مخۆرکەی ناوخۆ ٢

لەلایەن ستاندار Posted on 554 جار بینراوە 0 سەرنج
ws70

سامانی وەستا بەکر
چەندایەتی و چۆنایەتی دوو چەمکی جیاوازن هەریەکەیان گرنگی خۆی هەیە بەڵام بۆ کاری حیزبی ئەبێ بەجۆرێکی تر لێی بڕوانرێ، بەجۆرێک گرنگە وە ئەبێ حیزب لەناو کادێر و ئەدامەکانیا تەنها گرنگی بە چۆنایەتی بات و پشت بکاتە چەندایەتی، تا بتوانێ کادێر و ئەدامێک دروست بکات کە توانای بەڕێوەبردنی هەبێ.
کاری حیزبە گرنگی بە چەندایەتی بات تەنها لەکاتی هەڵبژاردنا تا زۆرترین دەنگ کۆبکاتەوە لەڕێی ئەو چۆنایەتییەی کە لەناو خودی حیزبا سازو ئامادەی کردوون، بەمەرجێک ئەوە نەکرێت بە پیشەو هەمیشە حیزب لەهەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین ژمارەیانەبێ.
ئەو چۆنایەتییەش نا کە وەک ئەوەی لە حیزبە باڵا دەستەکانی زۆنی زەرد و سەوز ئەبینرێ کە زۆربەی هەرە زۆری چینی نوخبە و ڕۆشنبیر و بیرمەند و کاربەدەستی باڵا و قەڵەم بەدەست و دادوەر ….هتد یان کردووە بە حیزبی و جا لەڕێی بڕینی مووچەوەبێ یان پلەوپۆست وایان لێکردوون بە موو لە فرمانی حیزبەکانیان لانایەن، بەجۆرێک نوخبە و بیرمەندی حیزبی هیچ جیاوازییەکیان نەماوە لەگەڵ عەوامی حیزبییا و هەردوولایان هەر شینی هەریسەکە ئەکەن و تاکە ئامنجیان ڕازی کردنی دەسەڵاتاداران و بالە جیاوازەکانی حیزبە.
کاتێک کە بیرمەند و نوخبە و قەڵەم بەدەست کرد بە حیزبی ئیتر بیر ئەوەستێ و عەقڵی بە دیکتاتۆر بوون لە دایک ئەبێ و خێڵ و خێزان و بنەماڵە و تاک ئەبن بە گوندە.
کاتێکیش دادوەرو داواکاری گشتی و پلەباڵا و بەڕیوەبەر بکرێن بە حیزبی ئیتر یاسا جێبەجێ ناکرێ و لەبری دەستوری وڵات پەیڕەو پرۆگرامی حیزبی بەسەر خەڵکییا ئەسەپێنرێ.
ئەو قیرانە ئابوری و بارگرانییەی ئێستا حکومەتی هەرێمی تێکەوتووە بەرەنجامی گرنگی دانە بە “چەندایەتی” . هەردوو حیزبی دەسەڵات هەزاران بندیوار و گەندەڵ و کادێری وەهمیان لە خۆیان کۆکردۆتەوەو بە مووچە و ئیمتیاز ڕایان گرتوون تا لەکاتی هەڵبژاردنا دەنگیان بەنێ و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانیانا هۆڵەکانیان پێ پڕبکەنەوە.
ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥یش هەروابوو، ئەگەر پلان هەبووایە و هێندە گرنگی بە چەندایەتی نەیرایە و خەڵکی بە لێشاو نەچوونایەتە دەرەوە بۆ ناو ڕێزی شۆڕش ئەوا ئەو پاشەگەردانییەی لێ دروست نەئەبوو. مەخابن ئێستاش هەمان تاس و هەمان حەمام حیزب تەنها گرنگی بە چەندایەتی ئەیا و هەر لەبەر ئەوەش سوپایەک لە بندیوار و بەکاربەری بەرسێبەریان لە خۆیان کۆکردۆتەوەو حکومەتیان لە هەڵوەشان و نسکۆ نزیک کردۆتەوانێ.
مەسعود بەرزانی سەبارەت بە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول ئەڵی “هەموومان تووشی لەخۆبایی بوون بوو بووین، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گیانی شۆڕشگێڕیمان لەدەسئەیا. لەجیاتی ئەوەی سود لەو سەرکەوتنە وەربگرین و ڕێکخستنی پارتی بچەسپێنین لەناو جەماوەر، دەرگای بەرەڵلایی و فەوزا کرایەوە و شتی ئەساسی کە بۆ هەر شۆڕشێک پێویستە لەبیرچوو”.
