چەند سەرنجێک لەسەر مەسەلەی ”ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێم“: ھەڵاتن بەرەو تاریکیی.

لەلایەن ستاندار Posted on 299 جار بینراوە

مەریوان وریا قانع

لە ئێستادا ھەندێک قسە و باس لەسەر ھەڵوەشاندنەوە و کۆتاییھێنان بە ھەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لەئارادایە و زیاد لە دەنگێک لەم پرۆژەیەوە ئاڵاوە.
بەر لە ھەمووشتێک ھەر ھەڵوەشاندنەوەیک بۆ ئەم قەوارە فیدرالییە بەبێ ڕاپرسیی لەسەری، کارێکی تەواو نادیموکراتە و سەپاندنی زەوق و سەلیقەی سیاسیی ئەم یان ئەو گروپە بەسەر سەرجەمی دانیشتوانی ناو ئەو قەوارە فیدرالیەدا. بەم مانایە ئەم تێزە، لەم فۆرمەی ئێستایدا، تێزێکی تەواو نادیموکرتە. ئەگەر قەراربێت ھەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵیی ھەڵبوەشێتەوە و نەمێنێت، ئەمە پێویستە لەڕێگای ڕاپرسییەوە ڕووبدات و زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێم ھەم خوازیاری نەمانی ئەم ھەرێمە فیدرالیە بن، ھەم ڕایان لەسەر ئەوەبێت ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بەڕێوەببرێن. لە ئەزموونی سیاسیی کوردستاندا ئەمە مانای گەڕانەوە بۆ قۆناغی بەر لە ”حومکە زاتیی“ەکەی بەعس خۆشی.
بە بۆچوونی من گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی سێنتەر تێزێکە لە زیاد لە سەرێکەوە پڕکێشە و پڕ مەترسییە. لەڕووی کردەییە  ئەم تێزە تەنھا ئەم مانایەی ھەیە: بۆ ئەوەی لە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و منداڵەکانیان ڕزگارمانبێت، بابچینە بەردەستی بنەماڵەی سەدر و حەکیم و عەمامە بەسەرەکانی تری شیعە و میلیشیاکانی وەک سوپای مەھدیی و حەشدی شەعبیی و ھێزەکانی بەدر و عەسائیبی ئەھلی حەق ھتد.. بە دیوی ئەمدیویشدا چوونە بەردەستی ھێزە سونییەکان کە تێکەڵێکی ترسناکن لە بەعس و قاعیدە و ئیخوانی موسلیمین. لە ئاستی ئیقلیمیشدا لە ھەیمەنەی تورکیاوە ڕاکەین بەرەو ھەیمەنەی ئێران و سعودییە. ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغدا ھەڵوەشاندنەوەی ئیمارەتەکەی بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانییە، بۆ چوونە ناو ئیمارەتی ھێزە سوونیی و شیعەکانەوە، بۆ دەرگیربوون لەگەڵ عەقڵیەتی تائیفیی شیعەکانی عێراق و کەوتنە بەردەمی سەلەفیەتی سونیی لە چاپە ھەرە ترسناکەکانیدا.
بە بۆچوونی من ئەم پرۆژەیە نەک قابیلی بەرگریلێکردن نییە، بەڵکو مرۆڤ مەگەر لە ڕووی سیاسییەوە تەواو گەمژە و لەڕووی سایکۆلۆژییە بە ڕق بارکراوبت، کە وەک بەدیل و ئەلتەرناتیڤی دۆخی ئەمڕۆکە سەیری بکات. شەڕی دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەو ئیمارەتە سوڵتانییە جەردە و تاڵانچییەکەی ھەرێم شەڕێکە دەبێت لەناو ھەرێم خۆیدا ئەنجامبدرێت، نەک بە ڕاکردن بۆ باوەشی کۆمەڵێک بکەری سیاسیی دیکە، گەر لەمانەی ھەرێم خراپتر نەبن باشتر نین.
