دهۆك: دوای سێ رۆژ لەدەستگیركردنی هێشتا چارەنووسی رۆژنامەنووس قارەمان شوكری نادیارە

لەلایەن ستاندار Posted on 245 جار بینراوە

ستاندەر

دوای سێ رۆژ لەدەستگیركردنی بەهۆی رومالكردنی خۆپیشاندان و نارەزایەتیەكانی شیلادزی لە سنوری دهۆك تا ئێستا چارەنووسی قارەمان شوكری رۆژنامەوان نادیارە كە لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە دەستگیر كراوە.

قارەمان شوكری كە وەك رۆژنامەنووسێكی فریلانس كاردەكات و بۆ دەزگایەكی دیاریكراو كارناكات، لەكاتی خۆپیشاندانەكانی لە شیلادزێ، لە رۆژی یەكشەممە 20ی حوزەیرانی 2020، وێنە و زانیاری لەبارەی خۆپیشاندانەكان بۆ میدیاكان گواستۆتەوە و لێدوانی بۆ كەناڵەكان داوە لەسەر نارەزایەتی خەلكی شیلادزێ بەهۆی بۆردومانەكانی سوپای توركیا لە ناوچەكە، ناوبراو لەم ساڵ ئەوە دووەمجارە دەستگیركراوە.

قارەمان شوكری كوری رۆژنامەنووس شوكری رێكانیە كە لەساڵی 2016 بەهۆی روداوێكی تەمومژاوی گیانی لەدەستدا، بەجۆرێك تا ئێستا بەشێكی رێكخراوەكان و چالاكانی مەدەنی گومانیان لە مردنەكەی هەیە، كە ئەوكات پۆلیسی دهۆك رایگەیاند بەهۆی هێرشی ئاژەڵی كێوی ناوبراو توشی خوێن بەربوون بوە و گیانی لەدەستداوە.

قارەمان شوكری پێشتریش بۆ كەناڵی كەی ئێن ئێن و ئاژانسی رۆژنیوز كاری كردووە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی كە ستاندەری راگەیاند  پێشتریش لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی سنوری دهۆك ئاگادار كراوەتەوە بەهۆی كارە رۆژنامەوانیەكانی و بانگكراوە بۆ لێپرسینەوە و بەربەستی لەبەردەم دروستكراوە.

سەرچاوەیەكە هەروەها  رایگەیاند:” رۆژی یەكشەممەی رابردوو لەلایەن هێزێكەوە ناوبراو دەستگیركراوە كە پێیان وتوە هاتون بۆ دەستگرتن بەسەر مۆبایلەكەی ئەویش ئامادەنەبوە پێیان بدات، دواتر دەستبەسەر كراوە و بۆ ئاسایشی ئامێدی گواستراوەتەوە  و دواتریش بۆ دهۆك و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.