ئەوە قسەی کەسێکە کە لە ساڵی ١٩٩١وە زۆرترین دەسەڵاتی هەبووە و ١٢ ساڵ بە فەرمی و چەندین ساڵیش بە نافەرمی سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتی یەکەم بووە، کەچی سودی تەنانەت لەخودی یاداشتەکانی خۆشی نەبینیووە ئەو پاشەگەردانی و بێسەروبەرییەی کە ئێستا لە هەرێم هەیە زۆر لەو فەوزا و بەڕەڵڵاییەی ئەو کات خراپترە، مەخابن ئەم نەیتوانیوە حیزبەکەی و ئەدامەکانی بەجۆرێک پەروەردە بکات کە گیانی شۆڕشگێڕییان تیا بچێنرێ و لەڕێی کار و خزمەتگوزارییەوە شوێن پێقایم بکەن نەک ڕێگایتر، پەند لە مێژوویەک وەرگرن کە خودی خۆی سەرزەنشت و لۆمەی ئەکات.
ئەگەر پەروەردەی شۆڕشگێرانە گرنگی پێبدرێ، ئەوا هیچ کاتێک هیچ بزوتنەوەو حیزبێک بەجارێک ناکەوێتە باوەشی دوژمنەوە، مەخابن لە ئێستایا نەک پەروەردەی دروست بوونی نیە بەڵکو حیزب بە مەبەست وائەکا کە کادێرەکانی تەواو داماڵرێن لە پەروەردەی دروستی نەتەوایەتی و کۆمەلایەتیش تەنها لەبەر ئەوەی هەمیشە وەک داردەستێک بەکاربهێرێن بۆ لێدان و شکانی لایەنی بەرامبەر.
سامی عەبدول ڕەحمان ئەڵێ “دەزگاکانمان توانای بەڕێوەبردن و سازدانی ئەو بەهرە تازانەی بەشی زۆری ئەو خەڵکەی نەبوو کە تازە هاتبوونە نێو شۆڕشەوە” ئەی ئێستا چێ؟ ئێستاش حکومەت توانای سود وەرگرتنی لەو هەموو تواناو وزەیە نیە کە لە هەرێما بوونی هەیە بەڵکو لەبری ئەوە بەشێکی زۆری کردووە بە مووچەخۆری بێکارو کادێری کۆیلەو دنگدەری کوێرو عەوامێکی سەرڕاوەشێنەر.
بڵاوبوونەوەی بیرۆکراتییەت و زۆربوونی ناوچەی دەسەڵات بوو بوو بە بەشێکی باو لەناو پارتییا، جرجیس فەتحوڵا سەبارەت بە لێپرسراواوانی ئەو ڕۆژگارانە پ.د.ک سەردەمی ئەیلول ئەڵێت “چ گاڵتە جاری کەر بازاڕێ بو، هەمووی هەر گەمەکردن بوو، شتێ نەبوو ناوی مافی گەل وپارتی بووب. هەرگیز شتی وانەبوو نە دەنگی هەبوو نە ڕەنگ”. ئەی ئێستا چی؟ ئێستا زۆربەی سێکتەرەکان هەرپەکی کەوتووە لە بێ پارەی بێ خزمەتگوزاری، خۆ ئەگەر کارێکیش بکرێ ڕۆتین و بیرۆکراتییەت و مەرکەزییەتی دەسەڵات و نەبوونی لامەرکەزییەت لە بڕیاردان نادادپەروەری و چەوسانەوەی ناوچەی و تۆڵەی حیزبایەتی بە ڕوونی بەکارەکانی دەسەڵاتەوە ئەبینرێ.
ئەو دەم بیروباوەڕی ئەندامانی سەرکرایەتی پ.د.ک ڕۆژ بە ڕۆژ کزتر و لاوازتر ئەبوو و پەیوەندیان لەگەڵ بارزانییا زیاتر مۆرکی شوێن کەوتەیی وەرەگرت. بەداخەوە ئێستاش وایە ئەندامانی سەرکردایەتی هەر حیزبێک بگری زۆرترین وەلائیان بۆ سەرۆکی حیزب و خێزانی حاکم دەسەڵات هەیە و زۆرێکیان ویڕای ئەوەی تەمەنی خانەنشینیان بەزیاوە تێپەرانووە کەچی ئامادەن لەژێر سەرکردایەتی کوڕ و برازای سەرۆکەکانیانا کۆبنەوە و فەرمان وەرگرن و تەنها و تەنها کاریان ئەوەیە تا گوێی قەبر پلە و پۆستەکانیان چینەهێڵن، بگرە هەندێکیان کەس نازانێ ماوە یان مردوو بەڵام هەر ئەندام مەکتەب سیاسی و خاوەن کورسییە. کاری دووەمیشیان هێنانی کوڕەکانیانە بۆ سەری کورسییەکەی خۆیان، خۆ ئەگەر یەکێ تەماشای ئەم حیزبانە بکات ئەوا بە ئاسانی لە کرداری “بۆماوە”ی لە زانستی زیندەوەرزانی تەواو تێئەگات کە چۆن “بۆماوەزانی” لەنێوان زیندەوەرەکانا ئەگوێزرێتەوە.