عێراق تا ئەم ساتەش خاوەنی سیستمێکی فیدرالییە، پاراستنی ئەم فیدرالیزمە، پاراستنی ئەو لانیکەمەیە لە سەربەخۆبوون کە دەشێت وابکات ھەموو ھێز و بڕیار و دەسەڵاتەکان نەچنەوە بەر دەستی حوکمڕانان لە بەغداد. ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێم مانای ھەڵوەشاندنەوەی ئەم فێدرالیزمە و گەڕنەوە بۆ پایتەخت. سیاسەتی ”بە پایتەختکردنی دەسەڵات“، ئەزموونێکە بە درێژایی سەدەی بیستەم، نەک تەنھا لە عێراقدا، بەڵکو لە ھەموو خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لە ستەمگەریی و دیکتاتۆریەت و ھەڵاوێردن و دیسکریمینەیشن شتێکی تری لێ سەوز نەبووە.
بەبۆچونی من دۆخەکە لە ئێستادا بەم جۆرەیە: ھەولێر لە بەغدا خراپتر و بەغدا لە ھەرێم خراپتر. حوکمڕانانی کوردستان لە حوکمڕانانی بەغدا خراپتر و ئەوانی بەغداش لەوانەی کوردستان خراپتر. ھەردووکیان لە دزیی و جەردەیی و گەندەڵیی و خراپبەکارھێنانی دەسەڵات و گرتن و کوشتن و فڕاندندا برای یەکن.  ئەم حوکمڕانانە بە ھیچ مانایەک لەیەکتری جیاواز و دابڕاو نین، ئەوان بە سەدان ھێڵی بینراو و نەبینراوەوە بەیەکترییەوە گرێدراون. ئەوەی پێویستە  بگۆڕێت، گۆڕینی ھەردوو جەمسەرەکەی دەسەڵاتە، نەک ھەڵاتن لە یەکێکیانەوە بەرەو ئەویتریان.
ڕای من لەسەر دۆخی سیاسیی و ئابوریی و یاسایی و دەزگایی و حیزبیی و میدیایی و فەرھەنگیی قەوارەکەی ھەرێم بۆ زۆرێک لە خوێنەران ئاشکرایە، ئەوانە نەبێت کە بە ئەنقەست دەیشێوێنن و بەوشێوەیە دایدەڕێژەنەوە کە خۆیان دەیانەوێت. من تا ئێستا چەندانجار باسم لەوە کردوە کە ئەم ئەزموونەی ھەرێم قابیلی چاکسازیکردن نییە، دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩دا و پەنابردنی ئەم بزوتنەوەیە بۆ ھەڵبژاردن وەک ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی حیکایەتێکی تراژیدییە. ئەمڕۆ ئیتر تەواو ئاشکرایە کە ھەڵبژاردن ئامرازی گۆڕانی ئەو ئەزموونە و چاکسازیکردن لەناویدا، نییە. ئەم ئەزموونە سی ساڵ کاری مافیایی و جەردەیی و دزییکردن و پەنابردن بۆ ھێز و توندوتیژیی لەپشتە. ئەوەی دروستکراوە بە ڕادەیەک نالەبارە کە قابیلی چاکسازیی نییە و بە تەنھا دەسکاریکردنی موچە، یان چاودێرکردنی خاڵەکانی گومرک لەسەر سنوور، یان فرۆشی نەوت بەتەنھا، بونیادە سەرەکییەکانی ئەو گشتە گەورەیە ناگۆڕێت.  ئەوەی دەبێت ڕووبدات،  ھەڵوەشاندنەوەی ئەوەیە کە دروستکراوە بە نیازی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی بە شێوەیەکی جیاواز. ئەمەش ئەرکێکە بەوە ئەنجامنادرێت بەرگریی لە خورافەتی ڕاکردنی خەڵکی کوردستان بۆ ناو ئامێزی ھێزە تائیفیی و دینیی و دەسەڵاتگەرەکانی بەغدا، بکەیت و قەوارە فیدراڵییەکە ھەڵوەشێنیتەوە. ئەوەی دەبێت ڕووبدات بەھێزکردنی ڕۆژانە و پلان بۆدانراو و بەردەوامیدانە بە ئیرادەی گۆڕانکاریی سیاسیی سیستمەکە و کارکردنی عەقڵانیی بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییە. ئەمەش ئەرکێکە بەم بکەرە سیاسییە بچووک و نەفامانە ناکرێت کە خەون بە ڕاکردنەوە بۆ بەغدا دەبینن. ھاوکات باوەڕیشم وایە بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییە وەرگرتنی ھاریکاریی لە بەغدا، لە ئەمریکییەکان، یان لە شەیتان کارێکی ڕەوایە. چونکە درێژەدان بەم ئەزموونەی ئەمڕۆکەی کوردستان نزیککردنەوەی دەستەجەمعی خەڵکی کوردستانە لەناوچوون. ھەمان دۆخ کە لەبەغداش ئامادەیە و کاردەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.