان هاوڵاتی و حکومەتدا دروست بوە خەڵک باوەڕیان پێنەکات تا ئاستی مەرگی خۆشی بە کۆرۆنا ، واتا ناعەدالەتیەکیان دروست کردوە و خەڵک گیرفانی بەتاڵە بۆ ڕێنمایی مەرگیش باوەڕ بەم دەستەڵاتە نەکات ، کاتێکیش دەبینێ دیاردەیەکی تەندروستی بە سیاسی دەکرێ هێندەی تر مەرگی خۆی بەلاوە سانا دەبێت تا ئاستی ئەوەی ئەوەی گوتاری لایەنی بەرپرس بڵێ کۆرۆنا دەتکوژێ و ڕۆژانە هاوڵاتی بکۆژێ لە بێ متمانەیدا وەڵامی خەڵک بە حکومەت دەڵێن درۆ دەکەن ، ئەم بێ متمانەییە ڕۆشتوە تا ئاستی مەرگ ، واتا ئەوەی ناومان پردی بەستنەوەی متمانە لە نێوان هاوڵاتی و خەڵکدا ڕوخاوە .
کۆرۆنا واقعێکە و هەیە ڕۆژانە دەیبینین ، بەڵام ئەوە حکومەتە متمانەی نەماوە و وەک باوکێکی ئیفلیج دنیایەک پەیمانی فەرهادی بدات دەبینرێ ، بۆیە بۆ ئەم جارە مەرگیش نابێتە دەلیلی کۆنکرێتی بۆ متمانەی خەڵک بە حکومەت ، تاکە چارەسەریش گەڕانەوەیە بۆ چاکسازی و ڕیفۆڕمی گشتی و ئەوەی کاک نەوشیروان زوتر دەرکی پێ کرد و دنیایەک پڕۆژەی بۆ دانا .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.