بەهمەن تاهیر نەریمان
تۆ کە پێت وایە ئەم جوگرافیایەی هەرێم با نەمێنێت، تا گەندەڵکاریش نەمێنن، ڕێک هەمان قسەی گەندەڵکار دەکەیت، کە پێی وایە هەرێم موڵکی ئەوە و هەر خۆی دەبێت خێروبێرەکەی حەپەلوشبکات. بەم کارەت دێیت و خاکی هەرێم و گەندەڵکار دەکەیت بە یەک و بوون و نەبوونی هەردووکیان بەیەکەوە گرێدەدەیت. ئەمە وەک ئەوە وایە تۆ بروات وابێت گەندەڵکاری سیاسی ڕەنج و خوێنی بۆ کێشانی سنووری هەرێم داوە و هەر ئەو نەخشەی هەرێمی کێشاوە. هەرێمی کوردستان؛ ڕەنجی خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکی شەهیدان و خەباتکارە شیرپاکەکانی گەلە، نەک گەندەڵ و گەندەخۆرەکان.
هەرێمی کوردستان ئێستا لەدەستێکی نائەمیندایە، کە دەستی ڕژێمە سیاسییەکەیە، کاتێک دێیت داوای ئەوە دەکەیت هەرێم بکەوێتە دەست ڕژێمە سیاسی و میلیشیا مەزهەبییەکانی ئێراق، دێیت لە دەستێکی نائەمینەوە دەی سەنیتەوە و دەی سپێریت بە دەستێکی تری نائەمین، پڕۆسەکە هیچ نییە، جگە لە دەستاودەستکردنی دزەکان، جگە لە گۆڕینی دەموچاوەکان.
تۆی هاوڵاتی ئەم هەرێمە خاوەنداری هەقیقی هەرێمیت، دەبێت هەرێم لە دەستی نائەمینی گەندەڵکار بسەنیتەوە و هەوڵبدەیت بیخەیتە دەست گەل، دەستی نەوەیەک کە بڕوای بە سیستم و بەڕێوەبردنی دیمۆکراتیانە هەیە، هیچ مەحاڵ نییە، ئەمە خەیاڵپڵاوی نییە، خەیاڵپڵاویی ئەوەیە تۆ پێت وابێت سیاسییەکەی بەغداد دێت و تۆ لە گەندەڵکار ڕزگاردەکات و وڵاتت بۆ دەکات بە شامی شەریف، لانی کەم، ئەزمونی ئێراقی مەلیکی تا ساتی پێش ڕاپەڕینمان لەبەردەستتدایە، پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن.
تۆ نەتوانیت گەندەڵکار و خاکی هەرێم لێکجودابکەیتەوە، چیت جیاوازە لە گەندەڵکار کە وەک موڵکی خۆی مامەڵە لەگەڵ سەروەت و سامانی هەرێم دەکات، وەک مەکرەمەی باوکی و شیربایی دایکی سامانی ئەو گەلە بەهەدەردەدات! تۆش کاتێک وا بیردەکەیتەوە شەریکی گەندەڵکاریت، بەخۆت بزانیت یان نا، هەمان مێنتاڵێتی گەندەڵکارت هەیە. تۆ بە گەندەڵکارت وتووە هەرێم هی تۆیە، حەزدەکەم ببێت بە موڵکی دزێکی تر کە دزە بیگانەکەیە. لەجێی ئەوە دەبێت بە گەندەڵکار بڵێیت وڵات هی گەلە، تۆ دەبێت واز لەوە بێنیت کە نیشتمان چۆربڕبکەیت و دای دۆشیت، دەبێت موڵک و ماڵی گەل بگێڕیتەوە.