لە شۆڕشی ئەیلولا ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی پارتی لەنێو خۆیانا پەیوەندییەکی باشیان نەبوو، هەریەکەیان دژی ئەوی دیکەیان بوو، تەڵەیان بۆ یەکتری دائەنا، دژی یەکتری پیلانیان ئەگێڕا. مەخابن ئێستا ئەم کلتورە زۆر بەزەقتر گەڕاوەتەوە ناو حیزبە کوردییەکان هەر لە دوای ساڵی ١٩٩١وە زۆر بە ئاسانی هەست بەوە ئەکرێ کە جگە لەوەی هیچ دوو حیزبێ ئەگەر بەرژەوەندی مادی لیدەرکەی دانوویان بەیەکەوە ناکوڵێ بەڵکو کار گەشتۆتە ئەوەی کە سیخوڕ لەناو یەکا ئەچێنن و و کار لەسەر ئەوە ئەکەن کە هەر حیزبێک لەناو خۆیا کرم هەڵبهینێ و پەرت بێ ‌هەڵوەشێتەوە یان لاوازبێ تا ئاستی نەمانی کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان.
خاڵێک کە زۆر گرنگەو هیچ بایەخێکی پێنەیراوە لەناو حیزب و دەسەڵاتیشا ئەوەیە کە هەوڵبدرێت “سەرکردە” دروست بکرێ نەک “سەرۆک”. ئەوەی ئەبینرێ هەمیشە ئەوانەی ئەگەنە ترۆپکی دەسەڵاتی حیزب یان کەسی سێیەم و بەرەو سەر لە هەوڵی ئەوەیان کە ببن بە سەرۆک و کارە گرنگەکەیان لەبیر ئەکەن کە سەرکرادایەتییە.
ئاخر سەرۆکەکان هەمیشە فێرن فەرمان بکەن و بێنە سەر حازری بە پێچەوانەی سەرکردەکان کە هەمیشە لەکارو فرمان و بریار لەگەڵ هەمووانا ئەیەن. سەرۆکەکان کاریان ئەوەیە ئەوەی باشبێ بۆخۆیانی ئەچنەوەو چینەکانی خوار خۆیان بۆ سەرکەوتنی خۆیان بەکار ئەهێنن بە پێچەوانەی سەرکردەکانەوە کە هەموو شتێ بەهاوبەشی ئەبیت و تواناکانیان بۆ سەرکەوتنی گشتی ئەخەنە کار.
کۆکراوەی هەڵەی گرنگیدان بە چەندایەتی ئەم هەرێمەی ئێستای لێ دروست بووە کە ڕەنگە وێنەی ئەم لە هیچ شوێنێک نەدۆزرێتەوە، پاش ٢٨ ساڵ حوکمڕانی قاسەیەکی بەتاڵ و تاڵانکراو، میلەتێکی برسی و زەلیلکراوی مووچە، حکومەتێکی دەستبەتاڵ کە لە توانییدا نییە بەبێ هاوکاری بەغا مووچەی یەک مانگ دابین بکات، سەرکردایەتی و دەسەڵاتێکی کڕاو لەلایەن دراوسێکانەوە، گروپێکی حوکمڕانی دۆڕاو بەجۆرێک کە لە حوکمڕانی و بەڕیوەبردنی عێراقا نەک هیچ ڕۆڵیكیان نەماوە بگرە بەغا داوای ڕادەستکردنی تەواوی تای تەرازوی هەرێمیان لیئەکات بە داهاتوو سنورو زەوی ئاسمانەوە لەبەرامبەر دابینکردنی مووچەی مانگانەیا کە ئەشبێ گیرای بکەن. لە داهاتووشا کاریان کاری هەردوو “مەجلسی یەتنفیژی و تەشریعی”یەکەی پێش ساڵی ١٩٩١ ئەبێ ئەگەر کاروابڕوات و خۆیان لەو سوپا بەرخۆرو کارنەکرە پانەکەنەوە و شکۆ بۆ تاکی کورد نەگێڕنەوە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *