تێڕوانین بۆ چەمکی ئایین و شوێنکەوتووانی لە دیدی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمیەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 790 جار بینراوە

ئالان قارەمان شێخ بزێنی

مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی لە کتێبە بەناوبانگ و ناوازەکەیدا کە بە ” مەسنەوی” ناودارە، لەیەکێک لە ئامۆژگاریەکانیدا لەسەر چەمکی دین و تێگەشتن لێی وە شوێنکەوتووانی دەدوێت. ئەوەی کە زۆر کاریگەری لەسەرم دانا، ئەو تێگەشتن و بیر قووڵیە بوو کە حەزرەتی مەولانا بە چەند دێڕێکی کەم ئاماژە بە خاڵێکی لاوازی هەرە گرنگی شوێنکەوتووانی ئەمڕۆ دەکات کە بووەتە هۆکاری نەزانی و جەهلی سەردەم، مەولانا لە یەکێک لە پەند و ئامۆگارییەکانی بە ناونیشانی ” ئەوەی هەرزان بکردرێت، بەهەرزانیش دەفرۆشرێت”، باس لەوە دەکات کە هەر شتێک ئێمە بە خۆڕایی، یاخود بەبێ ماندووبوون و سەختی بەدەستی بهێنین، لامان شتێکی بێ بایەخە و نرخی نازانین، نموونەی بۆ دێنێتەوە وەکو منداڵێک لەسەر ڕێگاکەیدا پارچەیەک زێڕ بەبێ هیلاکی بدۆزێتەوە و ئامادەیە تەنانەت بە نانێکی بگۆڕێتەوە، چونکە نرخی نازانێت، ئەم پەیامە لە شێوەی لێکچوواندن بە ئێمەی خاوەن دین و ئایین دەگەیێنێت و دەڵێت: ” ڕاستیەکە ئەوەیە کە تۆ ئەو منداڵەی پارچە زێڕەکەت دۆزیوەتەوە، وە پارچە زێڕەکەش ئەو ئایینەیە بەبێ تێگەشتن لە باب و باپیرانتەوە بۆت بەجێماوە، حەقیقەت ئەوەیە تۆ ئەو پارچە زێڕە ئامادەکراوەت لە بێشکەکەتدا دیوەتەوە بەبێ گەڕان و هیلاک بوون بە دوایدا، هەر ئەوەش ئەو هۆکارەیە کە نرخی نازانیت”.

لێرەدا مەولانا زۆر بەجوانی پەردە لەسەر هەڵەیەکی گەورەی شوێنکەوتووانی دین و ئایینەکان دەگرێت، کە بەبێ تێگەشتن و زانین و گەڕان بە دوای بەهای دینەکەیاندا، نەزانانە ئەگەر بیانەوێ لەسەری دەدوێن و گفتوگۆی توند و بێزارکەر دەکەن، وەک ئەوەی لە ناوەڕۆکی دین تێگەشتبن و ئیدی لە هەمووان زاناترن، ئەمەش نەزانییەکی قووڵیان بۆ دروستدەکات و وادەکات وێڵ نەبن بە دوای گەوهەر و مانا و سەرچاوەی ئایین و پەیامەکانی وە کردنە پێوەری ژیانیان، بەهەمان شێوە پەنجە بۆ ئەو نەفامانەش درێژ دەکات کە ئامادەن لە پێناوی شتانێکی پووچ و کەم نرخدا، دین و ئایینیان هەرزان فرۆش بکەن و گرنگی پێ نادەن، چونکە لێی ناکۆڵنەوە و بێ نرخە لایان دوای ئەوەی لە باب و باپیرانەوە بۆیان بەجێماوە، کە ئەمەش دەقاودەق ئەو ئیمانە تەقلیدیەیە کە د.مستەفا زەڵمی لە یاداشتەکانیدا ئاماژەی پێ دەکات و جەخت دەکاتەوە لەسەر بەدواداچوون بە ناوەڕۆک و پەیامی ئاییندا و قایل نەبوون بەو زانیارییە کەم و ڕووکەشیانەی کە لەباوانەوە ماوەتەوە.

لە کۆتاییدا خودا هەمووان لە نەزانی بپارێزێت و وێڵمان بکات بە دوای جوانییەکانی ئایین و خۆشەویستی خوداییدا.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.