گەندەڵکار وا ڕەفتاردەکات کە نیشتمان لە دڵی دا نییە، چونکە گەر لە دڵیدا بێت، ناتوانێت سەودای پێوەبکات، ئەوەی لە دڵی گەندەڵکاردایە پارەیە، بۆیە شەڕ لەگەڵ ئەوی تر دەکات، پێی وایە سەرچاوەی دزینەکەی لەدەستدەچێت. تۆ نیشتمان لە دڵتدایە، پەیوەندیی تۆ و نیشتمان پەیوەندییەکی وجودییە، پەیوەندیی بوون و نەبوونە، پەیوەندیی بوونی هەردوکاتانە بەیەکەوە، کوردی ڕەسەن و بەڕوومەت، ئەو شوێنەی تێیدا لەدایکدەبێت ناوناوە(زێد)، ڕەگی ئەم وشەیە دەچێتەوە سەر(زایین)، واتە ئەو شوێنەی تۆ تێی دا لەدایکبویت، لە بیرکردنەوەی کوردی ڕەسەندا ڕێک پەیوەندییەکە وجودیی و بایۆلۆجییە. تۆ کە لەدەستت دەبێتەوە نیشتمان هەڕاجبکەیت، بۆ ئەوی تری گەندەڵ، بەمەت دەی سەلمێنیت، پەیوەندیت لەگەڵ زێدەکەت تەنها بەرژەوەندییە و هەر کات بۆت هەڵکەوت، تۆش چویتە سەر کورسیی دەسەڵات، وەک گەندەڵکار مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت، دەی دزیت، دای دەدۆشیت، دەی فرۆشیت. بە زمانی لۆجیک قسە بکەین: پەیوەندیی تۆی ڕەسەن و نیشتمان پەیوەندیی لازم و مەلزومە، پەیوەندییەک نییە بۆ لێکهەڵوەشان و هەڕاجکردن.
لە زمانی کوردیدا؛ واتایەکی وشەی (نیشتمان) لەناو ماڵدا، بەو ژورە دەوترێت کە خێزان تێیدا کۆدەبنەوە و بەکۆمەڵ، لەسەردەمی خێزانی گەورەدا، ڕازونیازیان کردووە، وەک چۆن نیشتمانی ماڵەکەت، ئەگەر کێشەی هەبوو، نابێت بی دەیت بەدەست هاوسێکەتەوە کە هەمان کێشەی تۆی هەیە تا بۆت ڕێکبخات، بەهەمان شێوە، ناکرێت نیشتمانی گەورە، با ئاژاوەی تێدابێت، بیدەیت بەدەست ئەوی تری دراوسێتەوە، دەبێت هەر لەناوەوە چاکسازیی بکەیت و سیستم دابمەزرێنیت، ئەگینا خۆت و نیشتمانت دەدیتە دەست بازنەیەکی دووبارەوەبوو، ئاژاوە سەری ئاشتی دەخوات، برسییەتی سەری تێری دەخوات، وەک کورد، هەمیشە کەرامەتت پارێزراونییە.
ئێستاشی لەگەڵ بێت، گەندەڵکاران، ئەگەر مەستیی دۆلار ئەقڵی بەتەواوەتی لەکارنەخستبن، نەچووە بچێ، دەتوانن دەستببەن بۆ ئەو ملیارەها دۆلارەی دزیویانە وهەرێم بگەییەننە کەناری ئارام، لەبەر خاتری خەڵک و هەرێم نا، چونکە هەرێم لە دڵیاندا نەماوە، لەبەرخاتری خۆیان و نەوەکانیان، ئاخر کە خەڵکی هەرێم وای لێهات، ئەمان بگۆڕێتەوە بە گەندەکارانی بەغداد، سبەی هەرێم لەدەستچوو، ئەمان پارێزگاری سلێمانی و هەولێریشیان پێ ڕەوا نابینن، دواتر شوێن سامانەکشیان دەکەون، لە هەر کونێکی خۆیانا پارەکەیان شاردبێتەوە، دەستی پیادەکەن و دەریان دێنن، تۆش ئەی هاونیشتمانیی دەبێت، لە سەرا و شێخەڵا، بەدیار ڕەسمی ئایەتوڵاکانەوە، هەر سرودی (خوایە وەتەن ئاواکەی!)، لە نیشتمانێکی کاولدا بڵێیتەوە.