گۆڕینی دەسەڵات یان سنوردارکردنی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 428 جار بینراوە

موحەمەد ئەحمەد

دەمەوێ بەو قسەیەی ئەفڵاتۆن دەستپێبکەم کە لە کتێبی کۆماردا دەڵێت ” ئەوانەی پاک و لێزان و دانان بەڵام بەشداری لە سیاسەت ناکەن ئەوا لەلایەن فەرمانڕەوایەکی ستەمکارەوە پاداشتیان دەدرێتەوە”. لێرەدا قسە لەسەر بەشداری سیاسیە، بەشداری سیاسیش کاتێک کاریگەری و ئەنجامی دەبێت کە تۆ ببیت بەھێزێک.

نەک ھەر سیاسەت بەلکو کۆی ژیان ململانێی نێوان ھێزەکانە، ھێزی ھێزەکانیش زادەی ئاستی خۆڕێکخستنیانە.  ئەوانەی دەتوانین خۆیان ڕێکبخەن ئەوا ھێز پێکدەھێنن و دەبن بە ھێز.  چەندە رێکخستنەکەش تۆکمە بێت ئەوەندە ھێزەکە زیاتر دەبێت بە پێچەوانەوەش ڕاستە.
ھەر وەک ھەردوو بیرمەندی کۆمەڵناس مۆسکا و میشێلز جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لە ھەموو کۆمەڵگایەک لەڕووی سیاسیەوە دوو چین و توێژ  ھەیە، چینێک کە خۆیان ڕێکخستووە فەرمانڕەوایی دەکەن، ئەمانە کەمینەیەکی لێھاتوون دەزانن خۆیان ڕێکبخەن، لەگەڵ چینێکی زۆرینە کە نازانن خۆیان ڕێکبخەن ببنە ھێزێک، لە ئەنجامی خۆ ڕێکنەخستنیان ئەوا دەبنە ژێردەستە و کارتێکراو، لەلایەن چینە کەمینەن خۆڕێکخەرەکە فەرمانڕەوای دەکرێن.

لە ئێستاشدا لە ململانێی نێوان ھێزە سیاسیەکان دەتوانین ململانێی نێوان ھێزە کۆمەڵایەتیەکان دەربخەین و درکی پێبکەین. لە کۆمەڵگای ئێمەدا کە دەتوانین بە کۆمەڵگایەکی نیمچە مۆدێرن و نیمچە نەریتی ناوزەندی بکەین ئەم دابەشبوونە نەریتی و مۆدێرنە ھەیە لە نێو خەلکەکەدا.
ھەرچی توێژە نەریتیەکەیە زۆر دەمێکە خاوەن ڕێکخستنێکی نەریتیە و بووەتە ھێزێکی کۆمەڵایەتی و کۆڵەگەی زۆرێک لە حزبە سیاسیەکانیش پێکدەھێنن بە تایبەتی حیزبە باڵا دەستەکان. ئەم ھێزە نەریتیانە ھێزگەلێکی پارێزخواز و نەریتخوازن لەگەڵ مانەوەی دۆخەکەن بەم شێوەیە. ڕوانینشیان ڕوانینێکی کورتبین و بەرتەسکە تەنھا بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵەیی و حیزبی دەبینن. ئەمانە لەگەڵ ھەموو دەسەڵاتێکیش ھەڵدەکەن جا کوردی بێت یا داگیرکاربێت  کێشەیان نیە.

ئەوەی کە ناڕازیە و دەنگ ھەڵدەبڕێت و لە خەمی وڵات و ئایندەی وڵاتە و ھەست بە مەترسیە ناوەکی و دەرەکیەکان دەکات ئەوا توێژی ھۆشیار و ڕۆشنبیرەکان، بەڵام ئەم توێژە جگە لە دەنگە دەنگ و نووسین و خۆخاڵیکردنەوە و خەفەت خوارد چیتری پێناکرێت، ھۆکاری ئەمەش ئەوەیە ئەم توێژەی ڕۆشنبیران ناڕێکخراون و تا ئێستا پەرتەوازەن و نەیانتوانیوە ببنە ھێزێکی جەماوەری مەدەنی. کە بتوانین کاریگەری دروست بکەن لەسەر سیاسەتە گشتیەکان. ھەندێک بەسەر حیزبەکاندا دابەشبوون بەڵام ھیچ کاریگەریەکیان نیە لەچاو ئەندامی خێڵێک یان عەشیرەتێک لە ناو حیزبەکەدا.  ئەوانەی کە  بێلایەنیشن نەبوونەتە ھێزێکی کۆمەڵایەتی چونکە نەیانتوانیوە خۆیان ڕێکبخەن و کاریگەری لەسەر سیستەم دروست بکەن.

ئەگەر دەنگە ناڕازیەکانی توێژی ڕۆشنبیران لە بزوتنەوەیەکی جەماوەری مەدەنی ڕێکنەخرێت ئەوا ھێزی کۆمەڵگای نوێخواز پێکنایەت بەرامبەر بە دەسەڵات، ھەرچی ئەم دەنگانەشە ھەندێکیان بەسەر حیزبەکاندا دابەش دەبن ھەندێکیشیان بە پەرتەوازەیی و نا کاریگەر دەمێنێتەوە، لە ھەردوو لاشەوە ئەم توێژە ناتوانێت ھیچ کاریگەریەک دروست بکات چونکە خاوەن ڕێکخستنی خۆی و ھێزی خۆی نیە. بەمەش ناچار دەبن بچنە پاڵ حیزبەکان و شەڕی گۆڕینی حیزبەکان و سەرکردەکان بکەن. لە شەڕی گۆڕینی حیزبەکانیش لەسەر دەسەڵات مللەت ھیچ دەستکەوتێکی نابێت و گۆڕانکاری ڕیشەییش نایێتە کایەوە وەک ھەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و وڵاتە شکستخواردووەکان ڕوودەدات، بەڵکو وڵات دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان حیزبەکان و ئەوەی قوربانیشە جەماوەرێکی ئاڕاستەکراوە لەلایەن حیزبەکاندا.

بۆیە ئەوە لەم قۆناغەدا پێویستە ئەوەیە کە ووزەی ئەو جەماوەرە پەرتەوازەیە لە جولانەوەیەکی مەدەنی ڕێکبخرێت و وەک ھێزێک بەرامبەریەتی و بەرەنگاری دەسەڵات بکات. بەڵام ھێزێکی مەدەنی مەیدانی و چاڵاک کە بەجۆرەھا شێواز کاریگەری لەسەر ژیانی سیاسی دروست بکات. بەمەش چیتر بتوانێت بەشداری سیاسی لە ڕێگەی حیزبەکانەوە بگۆڕێت بۆ بەشداریەک لەلایەن جولانەوەیەکی گشتگیری کۆمەڵایەتی. چیتر کۆمەڵگا بۆ ڕێکخستنەوەی ژیانی سیاسی خۆی خەریکی گۆڕینی حیزبەکان نەبێت بەڵکو پێویستە خەریکی سنوردارکردنی دەسەڵات بێت، دەسەڵات ملکەچ بکات بۆ دانانی دەستوور و جێکردنەوەت سیستەمێکی سیاسی و ئابووری تێیدا و جێبەجێکردنی.
بە ووشەیەگەلێکیتر، ئەم جولانەوە بتوانێت ژیانی سیاسی لە ململانێی بێ ئاکامی نێوان حیزبەکانەوە بگۆڕێت بۆ ململانێی نێوان بەرەی خەلک و ھێزی مەدەنی خەلک لەلایەک و بەرەی دەسەڵات لەلایەکیتر جا ئەم دەسەڵاتە ھەر کەس و لایەنێک بێت.

کۆمەڵگای ھۆشیار خۆی ھەڵدەستێ بە سنوردارکردنی دەسەڵات و ملکەچکردنی نەک ئەم ئەرکە بە حیزبەکان بسپێرێت ھەر خەریکی ھێنان و لادانی حیزبەکان بێت. بەڵام بێگومان بۆ ئەمە دەبێت دەستەکی دیار لە کەسایەتی ڕۆشنبیران و ئەکادیمستانی بێلایەن و بوێر بەم ئەرکە ھەڵبستن تا بزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری مەدەنی چاڵاک سەپێبخەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.